كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
د. ڤیان سلێمان 21/10/2021

رۆڵی ئافرەت لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا بەرزە

سیستەمی کۆتا وەک گەرەنتییەک بۆ بەشداریی ئافرەت لە کایەی سیاسی و ئیداریدا پێڕەو دەکرێ، ئەمەش لەبەرئەوەی، کە بە هۆکاری مێژوویی، کولتووری و کۆمەڵایەتی ئاستەنگ و ڕێگریی جۆراوجۆر لەپێش بەشداریی ئافرەت لە بواری گشتیدا هەیە و ئافرەتان هاوتای پیاوان دەرفەت لەپێشیاندا کراوە نییە و لە هەڵبژاردنەکاندا هەمان زەمینەی بانگەشە و خۆناساندنیان بۆ ناڕەخسێ و تێگەیشتنی کۆمەڵگەش نەک هەر لەو ئاستەدا نییە، کە بڕوا بە توانای ئافرەت بکات و وەک نوێنەری خۆی پەسەندی بکات، بەڵکو تێڕوانینی کۆمەڵایەتی بۆ توانای کەسەکان، بۆ سەرکردایەتی و بەڕێوەبەرایەتی لە ڕوانگەی تەسکی ڕەگەزییەوەیە، ئەو تێڕوانینەش نەک هەر لە وڵاتە نەریتییەکاندا، بەڵکو لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش کاریگەریی ماوە.

لە وای پرۆسەی ئازادیی عێراق، سیستەمی کۆتا بە ڕێژەی 25% بۆ بەشداریی ئافرەت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنە شارەوانییەکان جێگیر کرا و لە هەرێمی کوردستانیش ڕێژەی 30% ئەندامێتیی پەرلەمان و ئەنجومەنەکانی شارەوانی بۆ ئافرەت، بەپێی سیستەمی کۆتا مسۆگەر کراوە.

لەدوایین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو، ئافرەتان 14 کورسی زیاتریان لەو ڕێژەیەی کە بە سیستەمی کۆتا بۆ ئافرەت دەستنیشان کراوە، بەدەست هێنا و لەو 83 بازنەی هەڵبژاردنە 97 کورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی، کە بەپێی ئەنجامەکان 57 کاندیدیان بە دەنگی خۆیان و بە بێ کۆتا گەیشتوونەتە پەرلەمان، کە بۆ چاودێران جێی سەرنج و هاوکات خاڵێکی گەشی پرۆسەکەشە.

ئەوەی ئێمە وەک ئافرەتانی پارتی دیموکراتی کوردستان دڵخۆش دەکات، پارتی لەنێو هەموو حزبەکانی دیکەی بەشداربووی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زۆرترین ئافرەتی ناردە پەرلەمانی عێراق. لەم هەڵبژاردنەدا، پارتی 17 ئافرەتی لە بازنە جیاوازەکان بەربژێر کرد و لەو ژمارەیەش 11 بەربژێر سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، بەوپێیەش ئافرەتان ڕێژەی 33% ئەندامانی فراکسیونی پارتی پێک دەهێنن، هەروەها 5 بەربژێر بە دەنگی خۆیان و بەبێ سوودمەندبوون لە سیستەمی کۆتا، ئەندامێتیی پەرلەمانیان مسۆگەر کرد. سەرجەم ئەو 17 بەربژێرەی ئافرەتی پارتی، 206582 دەنگی دەنگدەرانی پارتییان بەدەست هێنا. بەو پێیەش ڕێژەی 26%ی جەماوەر، یاخود دەنگدەری پارتی و کوردستانی، دەنگیان بە کاندیدە ئافرەتەکان داوە و متمانەیان پێ کردوون و وەک نوێنەری خۆیان لەو دامەزراوە گرنگ و باڵایە پەسەندیان کردوون.

لەکاتێکدا، ئەو ڕێژەیە لە ئاست خواستەکانی ئێمە نییە و چاومان لەوە زیاتر بوو، بەڵام بەپێی سیستەمی بازنەیی، کە لەم هەڵبژاردنەدا پێڕەو کرا، هەروەها بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر؛ لە ڕووی بەربژێرکردنی زۆرترین ئافرەت و لە ڕووی سەرکەوتن بەبێ سوودمەندبوون لە پشکی ڕەگەزی دیاریکراو بەپێی سیستەمی کۆتا، هەروەها لە ڕووی بەدەستهێنانی متمانەی دەنگدەر، هاوکات لە ڕووی ڕێژەی ئافرەت لە فراکسیونی پارتی، دەتوانین بڵێین، پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدی هاتووە و ئافرەت لە پارتیدا پێشەنگ و خاوەن پێگەی سەرکردەیە، هاوکات دەنگدەری پارتی بڕوای بە توانای ئافرەت و گرنگیی بەشداریی لە کایەی سیاسی و دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێریکردندا هەیە.
ئەم ئەنجامە و بەتایبەت سەرکەوتنی ئەو ژمارە بەربژێرە بە دەنگی خۆیان، ڕۆڵی دەبێت لە متمانە دروستکردن بۆ ئافرەتان لە خولەکانی دیکەی هەڵبژاردن، کە زیاتر متمانەیان بە خۆیان هەبێ و کەمتر پشت بە سیستەمی کۆتا ببەستن، بەڵکو بەتەواوی بڕوابەخۆبوونەوە بچنە نێو ململانێ لەگەڵ ڕەگەزی بەرامبەر، بۆ بردنەوەی متمانەی دەنگدەر. ئەوانەیش، کە سەرکەوتوون و دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، هەموو وزەی خۆیان بخەنە گەڕ، بۆ دروستکردنی ئەو بڕوایەی، کە ئافرەتان توانایان بۆ سەرکردایەتی و ناوەندی بڕیار، ئەگەر لە پیاو زیاتر نەبێت، کەمتر نییە، بەگشتی، بە تواناکانیان بەرەنگاری ئەو عەقڵییەتە ببنەوە، کە بڕوای بە توانای ئافرەت و سەرکەوتنی لە ناوەندی بڕیاردا نییە.

دڵخۆشم، کە پارتەکەمان پارتێکی پێشکەوتووخوازە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر هەوڵ دەدات بۆ کەمبوونەوەی کاریگەریی هزری پیاوسالاری و داب و نەریت بەسەر بەرنامەی سیاسیی حزب و ستراتیژی بۆ ئایندەی وڵات و کۆمەڵگە، متمانەم زۆرە، کە حزبەکەمان پێشەنگ دەبێت لە گۆڕینی عەقڵییەتی باوکسالاری و نەریتگەرایی، کە بەدرێژایی مێژوو کاری بۆ ئەوە کردووە ئەو بڕوایە بەهێز بکات، کە ئافرەت لە ڕووی عەقڵی و جەستەییەوە هاوتای پیاو نییە، هیوادارم لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا، چەندین هەنگاوی دیکە بەرەو بڕوابوون بە ڕۆڵی هاوبەش و یەکسانیی ئافرەت لە جومگەکانی بڕیار و دەسەڵات و چەسپاندنی پێگەی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسی بەرەوپێش بچین.