گۆهدار شێخۆ: هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی زاخۆ بە وەزارەتەکانی حکوومەتەوە گرێ دران
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

گۆهدار شێخۆ: هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی زاخۆ بە وەزارەتەکانی حکوومەتەوە گرێ دران

دوای ئەوەی کە لە ئێدارەی سەربەخۆی زاخۆ ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕاگەیاندرا، سەرپەرستی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاشکرای کرد کە ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی نەبوونە گشتییش ڕاستەوخۆ بە وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرێ دراون.

گۆهدار شێخۆ، سەرپەرستی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ''چەند ساڵ لەمەوبەر سەرۆک بارزانی بەڵێنی بە خەڵکی زاخۆ دابوو کە ئەو شارە ببێتە ئێدارەی سەربەخۆ و بە دڵخۆشییەوە ئەو بەڵێنە لەسەر دەستی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا. دیارە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەتوانێت ژمارەیەک خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکی زاخۆ بکات، چونکە ڕۆژانە سەدان کەس بۆ جێبەجێکردنی مامەڵەکانی خۆیان دەچوونە دهۆک، ئێستا هەموو کاروبارەکانیان لە زاخۆ جێبەجێ دەبێت و ئەمە کارئاسانییە بۆ خەڵکی ئێمە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت ژمارەیەک خزمەتگوزاری پێشکەش بە خەڵکی زاخۆ بکات''.

سەرپەرستی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕوونیشی کردەوە، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە دوو قەزا پێک دێت کە بریتین لە قەزای ناوەندیی زاخۆ و قەزای باتیفا کە پێشتر ناحیە بوو، بەڵام بڕیاری بەقەزاکردنی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرکرا، بەم شێوەیە دوو کۆمەڵگەی بێگۆڤا و ئاڤگه‌نیش دەبنە ناحیە و ژمارەیەک بەڕێوەبەری گشتی لە زاخۆ ڕاگەیاندراوە و ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەشی کە نەبوونەتە گشتی، ڕاستەوخۆ بە وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرێ دراون.

گۆهدار شێخۆ گوتیشی: ''ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆ هەر پرۆژەیەکی بخرێتە خزمەت خەڵکی زاخۆوە بودجەی تایبەتی دەبێت، ئامانجی ئێمەش ئەوەیە کە کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری و بازرگانیی دەڤەرەکە دەوڵەمەند بکەین و پلانمان هەیە بۆ کارکردن لەسەر ئەو کەرتانە و جێبەجێی دەکەین''.

سەرپەرستی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جەختی لەوەش کردەوە کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پشتیوانیی خەڵکی زاخۆ و بەڵێنی داوە بە هەموو تواناوە خزمەتی خەڵکی زاخۆ بکرێت.