دوای ھۆشیار زێباری، لە كابینەكەی عەبادیدا چی ڕووی داوە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 20/10/2021

دوای ھۆشیار زێباری، لە كابینەكەی عەبادیدا چی ڕووی داوە؟

بەشی دووەم

لەم بەشەی ئەم وتارەدا، دێمە سەر خستنەڕووی زانیارییەكی تری ناو كابینە حكوومیەكەی ئەو عەبادیەی كە لە چوارەمین ساڵوەگەڕی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەردا چۆن وەك پیاوێكی دەوڵەتمەدار خۆی نیشان دەدات و ناماقووڵی بەرامبەر بە كورد دەكات و عەنتەرییاتی چەسپاندنی یاسا و پابەندبوون بە یاسا بەسەر كورددا دەكات! كەچی ئەوپەڕی گاڵتەكردن بە یاسا و بەڕێوەبردنی داوودەزگاكانی دەوڵەت لە پەنا سەری خۆی و بە ڕەزامەندیی خۆی ڕوو دەدات.

جا ھەر حەسەن جەنابی كە لە كابینەكەی حەیدەر عەبادیدا وەزیری سەرچاوەكانی ئاو بووە، لە كتێبەكەی خۆیدا (الدولة العقيمة) واتە دەوڵەتی نەزۆك یان زڕدەوڵەت، دەڵێت: ”ھۆشیار زێباری كە وەزیری دارایی بوو، سەرەڕای ئەوەی وەزیرێكی بەھێز بوو، بەڵام ھەر بەتەنیا وەزیرێك نەبوو لەناو حكوومەتی عێراقدا و ئیتر تەواو، بەڵكوو ھۆشیار زێباری ھێما یان سیمبولی شەراكەتی سیاسی بوو لەناو سیستەمی سیاسیی عێراقدا، كەچی عەبادی زۆری پێخۆش بوو كە لە ھۆشیار زێباری ڕزگاری بووە!

حەسەن جەنابی دەشڵێت: ”لە كاتی نووسینی ئەم پەرەگرافەی كتێبەكەمدا، پەیوەندییم بە ھۆشیار زێباری كرد بۆ ئەوەی بزانم ڕای ئەو چیە“، ھۆشیار زێبارییش گوتی: ”لەسەر ناوەڕۆكەكەی ڕازیم“، واتە ھۆشیار زێباری خۆیشی ھەمان ھەستی ھەبووە كە (عەبادی حەزی كردووە ڕزگاری بێت لێی!).

جا با بزانین دوای نەمانی ھۆشیار زێباری چ گاڵتەجاڕییەك لەناو وەزارەتی دارایی عێراقدا ڕووی داوە؟ حەسەن جەنابی دەڵێت: ”بۆ ئەوەی خۆیان بەتەواوی دەست بەسەر وەزارەتی داراییدا بگرن! دوای ھۆشیار زێباری كە لەدوای ساڵی 2003-وە یەكێك بوو لە ھەڵۆكانی عێراق، ئنجا عەبدولڕەزاق عیسا دوای دوو مانگ لە دەستبەكاربوونی وەك وەزیری دارایی بەوەكالەت، لەبەر سەفقە ناڕوون و تەمومژاویەكانی ناو وەزارەتی دارایی، تووڕە و بێتاقەت بوو داوای لە عەبادی كرد لە ئەركی وەزیری دارایی بەوەكالەت بیبەخشێت، عەبادییش ڕازی بو، ئیتر خۆی كرد بە وەزیری دارایی! (ماھر جۆھان)یشی كرد بە بریكاری وەزارەتی دارایی بە وەكالەت، كە لە ھەمان كاتیشدا ماھر جۆھان بریكاری وەزارەتی پلان دانانیش بوو، ماھر جۆھانیش كەسێك بوو ھیچ خەسڵەتێكی سەركردەی تیا نەبوو، ئەو زیاتر حەزی لە گۆشەگیری بوو نەك تەحەمولكرنی بەرپرسیارێتی“.

ئینجا حەسەن جەنابی دێتە سەر گاڵتەجاڕییەكانی بەرێوەبردنی وەزارەتی دارایی و دەڵێت: ”ماھر جۆھان بە سیفەتی ئەوەی بریكاری وەزارەتی پلاندانیش بوو، بە ئیمزای خۆی نووسراوی فەرمیی دەكرد بۆ وەزارەتی دارایی كە ھەر خۆی بریكاری وەزارەتی داراییش بوو، ئنجا ھەر خۆی لە وەزارەتی دارایی و دیسان ھەر بە ئیمزای خۆی، وەڵامی ئەو نووسراوانەی دەدایەوە و دەیناردەوە بۆ خۆی لە وەزارەتی پلان دانان و لەسەری دەنووسی (ناڕازیم، ئەم نووسراوە چیە كردووتە ئەی نەمانگوت ئەمە ناكرێت!) واتە ماھر جۆھان لە وەزارەتی پلان دانان نووسراوی ئاراستەی خۆی دەكرد لە وەزارەتی دارایی و ھەر خۆیشی لە وەزارەتی داراییەوە وەڵامی خۆی دەدایەوە و دەیناردەوە بۆ خۆی لە وەزارەتی پلان دانان و دەیگوت نەخێر ئەم ئیشە ناكرێت و ڕازی نیم ئەم نووسراوە چیە ناردووتە؟“، ھھھھھھە جا دوای ھۆشیار زێباری ئا ئەمە بارودۆخی وەزارەتی دارایی ناو كابینە حكوومیەكەی حەیدەر عەبادی بووە. دە ئنجا بێزەحمەت تۆزێكی تر لەگەڵمدا بن و وردتر سەرنج بدەن:

1- بۆچی عەبادی حەزی كردووە ھۆشیار زێباری لە وەزارەتی دارایی نەمێنێت؟
2- بۆچی كە عەبدولڕەزاق عیسا دوای ھۆشیار زێباری دەكرێت بە وەزیری دارایی بەوەكالەت، بەڵام دوای دوو مانگ لە دەستبەكاربوونی تووڕە و بێتاقەت دەبێت و داوا لە عەبادی دەكات لەو ئەركە بیبەخشێت و حەسەن جەنابییش لە كتێبەكەیدا دەڵێت ئەو داوایە لەبەر مامەڵە و سەفقە ناڕوون و تەمومژاوییەكانی وەزارەتی دارایی بووە؟ ئایا مامەڵە و سەفقەی ناڕوون و تەمومژاوی و لە وەزارەتی داراییش بێت، ئا ئەمە ناكاتە دزی و گەندەڵی و بەھەدەردانی پارە؟
3- بۆچی عەبادی دوای عەبدولڕەزاق عیسا خۆی كرد بە وەزیری دارایی، واتە وەزارەتی مامەڵە و سەفقە ناڕوون و تەمومژاوییەكان؟

4- ئنجا بۆچی حەیدەر عەبادی ھاتووە كەسێكی لاوازی وەك ماھر جۆھانی كردووە بە بریكاری وەزارەتی دارایی كە ھیچ خەسڵەتێكی سەركردەیی تیا نەبووە لە كاتێكدا ھەر ئەم ماھیر جۆھانە بریكاری وەزارەتی پلاندانانیش بووە؟ ئایا ئەمەش ھەر بۆ سەفقە و دزی و فزی و گەندەڵی و بەھەدەردانی پارە نەبووە لەناو وەزارەتی دارایی كە: عەبادی خۆی سەرۆك وەزیران بێت، وەزیری دارایی بێت، كەسێكی لاواز و ناسەركردەش بكات بە بریكاری وەزارەتی دارایی؟

ئایا كەسی لاواز و كەسێك كە ھیچ خەسڵەتێكی سەركردەی تیا نەبێت و ئەوەندە گاڵتەجاڕ بێت، خۆی نووسراو بۆ خۆی بكات و ھەر خۆی وەڵامی نووسراوی خۆی بداتەوە و بە خۆی بڵێت نەخێر ڕازی نیم و ئەم نووسراوە چیە كردووتە؟ ئایا ئەم جۆرە كەسانە بۆ ئەوە دەبن كە دژایەتیی گەندەڵی بكەن و بەر بە دزی و بەھەدەردانی پارە بگرن، یان فیعلەن دزی و سەفقەی ناڕوون و مامەڵەی تەمومژاوی و گەندەڵیكردن، پێویستی بەم جۆرە كەسە لاواز و بێشەخسیەتانە ھەیە و عەبادییش حەزی لەم جۆرە كەسانە كردووە؟ ئێ دە فەرموو ئێستا ھەر ئەم عەبادییەیە، كە لە چوارەمین ساڵوەگەڕی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەردا دێت و لە بەرامبەر كورددا ناماقوزڵی دەكات و دەیەوێت وانەی دەوڵەتمەداری و چەسپاندنی یاسا و دژایەتیكردنی گەندەڵی بە كورد بڵێتەوە! ئوستازی تاكڕەوی، ئوستازی گەڵتەجاڕی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتی نەزۆك و زڕدەوڵەت، دەیەوێت كورد فێری یاسا و چەسپاندنی یاسا و دەوڵەتمەداری بكات!