كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

مەترسی هەیە دۆسیەی كارمەندە سكیوریتییەكەی سلێمانی بە دەردی كەیسەكەی ئامانج بابانی ببرێت

كوڕی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتی كوشتوویەتی و تا ئێستا رادەستی پۆلیس نەكراوە

لەنێو خەڵكی سلێمانی و ماڵبات و بنەماڵەی كارمەندە كوژراوە سكیوریتیەكەی سلێمانی، مەترسیی ئەوە لەئارادەیە كە دۆسیەی كوشتنی ئەو كارمەندە كە بە دەستی كوڕی ئەندامێكی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كوژراوە، هاوشێوەی كەیسەكەی كوژرانی ئامانج بابانی و هاوسەرەكەی و منداڵەكەی، دیزەبەدەرخۆنە بكرێت.

كۆتایی هەفتەی رابردوو، كوڕێكی حەمەسوور دووشیوانی، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتی و بەرپرسی مەڵبەندی كەركووكی ئەو حزبە \ئێستا دەنگۆی لادانی لە پۆستەكەی هەیە\، كارمەندێكی سكیوریتی لە سلێمانی بە ناوی (هەڤاڵ محەمەد) كوشت. هەر هەمان ڕۆژ، میدیاكانی یەكێتی بانگەشەی دەستگیركردنی تاوانبارەكەیان دەركرد، بەڵام دواتر دەركەوت كە رادەستی پۆلیس نەكراوە.

لەمبارەیەوە رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 17/10/2021، محه‌مه‌د كاكه‌برا، باوكی ئه‌و كوڕه سیكویرتییه‌ی به ‌ده‌ستی كوڕەكەی حه‌مه‌سوور دووشیوانی كوژرا، ئەوەی ئاشكرا كرد كە هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی بە ”سوڵح“ی عەشایەری كێشەكە چارەسەر بكرێت و گوتی: ”ئێمه‌ هێشتا سه‌رقاڵی ناشتنی كوڕه‌كه‌مان بووین، به‌ ته‌له‌فۆن هێرشیان ده‌كرده‌ سه‌رمان بۆ ئه‌وه‌ی سوڵحیان له‌گه‌ڵدا بكه‌ین، ئه‌مه‌ به‌پێی هه‌موو عورفێك شتێكی ناشارستانییه و ناشیرینه‌“.

باوكی گەنجە كوژراوەكە پرسیاری ئەوەشی كرد، لە كاتێكدا حەمەسوور دووشیوانی گوتوویەتی كوڕەكەی قوتابیی قۆناغی دووەمی زانكۆیە و تەمەنی 17 ساڵە، ”ئایا بە چ هەقێك دەمانچەی هەڵگرتووە؟ چۆن دەبێ قوتابیی كۆلێژی پزیشكی خەڵك بكوژێ؟“.

تۆمەتبار نەدراوەتە دادگا

بەپێی زانیارییەكان، هەرچەندە راگەیاندرابوو كە كوڕەكەی حەمەسوور دووشیوانی رادەستی دەزگا ئەمنییەكان كراوە، بەڵام بۆ ئەوەی نەتواندرێت لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا بكرێت، هێشتا لە ئاسایشی سلێمانی راگیراوە.
لەمبارەیەشەوە باوكی كوژراوەكە لە پرێس كۆنفرانسەكەیدا گوتی، سكاڵامان له‌سه‌ر به‌یار محه‌مه‌د عوسمان تۆمار كردووه‌، ”ئه‌گه‌ر محەمەد عوسمان (حەمەسوور) پیاوێكی یاساناسه‌، بۆ كوڕەكەی ته‌سلیم به‌ ئاسایش كردووه؟ له‌ كاتێكدا كاری ئاسایش ئه‌وه‌ نییه‌، ده‌بێ ڕاده‌ستی پۆلیس و دادگه‌ بكرێ“.

تۆمەتبار بە نوێنەرایەتیی یەكێتی لە پێشوازیی شاندێكی فەرمیدا بووە

كۆتایی هەفتەی رابردوو، حەمەسوور دووشیوانی بە میدیاكانی حزبەكەی راگەیاند، درەنگانی شەوی ڕووداوەكە، شاندێكی حكوومی بۆ سەرپەرشتیكردنی هەڵبژاردن، لە كەركووك بوون و ویستوویانە بچنە سلێمانی، ئەویش كوڕەكەی خۆی ڕاسپاردووە تاوەكوو پێشوازی لە شاندەكە بكات و شوێنی حەوانەوەشیان بۆ دابین بكات، بەڵام دواتر ڕووداوەكە رووی داوە.
ئەمە دەری دەخات كە كوڕەكەی حەمەسوور لە كاتی تاوانەكەدا، بە نوێنەرایەتیی یەكێتی پێشوازیی لە شاندێكی فەرمی كردووە.

گومانی دیزەبەدەرخۆنەكردن هەیە

شەوی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩، رۆژنامەنووسان ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵە سێ ساڵانەكەیان لەنێو ئۆتۆمبێلی خۆیاندا لە رووداوێكی تەمومژاویدا، لە نزیك تێرمیناڵی شارەزوور لە سلێمانی كوژران. لەو كاتەوە تاوەكوو ئێستا، چەندان جار گومانی زۆر گەورەی تاوانەكە راگەیاندراوە، كەسوكاری ئامانج بابانییش بەردەوام داوای لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەنانەیان كردووە، كەچی كەیسەكە داخراوە.

لەمبارەیەوە دوێنێ یەكشەممە ١٧ی ١٠ی ٢٠٢١، محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، هەرچەندە تازە كوڕەكەی لەدەست داوە و ناگەڕێتەوە، بەڵام ”ئێستاش چاوەڕێین لێكۆڵینەوە بكرێ“ و هۆكاری كوژرانی ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵەكەی ئاشكرا بكرێت.
جەختیشی كردەوە كە هەرچەندە دادگا و دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی دۆسیەكەیان داخستووە، بەڵام ”هێشتا ئێمە و خەڵكی كوردستان بە گومانەوە سەیری رووداوەكە دەكەین“.

ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆژی ٦ی ٢ی ٢٠٢٠، جەبار ئەحمەد شەریف، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای بەدواداچوونێکی تەواو بۆ بەڵگە ماددییەکان و پشکنینەکان، هەستمان کرد کە حەوت قەوانی فیشەک لە جۆری نمرە 9 لە کاتی رووداوەکە هەڵگیراوەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لێدوانیان داوە کە گوللەکان لە یەک دەمانچە تەقیون کە دەگەڕێتەوە بۆ کەسی کوژراو ئامانج بابانی، ”ئێمە لە تاقیگەی بەڵگەکانی سلێمانی پشکنینمان بۆ ئەم حەوت قەوانە کرد و بۆمان دەرکەوت سێ لەو قەوانانە بەڵێ بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمانچەیەی کە دەستی بەسەردا گیراوە (دەمانچەکەی ئامانج بابانی)، بەڵام چوار لە قەوانەکان بە دەمانچەیەکی دیکە تەقێنراوە کە ئەم دەمانچەیە دەستی بەسەردا نەگیراوە و دیار نییە". بەڵام دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی هیچ لێكۆڵینەوەیەكیان لەسەر ئەو چوار قەوانە نەكرد.

ئێستا هەموان چاوەڕێن، ئاخۆ دەتوانرێت ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێندرێتەوە و تۆمەتباری كەیسەكەش یەكلا بكرێتەوە و بە سزای خۆی بگەیەنرێت، یاخود هاوشێوەی كەیسەكەی ئامانج بابانی، بە پاساوێك دۆسیەكەی دادەخرێت.