دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و تەگەرەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
وژار فهری 20/10/2021

دەرەنجامەکانی هەڵبژاردن و تەگەرەکانی بەردەم پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق

وەک هەمیشە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق مشتومڕ و نیگەرانیی سیاسیی لێکەوتەوە و هەندێک لایەن پێشوازی و پشتگیری لە دەرەنجامەکان دەکەن و پێی رازین، هەندێک لایەنی دیکەیش ئەنجامەکان رەتدەکەنەوە.
ئەوەی جێی سەرنجە، دەربارەی دەستکاریکردنی دەنگەکان کەمترین قسەوباس لەسەر هەرێمی کوردستان کراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات، کە پاکترین هەڵبژاردن بووە لەدوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥.

لەدوای ئەم هەڵبژاردنەدا، سەختە چوارچێوەی سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا بێت، رەنگە ئەمە سەرەتایەک بێت بۆ گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستەمی سیاسیی عێراق، بەڵام بۆ ئێستا سەختە. دەتوانین ئاماژە بەوە بدەین، کە تەنیا ژمارەی کورسییەکان گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە، هەرچەند ئەم گۆڕانکارییە زۆر گرنگە، بەڵام بۆ ئێستا کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت، بەڵکو کاریگەرییەکانی لە دوورمەودا بە دیار دەکەون.

ئەو خاڵانەی پارتی، رەوتی سەدر، تەقەدومیان کردە براوەی هەڵبژاردن

هەندێک لایەنی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان رەوتی سەدر، تەقەدوم (محەمەد حەلبووسی)، بە سەرکەوتووی ئەم هەڵبژاردنە دێنە هەژمار. هەندێک لایەنی سیاسیی بەهێزی شیعەیش تووشی شکست هاتوون. یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی ئەو لایانانەی سەرەوە، دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندییان بە جەماوەری خۆیان، بە جۆرێک، کە تەقەدوم توانیبووی جەماوەرێکی زۆری عەرەبی سوننی بۆ خۆی رابکێشێت، هەروەها (محەمەد حەلبووسی) توانیی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری پێشکەش بە ناوچەی عەرەبە سوننەکان بکات، کە ئەمە بووە هاندەرێکی گرنگ بۆ کۆکردنەوەی دەنگەکانی ئەو ناوچەیە بۆ ئەو لایەنە.

(موقتەدا سەدر) كەسێكە لەگەڵ ڕووداوەكانی رۆژ بە خواستی خەڵك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، هەڵوێست نیشان دەدات، هەرچەندە ئەم شێوازەش زۆر پەسەند نەبێت، بەڵام وایكردووە كە لە لایەن خەڵكەوە قەبوڵكراو بێت.

هەرچی زیادبوونی دەنگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، دەگەڕێتەوە بۆ چەندین هۆکار، وەک: پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە بابەتی نەتەوایەتی و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بودجە و مووچەی هاووڵاتییانی بە مەرجی بەشداریکردن لە حکوومەتی عێراق داناوە، هەروەها هێز و دیسپلین و مەرکەزیەتێکی بەهێز لە پارتی دیموکراتی کوردستاندا هەیە، کە وادەکەن پارتی هەمیشە بەهێز بمێنێتەوە. جگە لە ڕۆڵی بەهێزی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بە چاكسازییەكانی و پڕۆژە ستراتیژییەكانی و ئەو بە یەك چاو سەیركردنەی هەموو ناوچەكانی كوردستان، وایكرد دەنگەكانی پارتی زیاتر بێت.

یەکدەنگیی کورد مەرجی بەهێزی وەدەستهاتنی داخوازییەکانە

ئەو هێزانەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨دا سەرکەوتنیان بەدەست هێنابوو، ئەمجارە نەیانتوانی هەمان سەرکەوتن بەدەست بهێننەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، لەوانە: هێزە توندڕەوەکانی عەرەبی شیعە توانییان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەویش بەهۆی بانگەشەی سەرکەوتن بەسەر داعشدا، هەروەها بەهۆی دژایەتیکردنیان بۆ هێزەکانی ئەمریکا لەناو خاکی عێراقدا، بەڵام ئێستا داعش وەک هێزێکی گەورە نەماوە، کە ببێتە هۆی کۆکردنەوەی دەنگ بۆ هێزە چەکدارەکانی عەرەبی شیعە، هەروەها بڕیار وایە هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکاش عێراق بەجێبهێڵن، لە هەمووشی گرنگتر، نەمانی (قاسم سولەیمانی)، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، کەلێنەیەکی گەورەی لەنێو ماڵی عەرەبی شیعە دروست کردووە. لە ساڵی ٢٠١٨دا لە کاتی روودانی هەر کێشەیەکی ناوخۆیی عرەبە شیعەکاندا، (قاسم سولەیمانی) نێودەندگیریی دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو نەماوە تا وەک چەترێک کۆیان بکاتەوە، ئەمە و چەندین هۆکاری تر کاریگەرییان هەبوو لەسەر کەمکردنەوەی دەنگی لایەنە عەرەبە شیعەکان.

وەک پێشبینی دەکرێت، حکوومەتی نوێی عێراق لە کاتێکی نزیکدا پێک نەهێنرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناکۆکییە قووڵەی لەنێو لایەنە عەرەبە شیعەکان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردندا هەیە. ئاشکرایە، کە دەستتێوەردانی دەرەکی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێران و ئیمارات لەنێو عێراق و پرۆسەی سیاسیدا هەیە، ئەمانە هەموویان دەبنە هۆی ئەوەی، کە پێکهێنانی حکوومەت درەنگ بکەوێت.

ئەوەی بۆ کورد گرنگە ئەوەیە، کە نەبێتە بەشێک لە ململانێی ناوچەیی و سیاسیی ناوخۆی عێراق، پێویستە وەک هەمیشە، کورد بە یەکدەنگ بچێتە بەغدا و وەک میوان سەیری بەغدا نەکات، هەرێمی کوردستان وەکچۆن ئەرکی بەسەردا دەسەپێنرێت، پێویستە بەوجۆرەش مافی راستەقینەی پێ بدرێت. هەبوونی بەشدارییەکی سیاسیی کارای هەموو لایەنەکانی حکوومەتی نوێی عێراقیش، مەرجی سەرکەوتنی ئەو حکوومەتە دەبێت لەداهاتوودا.