كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دووەمین فێستیڤاڵی ئەدەبیی مەم و زین لە هەولێر بەڕێوە چوو

"ڕۆماننووسی کورد، جان دۆست خەڵات کرا"

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر لە هۆڵی ڕۆشنبیری و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە نووسەر و ڕۆشنبیرانی کورد دووەمین فێستیڤاڵی ئەدەبیی خۆی بەڕێوە برد و خەڵاتی ساڵی 2021ی فێستیڤاڵەکە بەخشرایە جان دۆست نووسەر و ڕۆماننووسی کورد.

لە فێستیڤاڵەکەدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیر و هونەری هەولێر ئامادە بوون.

فێستیڤاڵەکە بە گەشتێک بەناو میوزیکی کوردی لەلایەن گرووپی میوزیکی ڕیتمی هەولێر دەستی پێکرد.

پاشان پانێلێک لەبارەی ڕەوشی ئەدەبی کوردستان بە بەشداریی د. حەمە مەنتک نووسەر و لێکۆڵەر لە باشووری کوردستان، شەریف فەلاح نووسەر و لێکۆڵەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خالید جەمیل، نووسەر و توێژەر لە ڕۆژئاوای کوردستان بەڕیوە چوو کە فەرهاد چۆمانی نووسەر و وەرگێڕ بەڕێوەبەری پانێلەکە بوو، لەو پانێلەدا هەرکام لەو نووسەران تیشکیان خستە سەر ڕەوشی ئێستای زمان و ئەدەبی کوردی لەو پارچانەی کوردستان و چەند کێشە و گرفتێکی بەردەم ئەدەبی کوردییان خستە ڕوو.

دواتر لەلایەن ئازاد جوندیانی نووسەر و سیاسەتڤان خەڵاتی ڕێزلێنانی ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین بەسەر بەشداربوانی پانێلەکەدا دابەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەی فێستیڤاڵەکەدا د. سالار عوسمان بریکاری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا وێڕای بەرزنرخاندنی فێستیڤاڵەکە ڕایگەیاند وەک وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەوڵداین لەمەودوا بە جدی ئاوڕ لە کێشە و گرفتی ناوەندە کولتووری و دەزگاکانی چاپ و وەشان بدەینەوە و بێگومان هەموویان بەسەر دەکەینەوە و ڕێکخستنی ئەمجۆرە چالاکییانە پێویستیی ڕەوشی ئەمڕۆی کوردستانن.

پاشان خەڵاتی ساڵانە و تایبەتیی فێستیڤاڵی ئەدەبیی مەم و زین بەخشرایە جان دۆست نووسەر و ڕۆماننووسی ناسراوی کورد لە بەرانبەردا جان دۆست لە گوتەیەکدا سپاسی ڕێکخەرانی فێستیڤالەکەی کرد و گوتی وەرگرتنی خەڵات لەلایەن نەتەوەکەمەوە بۆ من فەخر و شانازییە.

لە بڕگەی کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا لەلایەنیاران هیوا بەڕێوەبەری ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین-ەوە وێڕای سپاسی ئامادەبوان و بەشدارانی فێستیڤاڵەکە کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکییە فەرهەنگی و ئەدەبییەکانی ناوەندەکەیانی خستە ڕوو.