كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پارەیەكی زۆری ساختەی جۆری 25 هەزار دیناری دەستی بەسەردا دەگیرێت

 

لە سنووری پارێزگای سلێمانی دوو تۆمەتبار دەستگیر دەكرێن كە بڕی 15 ملیۆن دیناری ساختەیان پێبووە و بەنیازبوون لە ناو بازاڕی قەزای سەید سادق ساغی بكەنەوە.

بەپێی راگه‌یه‌ندراوێكی پۆلیسی سلێمانیدا کە کۆپییەکی بە (باسنیوز) گەیشتووە و تێیدا هاتووه‌:" دوای ئه‌وه‌ی بەشی پۆلیسی سەید سادق ئاگادار كرایەوە لە دوو كەس لەناو بازاڕی سەید سادق كە گومان دەكرێت دراوی ساختەیان پێبێت، دەستبەجێ‌ بەشی پۆلیسی سەید سادق بنكەی پۆلیسی حەساری راسپارد بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە، هەمان رۆژ توانرا دوو كەسەكە بدۆزرێتەوە و دەستگیربكرێن".

ئەوەش خراوەتەڕوو: "بڕی 15 ملیۆن دیناری عیراقی لە جۆری 25 هەزار دیناری كە سەرجەمیان ساختە بووە دەستی بەسەردا گیراوە، بەنیازبوون لەناو بازاڕی قەزاكە ساغی بكەنەوە".

پۆلیسی سلێمانی باسی ئاماژەشی بەوەداوە کە ئێستا هەردوو تۆمەتبار (ه، أ، ع) لە دایكبووی 2003 و (ر، ق، س) لەدایكبووی 1991 بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و هەركەسێكی تر لەم دۆسیەیە بەشداربێت دەستگیردەكرێت و رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.

لای خۆیەوە جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی و شارەزای ئابووری بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "جار جار لە سلێمانی خەڵكانێك دەستگیر دەكرێن كە پارەی ساختەیان ساغ كردووەتەوە، هەندێك جار ساختەكارییەكە زۆر سادەیە زوو ئاشكرا دەبێت، بەڵام هەندێك جاریش ئاڵۆزە".

گوتیشی: "لە نێو بازاڕی دراو ئەو جۆرە دراوانە زەحمەت ساغ دەبێتەوە، زۆرتر لە دوكان و بەنزینخانە و شوێنی تر ساغ دەكرێتەوە، هیوادارین هاووڵاتییان ئاگادار بن ئەو جۆرە دراوانەی وەكوو 25 هەزار دیناری و 50 هەزار دیناری زۆرتر ساختەی تێداكراوە و ئاگایان لێ بێت فێڵیان لێ نەكرێت".