كورسییەكانی پارتی بۆ فرۆشتن نیین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 18/10/2021

كورسییەكانی پارتی بۆ فرۆشتن نیین

گه‌ر سەرەتا بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و پرسیارەی: ”بۆچی پارتی هەمیشە براوەی یەكەمی هەڵبژاردنەكان دەبێ؟“، ئەو پرسیارە لە رۆژی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكەی ئەم دواییەی عێراق و لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پێشووی كوردستان و عێراقیشدا، بەردەوام كراوە و دەكرێت، ئەمجارەیان ئەو پرسیارە بەتەواوی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایەتیه‌كانی گرتووەتەوە، بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وام له‌ سه‌ركه‌وتندایه ‌و هه‌ر جاره‌ی به‌ ژمارەیەك كورسیی زیاتر لە رابردوو دێتەوە مەیدان؟ بێگومان وەڵامی دروست و گونجاو و زانستی، نە ئەو تەنز و نوكتانەیە كە ئەندامانی حزبە دۆڕاوەكان پەخشی دەكەن، نە دەشتوانین بڵێین پارتی بەخت یاوەریەتی، ئاخر خۆ ئەمە یانسیب و لۆتۆ نیە، ئەمە متمانە و دەنگی خەڵكە.

گه‌ر هه‌ریه‌كه‌مان، دوور لە هەر فشار و سۆز و كاریگەرییەك، لە ئەنجامەكان بڕوانین و وردتر له‌ بەرنامە و ئەدا و ستراتیج و كار و چالاكییه‌كان و ئه‌و ئه‌جیندا چه‌سپیو و پلان بۆداڕێژراوەی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌مبه‌ر به‌ ئێستا و ئایندەی هه‌رێمی كوردستان بڕوانین، ئەوكات بەئاسانی بۆمان روون دەبێتەوە كە پارتی تاكە حزبە لە عێراق و كوردستان، لە هەوڵی ئەوەدایە. كورد و هەرێمی كوردستان به‌ره‌و كه‌ناری ئارام و ئابووریی سەربەخۆ و دۆخی باشتری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ببات، ئەودەمیش بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ بۆچی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌ركه‌وتووە؟

به ‌كوردی و به‌ كورتی، ئەگەر قسه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی بانگەشەی هه‌ڵبژاردن بكه‌ین، ئه‌وه‌مان به ‌چاوی خۆمان بینی كە ئه‌و حزبانه‌ی هەموو ختابی سیاسییان به‌و ئاراسته‌یه‌ ده‌برد كه‌ دژایەتیی‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ‌بكه‌ن و تانە و تەشەری لێ بدەن ‌و كینه‌ی كۆن زیندوو بكەنەوە و لاپه‌ڕه‌ ره‌ش و تاڵه‌كانی رابردوو نوێ بكه‌نه‌وه، جا لەو نێوەندەدا خۆیان به‌ فریشته بناسێنن و پارتی دیموكراتی كوردستان بە خراپه‌كار! ئەوە دەركەوت هه‌موو ئه‌و حزبانه دوای كڵاوی بابردوو كەوتوون و خیتابی بانگەشەیان فاشیلە و لەوەش گرنگتر بۆیان دەركەوت كە هاووڵاتیانی كوردستان، ئیدی زۆر لەوە هۆشیارترن بەو وتارە پۆپۆلیستی و چەواشاكارانەیە لەخشتە ببرێن، دەركەوت هاووڵاتیی كوردستانی، بەرنامە و كرداری دەوێ، نەك هاتوهاوار و قسەی بێ عەمەل.

ئەوەی من دەیبینم وەك چاودێرێك، هۆكاری سەركەوتنی پارتی، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م بۆ بوونی سەركردەیەكی لێهاتووی وەك سه‌رۆك مەسعود بارزانی ده‌گه‌ڕێته‌وه، رابردوویەكی پێشمەرگانە و خۆنەچەمێن و ئێستایەكی پڕشكۆ لە بارزانیدا دەبینرێت، بۆیە ئەو سەرۆكە یەكێكە لە هۆكارە هەرە كاریگەرەكانی هەیبەت و پێگەی پارتی، هەر بوونی ئەو سەرۆكەش هۆكاری ئەوەیە كە هەمیشە پارتی حزبێكی رێكخراوتر و بەدیسپلینتر لە هەموو حزبەكانی عێراق و كوردستان دەناسرێت. خەڵك كە گوێ لە قسەكانی سەرۆك بارزانی دەگرێت و سەیری ئەدا و پێگەی سیاسیی دەكات، متمانە و هێزی لێ وەردەگرێت.

زۆر بەوردی هه‌ڵمەتی بانگه‌شه‌ی ئه‌مجاره‌ی پارتی و كاندیدان و میدیاكەیم بینی و بەوردی لەسەر وشە و دروشمەكان وەستام، هەستم كرد پارتی كار بۆ ئایندەی كۆمەڵگەی كوردستان دەكات و بە ‌ نه‌فه‌سێكی پڕ هێز و هیوای نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، دوور له‌ رۆحی دژایه‌تی و كینه‌ی حزبی دەوێت، بینیم وتارەكانی بانگەشەی سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بەشێك لە سەركردەكانی تری پارتی، چەند جیاوازە لە سەركردەكانی حزبەكانی تری كوردستان و عێراق.

سەرنج لە شاری هەولێر بدەن، بزانن پارتی و ئەو حكوومەتەی پارتی سەرۆكایەتیی دەكات، ئەو شارەی چۆن پێش خستووە لە هەموو روویێكەوە، پارتی هەولێری كردووەتە پایتەختێكی نموونەیی هەموو كوردستانیەك و كردووێتیە لانەی پڕ موحیبەت و رێز و مۆدێرن و خانەخوێیەكی ئامێزكراوە و باش بۆ هەموو میوانان، هەر گەشتێكی دوو سەعاتی بەنێو هەولێردا بەسە بۆ ئەوەی دەنگدەر وا لێ بكات دەنگ بە پارتی بدات.

پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی و ستافی پارتی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئه‌و متمانه‌یەیان بۆ خه‌ڵكی كوردستان دروست كردوه‌ كه‌ تەنانەت له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ندامانه‌كان و ده‌نگده‌ره‌كانی پارتی، خه‌ڵكانی تری غەیرەپارتییش ده‌نگ بە پارتی بدەن، هیچ حزبێكی تری كوردستان ئەم خەسڵەتەی تیا نیە، قسەم لەسەر ئەو دەنگدەرانەی غەیرە پارتی نیە كە ئەندامی حزبێكن و لە رقی سەركردەكانی حزبەكەی خۆیان، دەنگ بە حزبە تازە هەڵتۆقیوەكان دەدەن.

یەكێك لە هۆكارەكانی تری سەركەوتنەكانی پارتی لە هەڵبژاردنەكاندائ ئەوەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە رۆژی دامەزرادندنەوە تا ئێستا كە ٧٥ ساڵە، هیچ كات حزبی چینێك یان توێژێك یان گرووپێك یان نەتەوەیەك یان مەزهەبێك یان ئایینێكی دیاریكراو نەبووە، بەڵكوو هه‌ڵقوڵاوی كۆمەڵگەی كوردستانیە بە هەموو پێكهاتە و چین و توێژه‌كا‌نیەوە، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییش ئه‌وه‌ی سه‌لماند، ئاخر پارتی لە هەموو دەڤەر و ناوچەیەكی كوردستان و تەنانەت لەنێو عەرەب و توركمان و كریستیانەكان و كوردانی ئێزدی و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیش، ژمارەی دەنگدەر و كورسییەكانی زۆر زیادی كردووە، زۆر گرنگە هەموومان لە خۆمان بپرسین، پارتی چۆن ١٠ كورسیی لە سنووری پارێزگای نەینەوادا هێنا؟ ئەمە تەنیا بە حزبی وەكوو پارتی دەكرێت.

لەوەش گرنگتر ئەوەیە كە لە خولەكانی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، ئەو راستیە باش سەلمێنراوە و چەسپاوەی لای خەڵك كە كورسیه‌كانی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق سه‌نگ و هێزی خۆیان هەیە و قەت بۆ فرۆشتن نەبووە و نیە، پێچەوانەی هەندێ پەرلەمانتاری كورد، كە لە یەكەم رۆژی سوێندخوادنیانەوە خۆیان و كورسییەكانیان و نەتەوەكەیان و خەڵكی هەرێمی كوردستانیان بۆ فرۆشتن نماییش كردووە و كێ پارەی زیاتر بدات، دەستی بۆ بەرز دەكەنەوە.