وەزیرێكی كابینەكەی: عەبادی نەیدەزانی ئاوی خواردنەوە چیە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 19/10/2021

وەزیرێكی كابینەكەی: عەبادی نەیدەزانی ئاوی خواردنەوە چیە!

بەشی یەكەم

لە وتاری دوێنێ 18 – 10 ئاماژەم بەوە دا - لە بەرامبەر ئەو فەرماییشتانەی عەبادی كە لە چوارەمین ساڵوەگەڕی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەر بەرامبەر كورد فەرمووبووی! - بە پشتبەستن بە كتێبێكی حەسەن جەنابی بەناونیشانی (الدولة العقيمة) واتە دەوڵەتی نەزۆك یان زڕ دەوڵەت كە لە كابینە حكوومیەكەی حەیدەر عەبادییدا وەزیری سەرچاوەكانی ئاو بووە و باسی تەجروبەی خۆی لەو كابینەیە و لەگەڵ حەیدەر عەبادی دەكات كە سەرۆك وەزیران بووە، بە چەند بەشێك، ھەندێك زانیاریی ناو ئەو كتێبە بخەمە ڕوو بۆ ئەوەی بزانرێت كە ئەوە چ پیاوێكە ناماقووڵی بەرامبەر كورد دەكات.

حەسەن جەنابی دەڵێت: "عێراق لەوپەڕی بێئاویدا بوو لە یەكێک لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وزاریی ئاساییشی نیشتیمانییدا، گفتوگۆیەكی توند لەنێوان من و عەبادیدا ڕووی دا، عەبادی داوای كرد ئاوی بەنداوەكان بۆ زەویە كشتوكاڵیەكان بەربدرێتەوە، منیش پێمگوت: "لەم بێئاویەدا ئەمە سەركێشیەكی گەورەیە كە بە یەدەگێكی كەمی ستراتیژیی ئاو دەكرێت، لەبەر ئەوەی ئەم یەدەگە كەمە دانراوە بۆ ئاوی خواردنەوە و ئاوی خواردنەوەی بۆ ھاووڵاتیان لێ دابین دەكرێت، ئنجا بەگوێرەی یاسای وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو، ھەروەھا بەگوێرەی نەریت و پابەندبوونەكانی عێراق بە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتیەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ، دەبێ دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتیان كاری یەكەم و لەپێشینە بێت نەك ئەو ئاوە كەمەی كە لە بەنداوەكاندا وەك یەدەگ ھەمانە بەری بدەینەوە بۆ زەویە كشتوكاڵیەكان ".

حەسەن جەنابی لەسەری دەڕوات و دەڵێت ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا بە عەبادیم گوت كە كەسی بەرپرس نابێ قسەی وا بكات، چونكە لەم بێئاویەدا دەتوانرێت ڕووبەرێكی كەمتر لە زەویە كشتوكاڵیەكان بۆ كاری كشتوكاڵی بەكار بھێنرێت و دواتر دەتوانین قەرەبووی جووتیاران بكەینەوە بەڵام خەڵك ناتوانن بەبێ ئاوی خواردنەوە بژین و ھەر لە تینواندا دەخنكێن، كەچی عەبادی لە وەڵامدا پێی گوتم: "ئاخر پارەمان نیە بۆ قەرەبووكردنەوەی جووتیاران"، منیش پێم گوت: "ئاخر ئێمەش ئاوی خواردنەوەمان نیە و ئاوی خواردنەوە لەپێشترە".

ھەر حەسەن جەنابیی وەزیری سەرچاوەكانی ئاو دەڵێت: "ئیتر بۆم دەركەوت كە عەبادی ھەست بەوە ناكات كە قسەكانی چەند خراپن و چەند زیانبەخشن، چونكە خۆ ئەگەر ئەمساڵ پارەمان بۆ قەرەبووی جووتیاران نەبێت، با لە کاتێکی تردا قەرەبووی جووتیاران بكرێتەوە، بەڵام بەتاڵكردنەوەی بەنداوەكان و بەكارھێنانی ئەو ئاوە كەمەی ناو بەنداوەكان بۆ كشتوكاڵ و نەمانی ئاو بۆ خواردنەوە، ئەمەیان خۆكوشتنە، بەڵام عەبادی ھەستی بەمە نەدەكرد!" دە ئنجا سەیركەن:

1- لەو گفتوگۆیەی نێوان عەبادی و وەزیری سەرچاوەكانی ئاو زۆر بەباشی و بەڕوونی دەردەكەوێت كە عەبادی نەیزانیوە ئاوی خواردنەوە چیە!

2 ـ لەو گفتوگۆیەی نێوان عەبادی و وەزیری سەرچاوەكانی ئاو زۆر بەباشی و بەڕوونی دەردەكەوێت كە عەبادی تەماتە و بامێی لە ئاوی خواردنەوە بۆ ھاووڵاتیان بە پێویستتر و گرنگتر زانیوە، چونكە لای عەبادی ھاووڵاتیان ناتوانن بەبێ تەماتە و بامێ بژین، بەڵام دەتوانن بەبێ ئاوی خواردنەوە بژین!
3 - ھەر لەو گفتوگۆیەی نێوان عەبادی و وەزیری سەرچاوەكانی ئاو، زۆر بەباشی و بەڕوونی دەردەكەوێت تەنانەت لە ھەڵسەنگاندنی جۆر و قەبارەی زیانەكان بۆ ھاووڵاتیان و ھەڵبژاردنی بژارەیەك لە نێوان دوو بژارەدا، یەكێكیان خراپ و ئەوی تریان خراپتر بۆ ھاووڵاتیان، عەبادی ئەوەندە كۆڵەوار بووە نەیزانیوە كە ئەگەر بەھۆی كەمئاویەوە بەشێك لە جووتیاران كشتوكاڵ نەكەن یان كەمتر كشتوكاڵ بكەن و تووشی زیانی مادی ببن، ئەمە تەنیا كاریگەری لەسەر گیرفانی بەشێك لە ھاووڵاتیان دەكات ئەوانیش بەشێك لە جووتیارانن، بەڵام ئەگەر ئاوی خوارنەوە نەبێت ھەموو خەڵك بە جووتیاران خۆیشیانەوە لە تینواندا دەخنكێن واتە لەم كاتەدا ھەموو خەڵك دەخنكێن و دەمرن بە جووتیاران خۆیشیانەوە، بەڵام ئەو مەكینەیەی لەسەری عەبادیدا بووە لەبەر ھەر ھۆیەك بێت، جا یان بەنزینی بۆ نەچووبێت یان تاقم پلاكی سووتابێت ھەستی بەمە نەكردووە و نەیتوانیوە ئەمە بخوێنێتەوە! ئنجا ئا ئەم پیاوەیە كە لە چوارەمین ساڵوەگەڕی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەردا ھاتووە، پەلاماری كوردی داوەو ناماقوڵیی بەرامبەر كورد كردووە .

پیاوێك جارێ نازانێت ئاوی خواردنەوە چیە كەچی سەرۆكوەزیرانیش بووە، ئەوە بۆیە عێراق حاڵی زۆر جوانە! بەڕاستی حەسەن جەنابی ناونیشانێكی زۆر قووڵ و پڕ مانای بۆ كتێبەكەی داناوە كە بە عێراق دەڵێت (الدولة العقيمة) واتە دەوڵەتی نەزۆك یان زڕ دەوڵەت.