عێراق بەهۆی ئێرانەوە رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان کەم دەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

عێراق بەهۆی ئێرانەوە رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان کەم دەکاتەوە

هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکوومەتی عێراق، بەهۆی ئێرانەوە رووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان کەم دەکەنەوە.

بەپێی راپۆرتێکی (ئەلعەرەبی جەدید)، حکوومەتی عێراق لە دانانی پلانی کشتوکاڵیی ئەم وەرزە دواکەوتووە، کە بەهۆی هەوڵەکانی بوو بۆ رازیکردنی ئێران بە بەردانەوەی ئاوی رووبارەکان بۆ عێراق، بەڵام ئێران ئەو داواکارییەی عێراقی رەت کردووەتەوە.

مەهدی حەمدانی، وەزیری سەرچاوەئاوییەکانی عێراق رایگەیاندووە: ئێران هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ عێراق لەبارەی بەردانەوەی ئاو، رەت کردووەتەوە.

هەروەک ماڵپەڕەکە بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی بەرنەدانەوەی ئاوی رووبارەکان لەلایەن ئێرانەوە و دروستبوونی وشکەساڵی لە عێراق، وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان رووبەری زەوییە داچێندراوەکانی عێراقیان بۆ نیوە کەم کردووەتەوە.

حەمید نایف، گوتەبێتی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاندووە: ئەو بڕە ئاوەی لە بەنداوەکان هەیە تەنیا بەشی داچاندنی دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆنم دەکات، لە کاتێکدا ساڵی رابردوو بەشی پێنج ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی کرد و داچێندرا.

گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پارێزگای دیالە بە تەواوی و چەند ناوچەیەکی پارێزگاکانی بەسرە، واست، زیقار و میسان لە پلانی کشتوکاڵی وەرزی دوور خراونەتەوە.

حەمید نایف ئاشکرای کردووە، کە پلانە کشتوکاڵییەکە بۆ ئەم وەرزە دوای رێککەوتنی لایەنی عێراقی و تورکی لەسەر زیادکردنی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە، داڕێژراوە.

ماڵپەڕەکە لە زاری ”بەرپرسێک“ـەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە ئێران بەهیچ شێوەیەک ئامادە نەبووە لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لەو بارەیەوە دانوستاندن بکات و بڕیاری رێگرتن لە ناردنی ئاوی بۆ عێراق، داوە.