هۆشداری لە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی حوسییەکان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

هۆشداری لە دووبارەکردنەوەی ئەزموونی حوسییەکان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەدرێت

دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، کە دوچاری شکستێکی گەورە هاتوون، بەبیانووی پاراستنی دەنگی دەنگدەران، هەڕەشەی دەستگرتن بەسەر پرۆسەی سیاسی بە زەبری چەک، دەکەن.

ئەو هەڵبژاردنەی عێراق پێشهاتێکی نوێی بوو، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بەجۆرێک تووشی شۆک و شکان بوون، کە هاوپەیمانییەکەیان (هاوپەیمانیی فەتح)، کە بە باڵی سیاسیی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی سەر بە ئێران دادەنرێ، 32 لە کورسی لە کۆی 48 کورسیی هەڵبژاردنی ساڵی 2018ی لەدەست دا و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، کە شەقامی عێراقی ئەو میلیشیایانەی رەت کردووەتەوە.

هاوپەیمانییەکەی حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک گرووپی مەزهەبیی توندڕەو پێکهاتووە، چاوی لە بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ و دروستکردنی حکوومەتی نوێی عێراق بوو، بەڵام ئەنجامەکان تووشی شۆکی کردن بەوەی تەنیا 16 کورسییان بەدەست هێنا.

ئەم دەنگدانە سزادانێکی بەکۆمەڵی میلیشیاکانی نزیک لە ئێران بوو

شارەزایەکی عێراقی بۆ کاروباری میلیشیا چەکدارەکان روونی کردەوە، ئەم دەنگدانە سزادانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوو، بەهۆی ئەو کردەوانەی ئەنجامیان دەدا، ئەو بڕیارە دەستوورییەش، کە رێی نەدا میلیشیا چەکدارەکان دەنگ بدەن، وای کرد کە خەڵکیش رەتیان بکاتەوە و دەنگیان پێ نەدات.

ئەو شارەزایە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: “هەڵسوکەوتی ئەو میلیشیایانە دژ بە شەقامی عێراقی بووەتە مایەی دڵەڕاوکێیەکی گەورە، بەتایبەتی ئەو گرووپانە بەرژەوەندیی خۆیان خستوەوەتە سەرووی  بەرژەوەندییەکانی عێراق، جگە لەوەش، زۆربەیان مێژووێکی خوێناوییان لە کوشتن و رفاندنی خەڵک، چالاکوان و رۆژنامەوانان هەیە، هەروەها لە یاسا دەرچوونە و دژ بە دەسەڵاتی فەرمیی حکوومەت دەجووڵێنەوە“.

دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، لایەنە عەرەبە شیعە سەرنەکەوتووەکان کەوتوونەتە خۆ و چوارچێوەیەکی هەماهەنگییان پێکهێناوە، بۆ ئەوەی هەڵوێستێکی یەکگرتوو وەربگرن و رایبگەیەنن کە هەڵبژاردنەکە ساختە کراوە، ئەگەرچی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان هیچ سکاڵایەکی دەربارەی ساختەکاری پێ نەگەیشتووە، هەموو ئەوەی پێی گەیشتووە تانەدان بووە لە ئەنجامەکان و بەس.

ئەو لایەنە سەرنەکەوتووانەی عەرەبی شیعە راگەیاندراوێکیان بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکەن، کە ”تێبینی“یان لەسەر پرۆسەی دەنگدان هەیە و کۆمسیۆنیش بەڵێنی داوە گرفتەکان چارەسەر بکەن.

چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە سەرنەکەوتووە عەرەبە شیعەکان باس لەوەش دەکەن، کە کۆمسیۆن پابەند نەبوو بە رێوشوێنە یاساییانە، ”بۆیە ئێمە تانە لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەدەین و پێی رازی نابین، هەرچی لەدەستیشمان بێت بۆ گێڕانەوەی دەنگەکان دەیکەین“.

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی (فەتح) ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە: ”بەهەر نرخێک بێ ئەو ئەنجامانە قبووڵ ناکەین و بە هەموو هێزێکمانەوە بەرگریی لە دەنگەکانمان دەکەین“.

چوونی قائانی بۆ بەغدا

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران هەفتەی رابردوو بە سەردانێکی نهێنی و بۆ کۆکردنەوەی ئەو لایەن و گرووپانەی لە ئێرانەوە نزیکن لە هاوپەیمانییەکدا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، گەیشتە بەغدا.

ئەگەرچی زۆربەی سەرچاوە میدیاییە عێراقییەکان چوونی ئیسماعیل قائانییان بۆ بەغدا لە زاری بەرپرسە عێراقییەکان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام موشرق عەباس، راوێژکاری سیاسیی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەتی کردووەتەوە قائانی سەردانی بەغدای کردبێت و رایگەیاندووە: ”لەم چەند رۆژەدا هیچ بەرپرسێکی بیانی نەهاتووەتە عێراق“.

هەڵبژاردنی ئەمداوییەی عێراق بە چاودێریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و چاودێرە بیانی و ناوخۆییەکان بەڕێوەچوو، کە کۆمسیۆن بە پشتبەستن بە کارتی بایۆمەتری ئەنجامی دا و ئەنجامەکانیشی لە وێستەگانەوە بەوپەڕی ئەمنیەتەوە گواستەوە بۆ سەنتەری گشتی لە بەغدا.

دوا بەدوای هەڵبژاردنەکە، لە بەغدای پایتەخت کەشوهەوایەکی نائاسایی دروست بووە و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بە چەکەوە بڵاو بوونەتەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش هەواڵی ئەوە بڵاو بووەتەوە، کە داوا لە تەواوی ئەندامانی گرووپە چەکدارەکان کراوە پەیوەندیی بە فەرماندەییەکانیانەوە بکەن و مۆڵەتەکان هەڵبوەشێننەوە، هەڵسوکەوت و دیدارەکانی فەرماندەی میلیشیاکانیش دوای ئەو شکستەیان بووەتە جێی سەرنج.

دانیشتنە نهێنییەکانی فەرماندەی میلیشیاکان جێی گومانە

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، قەیس خەزعەلی، فەرماندەی میلیشیای عەسائیبی ئەهلی حەق لەگەڵ ئەبو فەدەک مەحمەداوی، سەرکردەی میلیشیای حزبوڵڵا و لە هەمان کات فەرماندەی ئەرکانی حەشدی شەعبی کۆ بووەتەوە، ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کردووە، کە جووڵەیەکی سەربازی دژی ناوچەی سەوزی بەغدا بکەن، حکوومەتی عێراقیش ناڕاستەوخۆ رایگەیاندووە، هەر کردەیەک بەرامبەر بە حکوومەت بکرێ، بە چەک وەڵام دەدرێتەوە“.

موهەنەد نەعیم، راوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی عێراق بۆ ئاسایشی هەڵبژاردن هۆشداری داوەتە ئەوانەی بە ئەنجامەکان رازی نین و داوای لێکردوون پەنا نەبەنە بەر چەک، چونکە ”حکوومەت بە چەک رووبەڕووی ئەوانە دەبێتەوە، کە پەنا دەبەنە بەر چەک“.

موهەننەد نەعیم بە پێویستی زانیوە لایەنە ناڕازییەکان پەنا ببەنە بەر یاسا و واز لە عەقڵیەتی چەکداری بێنن، ”ناڕەزایەتییەکانی تشرین و خوێنی رژاوی خۆپیشاندەران سنوورێکی بۆ بکوژان دانا و کۆتایی بە زمانی چەک هێنا“.

ئەو راوێژکارەی مستەفا کازمی هۆشداری داوەتە هەرکەسێک بیر لە بەکارهێنانی چەک دژ بە دەوڵەت بکاتەوە و رایگەیاندووە: هەرکەسێ لە دژی دەوڵەت پەنا بۆ چەک ببات بە ماددەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و باجێکی قورس دەدات، ”پێویستە بە بڕیاری خۆیدا بچێتەوە، چونکە دەوڵەت بە چەکەوە ئامادەیە، با خۆیان تاقی بکەنەوە ئەگەر دەیانەوێ، ئەوسا دەبینن چییان بەسەر دێت“.

ناوەندە میدیاییەکان و هاووڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مەترسیی خۆیان لە جێبەجێکردنی پیلانێکی هاوشێوەی پیلانی حوسییەکانی یەمەن لەلایەن میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە دژی حکوومەتی عێراق نیشان داوە.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان  پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.