بافڵ تاڵەبانی: لە یەكێتی هەر كەسێكی یاساشكێن لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت، بە توندی ڕووبەڕووی دەبینەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بافڵ تاڵەبانی: لە یەكێتی هەر كەسێكی یاساشكێن لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت، بە توندی ڕووبەڕووی دەبینەوە

هۆشداریی لەبارەی كەیسی كوڕەكەی حەمەسوور دووشیوانی دەدات

كەسوكاری ئەو كارمەندی سكیوریتییەی كە لە لایەن كوڕی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتییەوە كوژرا، سەردانی هاوسەرۆكی بڕیاربەدەستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن و بافڵ تاڵەبانیش لەمبارەیەوە هۆشداریی توند دەدات.

ئێوارەی ئەمڕۆ، خانەوادەی هەڤاڵ محەمەد كاكەخان، ئەو كارمەندی سكیوریتییەی كە لە لایەن كوڕەكەی حەمەسوور دووشیوانییەوە كوژرا و تائێستا بكوژ رادەستی پۆلیس و دادگا نەكراوە، سەردانی بافڵ تاڵەبانییان كرد.

لەمبارەیەوە هاوسەرۆكی بڕیاربەدەستی یەكێتی لە راگەیاندراوێكدا كوژرانی كارمەندەكەی بە ”ناحەق“ وەسف كردووە و رایگەیاندووە كە بە ”شێوەیەكی نامرۆڤانە“ كوژراوە.

هاوكات وەك ئاماژەیەكیش بۆ ئەگەری داڵدەدانی تۆمەتبارەكە، بافڵ تاڵەبانی هۆشداریی توندی داوە و رایگەیاندووە، ”پشتگیری لە ھیچ تۆمەتبارێک“ ناکەن و ”ڕێگەش نادەین یاساشکێنان بەناوی ھەر پاساوێکەوە داڵدە بدرێن“.

هاوكات هۆشداری بە بەرپرسانی یەكێتیش داوە و گوتوویەتی: ”لە یەکێتی ھەر کەسێک لە ھەر پلەوپۆست و بەرپرسیارێتییەکدا بێت و تێوەگلابێت بە یاساشکێنی، بەتوندترین شێوە رووبەڕووی دەبینەوە و راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادوەری دەکەین، چونکە ھیچ کەسێک نابێت لەسەروو یاساوە بێت و ئەم ئارامییەی ھەیە پارێزگاری لێدەکەین“.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ یەكشەممە ١٧ی ١٠ی ٢٠٢١، كەسوكاری كوژراوەكە لە گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییدا ئاشكرایان كرد كە كوڕەكەی حەمەسوور دووشیوانی رادەستی پۆلیس و دادگا نەكراوە، بەڵكوو لەلای ئاسایشە.