كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لە هەڵەبجە كێڵگەیەک ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی هەفتەبازاڕ دەكاتەوە

کڕیار خۆی دەچێت بە دەستی خۆی بەرهەمەكان لێ دەكاتەوە و دەیانكرێت

جووتیارێك لەناو كێڵگەكەی خۆی زیاتر لە 75 جۆر بەروبوومی ڕواندووە و گشت ڕۆژانی پێنجەشەممە و هەینی هەفتەبازاڕێك دەکاتەوە و خەڵك خۆیان دەچن لەناو باخەكە بە دەستی خۆیان بەروبوومەكان لێ دەکەنەوە و دەیكڕن. بە قسەی جووتیارەكە، یەكەم كەسە لەسەر ئاستی عێراق ئەم كارەی كردووە.

حامید ئیسماعیل، لەدایكبووی ساڵی 1975، تا پێنجەمی زانستی خوێندووە، نزیكەی 30 ساڵە جووتیاری دەكات، كێڵگەیەكی تایبەتی خۆی لە شاری هەڵەبجە بە ناوی كێڵگەی كوردستان هەیە، چەندین بەرهەمی ناوازەی لێ چاندووە و دەڵێت: ''هەرشتێك ناوازە بێت، حەز دەكەین ئیشی لەسەر بكەین، چوار ساڵ لەمەوبەر مۆزمان چاند، بەرهەمێكی باشی دا، ئەگەرچی بە مەبەستی بازرگانی بەرهەمی نابێت، بەڵام كیلۆی تەنیا 750 دینارە و دوای چوار ساڵ سەركەوتنێكی باشی بەدەست هێنا، ڕێنماییم لە چەند جووتیارێكی هاوڕێم لە خوارووی عێراق وەردەگرت، چونكە مۆز پێویستی بە گەرما و شێ هەیە، مۆزەكەشمان هاوشێوەی مۆزە هاوردەكراوەكان بوو''.

وەك ئەو جووتیارە باس دەكات، كێڵگەكەی، كێڵگەیەكی كشتوكاڵی-گەشتیارییە و هەموو ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی بە ڕووی گەشتیاراندا دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو ''بەروبوومانەی ئێمە ببینن و بزانن چیمان هەیە''، مۆزیش یەكێكە لەو نەمامانەی كە لە كوردستان زۆر كەمە و حەزیان كردووە لەو كێڵگەیەی خۆیان برەوی پێ بدەن، لەو بارەیەوە دەڵێت: ”كە گەشتیارێك دێت و مۆز دەبینێت، بەڕاستی زۆر زۆر دڵخۆش دەبێت، ئەمەش زیاتر سەرنجی ڕادەكێشێت، ئەگەر بتوانین بۆ ساڵی داهاتوو بنەكان زیاد بكەین، دەیخەینە بواری بازرگانییەوە و دەیدەینە گەشتیار و كڕیارەکان، با لەگەڵ خۆیان مۆز بەرنەوە''.

حامید چەندین بەرهەمی ناوازەی چاندووە، جگە لە مۆز، جۆرە چایەكی چاندووە بە ناوی چای (كۆچەرات) كە سەرچاوەكەی وڵاتی هیندستانە، بەڵام ئەو لە وڵاتی میسر تۆوەكەی هێناوە، ئەم چایە، لە چا ترشەكانە و گوڵ دەكات، دەشڵێت: ''سوپاس بۆ خوا سەركەوتنێكی باشمان بەدەست هێناوە، لە زۆربەی وڵاتان خەڵك لەجیاتی چای ئاسایی ئەو چایە بەكار دێنێت، بەتایبەت لە ڕووی تەندروستییەوە زۆر بەسوودە، هەم بەگەرمی دەخورێتەوە و هەم بە ساردی وەك شەربەت دەخورێتەوە، چەند خاسیەتێكیشی هەیە؛ بۆ نموونە بۆ دابەزاندنی كێش و هاوسەنگیی فشاری خوێن خەڵكێكی زۆر سوودی لێ وەرگرتووە''.

لە هەفتەبازاڕەكەی كێڵگەی كوردستان، نزیكەی 10 جۆر باینجان بەرهەم دێت و ئێستا هەشت جۆری بەردەستە و هەفتانە دەیفرۆشن؛ باینجانی زەرد دوو جۆرە، باینجانی سپی دوو جۆرە و باینجان ڕەشیش هەیە. باینجان هەیە کێشەکەی دەگاتە چوار كیلۆ، ''ئەو باینجانە بۆ مەحشی دەبێت و بەشی خانەوادەیەك دەكات، لە وڵاتان برنج و مەحشیی تێ دەكرێت، باینجانی خۆمانەشمان هەیە، چەند جۆرێكی دیكەشمان هێناوە، بۆ ساڵانی داهاتوو دەیچێنین''.

ئێستا لە كێڵگەكەی كوردستان نزیكەی زیاتر لە 57 جۆر بەرهەمی كشتوكاڵی بەردەستە، جاری وایە دەگاتە 75 جۆر، بەرهەمەكانیش تایبەتن بەو كێڵگەیە. حامید ئیسماعیلی جووتیار دەشڵێت: ''هەر كەسێك بێتە كێڵگەکە دەتوانێت بە دەستەكانی خۆی ئەو بەرهەمانە لێ بكاتەوە كە ئەوەش تام و چێژی خۆی هەیە، سوپاس بۆ خوا ئێمە یەكەم كەسین کە لەسەر ئاستی عێراق توانیومانە كێڵگەكانمان بە ڕووی گەشتیاراندا بكەینەوە، هەروەها بۆ خوێندكاران و ئەو كەسانەی لە بواری كشتوكاڵدا شارەزاییان کەمە، بینینی ئەو بەروبوومانە چێژێكی تایبەتی هەیە''.