بەشوودانی کچانی هەرزەکار لە عێراق بووە بە دیاردە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەشوودانی کچانی هەرزەکار لە عێراق بووە بە دیاردە

''لە 10 هاوسەرگیری، سێیان کچی هەرزەکارن''

یەکێ لەو گرفتە کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگای عێراقی بە دەستییەوە گیرۆدەیە، بەشوودانی کچانی خوار تەمەن 18 ساڵییە، بەتایبەت لە گوندەکان، کە لەم ساڵانەی دواییدا ڕێژەیان لە زۆربەی شار و پارێزگاکانیش زیاد بووە.

  توێژەر و پسپۆڕانی بواری کێشە کۆمەڵایەتییەکان پێیان وایە، ئەو دیاردەیە کاریگەریی نەرێنی لێ کەوتووەتەوە، گرنگترینیشیان ئەوەیە کە ئەو کچانە لە قۆناغی منداڵی و هەرزەکاریی خۆیان بێبەش دەبن و دەکەونە ناو خێزانداری و بەرپرسیارێتییان بە ملدا دێت کە هێشتا هیچ لەبارەی ئەرک و بەرپرسیاریی خێزاندارییەوە نازانن. هەروەها بێبەش دەبن لە خوێندن و ناچار دەکرێن سکپڕ ببن و هاوشێوەی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی دەوروبەریان، نەوە بخەنەوە.

داب و نەریتەکان و هەژاری.. هۆکاری زووبەشوودانی کچان لە عێراق

فاتمە ئەسەدی، چالاکی بواری مافەکانی ئافرەتان، لەم بارەیەوە بۆ (باسنیوز) دەڵێت: ”داب و نەریتەکان لە زۆرینەی کۆمەڵگاکان جودا ناکرێنەوە، بەجۆرێک کە بەشوودانی کچانی تەمەن منداڵ و هەرزەکار بووە بە بەشێک لە دابونەریتیان، سەرەڕای کێماسی و خراپییەکانی ئەو هاوسەرگیرییە، کەچی هێشتا خەڵک هەر لەسەری بەردەوامن و ناتوانرێ وا بەئاسانی باوەڕیان پێ بهێنرێ، کە وازی لێ بهێنن''.

ئەسەدی ئاماژە بەوەش دەکات: ''لەو هۆکارە گرنگانەی وا لە خێزانەکان دەکات کچە منداڵ و هەرزەکارەکانیان بەشوو بدەن، هەژاری و سەختیی باری ژیانی ڕۆژانەیانە، بە جۆرێک لە هەندێ شوێن، هەژاری وا لە باوکان دەکات، کچەکانیان بەشوو بدەن، بۆ ئەوەی کەمێک لە بارگرانیی خەرجییەکانیان لەسەر کەم ببێتەوە، تەنانەت هی وا هەیە لە ڕێی هاوسەرگیرییەوە کچەکانیان دەفرۆشن، جا چ بۆ دانەوەی قەرزەکانی سەریان بێت، یان بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە و باشتربوونی دۆخی ژیانیان بێت''.

ئەو چالاکەی مافی ژنان جەخت دەکاتەوە: ''ساڵانە 15 ملیۆن کچی خوار تەمەن 18 ساڵی لە سەرانسەری جیهان بەشوو دەدرێن، بەو هاوسەرگیرییەشیان، بێبەش دەبن لە تەواوی مافە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و خوێندن و دڵنیایی، چونکە ئەوان هێشتا لەو تەمەنەدا ئامادە نین ببن بە هاوسەر و دایک و بەرپرسیاری هەڵبگرن، هەروەها سکپڕیی ئەو هەرزەکارانەی تەمەنیان لە نێوان 15- 19 ساڵیدایە، لە کاتی منداڵبوون و دوای منداڵبوونیش لێکەوتەی خراپی بۆ سەریان دەبێت، چونکە هێشتا ئەندامەکانی لاشەیان بەتەواوی گەشەیان نەکردووە و پێ نەگەیشتوون، بۆیە لە کاتی منداڵبووندا تووشی سەختی و فشاری دەروونیی دەبنەوە''.

ئەسەدی پێی وایە: ''پرۆسەی هاوسەرگیری بەڵێننامەیەکی یاساییە و پێویستە تەنیا کەسانی پێگەیشتوو بیبەستن، چونکە مەترسییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە ڕوون و دیارن، هەر لە کێشەی تەندروستی، تا شێوازی توندوتیژی، بەهۆی ئاستی نزمی هۆشیاری سەبارەت بە مافەکانیان. چارەسەرییەکەش زۆر ئاسانە، تەنیا ئەوەیە کە ئەو هاوسەرگیرییە ڕەت بکەنەوە، ئەویش لە ڕێی هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوە خێرخوازییەکان و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە لەلایەن حکوومەت و ڕێکخراوەکان و کەسایەتییەکان بەڕێوە بچێت کە کار بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە دەکەن، هەروەها دانانی یاسای نوێ کە هاوسەرگیریی پێشوەختە لەسەر منداڵ و هەرزەکاران قەدەغە بکات، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی ئەو دیاردەیە بنبڕ بکرێت''.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، هاوسەرگیریی پێشوەختە، تواناکانی ئافرەتان ئەکوژێ، بەهۆی ئەوەی واز لە خوێندن دەهێنێ و دەکەوێتە ناو بەرپرسیاریی خێزان و منداڵ.

ئەو هاوسەرگیرییە لە کۆمەڵگە و گوندەکان بە بەربڵاوی دەکرێت

بەپێی سەرژمێرییەکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لە هەر 10 ئافرەت، کە لە دادگاکان هاوسەرگیریی دەکەن، سێیان منداڵ و هەرزەکارن، ئەمانە زیاتر لە کۆمەڵگاکانی نیشتەجێبوون و گوندەکانن، پارێزگای میسانیش پێشەنگی ئەو شارانەیە کە بەشوودانی کچی هەرزەکاری تێدا تۆمار کراوە و دوای ئەویش پارێزگای مووسڵ دێت.

یاسای عێراقی بەفەرمی هاوسەرگیریی کچانی هەرزەکاری قەدەغە کردووە، بەڵام ڕێگریشی لێ ناکات، ئەگەر بە ڕەزامەندی و ئامادەبوونی باوکی کچەکەوە بکرێت.

هیمان ڕەمزی، سەرۆکی ڕێکخراوی (تولای) بۆ بەرگری لە مافەکانی ئافرەتی تورکمان، بە (باسنیوز)ی گوت: ''ساڵانی ڕابردوو ئەوەیان دەرخست کە نزیکبوونەوەیەک لە بیر و تێگەیشتنی خەڵکی گوندەکان و شارەکان سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختەی کچەکانیان دروست بووە، ئەویش بەهۆی شەڕ و کوشتار و هەژاری و ئاوارەیی و نەبوونی یاسایەک، کە لە دادگا شەرعییەکان پارێزگاری لە کچانی هەرزەکار بکات لە بەرانبەر زووبەشوودانیاندا''.

یاسای عێراقی سزا بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێنێت کە لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیری لەگەڵ کچانی خوار تەمەنی 15 ساڵیدا دەکەن، سزاکەش بریتییە لە شەش مانگ بەندکردن، یان سزای ماددی بە بڕی 200 هەزار تا یەک ملیۆن دیناری عێراقی. پسپۆڕانی بواری یاساش پێیان وایە، ئەم سزایانە بەس نین بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لەو خێزانانەی دەیانەوێت کوڕ و کچەکانیان لە تەمەنی هەرزەکاریدا بچنە ناو پرۆسەی هاوسەرگیری، لە هەمان کاتدا مافی کچەکەش دەفەوتێ، ئەگەر هات و بەر لە تەمەنی یاسایی هاوسەرگیری، تەڵاق درا.