سەرکردەیەکی گۆڕان: شکستەکەمان بەهۆی ئەو پەرلەمانتارانەمانەوە بوو کە لە بەغداوە دژایەتیی کوردستانیان دەکرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەرکردەیەکی گۆڕان: شکستەکەمان بەهۆی ئەو پەرلەمانتارانەمانەوە بوو کە لە بەغداوە دژایەتیی کوردستانیان دەکرد

''یەکێتی زەرەرێکی گەورەی لێ داین، ئەگەر بە تەنیا بووینایە پێنج کورسیمان دەھێنا''

شێخ یوسف باخ، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان، لەم چاوپێکەوتنەی (باسنیوز)دا ھۆکاری سەرەکیی شکستەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی بزووتنەوەكە دەگەڕێنێتەوە كە لە بەغداوە دژایەتیی ھەرێمی کوردستانیان دەکرد و عێراقچێتییان کرد. باسیش لەوە دەكات كە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بە تەنیا بەشداریی ھەڵبژاردنەکەی بکردایە، پێنج کورسیی مسۆگەر دەکرد، بەڵام ”یەکێتی زەرەرێکی گەورەی لێ داین“.

(باسنیوز): بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقدا، نەیتوانی تاكە کورسییەکی پەرلەمانی عێراق بەدەست بھێنێت، ھۆکارەكەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

شێخ یوسف باخ: ھۆکاری شکستەکەی گۆڕان پەیوەندیی بە پەرلەمانتارەکانمانەوە ھەیە، بە درێژایی ئەو خولانەی پێشتری پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستان، تەنیا چەند پەرلەمانتارێکمان ڕاستگۆ بوون، ئەوانی دیکە بە برسییەتیی گەیشتوونەتە لامان، دواتر بە کۆڵێک پارەوە گەڕاونەتەوە، بۆیە ئەوان خیانەتیان لە گۆڕان کردووە، بێگومان ھۆکاری سەرەکیی شکستەی گۆڕان بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دەگەڕێتەوە.

(باسنیوز): ئەو پەرلەمانتارانە کێن کە خیانەتیان لە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە؟ یان بەھۆی گۆڕانەوە دەوڵەمەند بوون؟

شێخ یوسف باخ: لەو پێنج پەرلەمانتارەی بەغدا و ئەوانەی کوردستان، ھەندێکیان کە بەھۆی گۆڕانەوە بوون بە پەرلەمانتار، کەچی ئێمەیان بەجێ ھێشت، ئەگینا ھەڵسووڕاوە دڵسۆزەکانمان و جەماوەرە خۆڕاگرەکانمان ئێستاشی لەگەڵدا بێت، پشتیان لە گۆڕان نەکردووە و ئومێدێکی زۆریان بە بزووتنەوەی گۆڕان ھەیە.

(باسنیوز): ئەو پەرلەمانتارانەی گۆڕان کە لە بەغدا دژی ھەرێمی کوردستان دەجووڵانەوە، تا چەند ھۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی بەھۆی ھەڵوێستەکانیانەوە، جەماوەری گۆڕان لە حزبەکەتان نیگەران بووبێت؟

شێخ یوسف باخ: یوسف محەمەد و غالب محەمەد و چەند پەرلەمانتارێکی دیکەی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق، ھۆکاری شکستەکەی گۆڕان بوون، چونکە ئەوان زەرەریان لە گۆڕان داوە، لە کاتێکدا بەھۆی گۆڕانەوە بوون بە شت و پۆستی حکوومییان وەرگرت.

(باسنیوز): دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان، رێكخەری گشتی عومەری سەید عەلی دەستی لە کار کێشایەوە، ئایا ھۆکاری شکستەکەی گۆڕان بۆ ڕێکخەری گشتی دەگەڕێتەوە؟

شێخ یوسف باخ: نەخێر، بە ھیچ شێوەیەک کاک عومەری سەید عەلی ھۆکاری ئەو شکستە چاوەڕواننەکراوەی گۆڕان نەبووە، لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا پیاوێکی پاک و بێگەردی وەک کاک عومەری سەید عەلی نییە و ھەتاوەکوو گۆڕان بمێنێت، ئێمە بە سەرکردەی خۆمانی دەزانین، چونکە سەرکردەیەکی تێکۆشەر و ماندووە و ڕێز لە خەبات و تێکۆشانی دەگرین.

(باسنیوز): ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان بەتەنیا بەشداریی ھەڵبژاردنی بکردایە، چەند کورسیی دەھێنا؟

شێخ یوسف باخ: ئەگەر بە لیستی سەربەخۆ بەشداریی ھەڵبژاردنمان بکردایە، دڵنیام سێ بۆ پێنج کورسیمان دەھێنا، چونکە بەشی ئەوە جەماوەرمان ھەیە لە کاتی ھەڵبژاردندا بتوانین متمانەی خەڵک بەدەست بھێنین.

(باسنیوز): کەواتە یەکێتی بەھۆی ئەو ھاوپەیمانیەتییەوە زەرەری لە گۆڕان داوە؟

شێخ یوسف باخ: بەڵێ، یەکێتی بەھۆی ئەو ھاوپەیمانییەوە زەرەرێکی گەورەی لێ داین، بەداخەوە لەم ھەڵبژاردنەدا کاندیدەکانمان نەیانتوانی کورسییەکی پەرلەمانی عێراق مسۆگەر بکەن.

(باسنیوز): کەواتە ئەزموونتان لە یەکێتی وەرگرتووە، ئایا جارێکی دیکە ئامادەن ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ یەکێتیدا بکەن؟

شێخ یوسف باخ: ھاوپەیمانیمان لەگەڵ یەکێتی کۆتایی ھاتووە و جارێکی دیکە ھیچ ڕێککەوتنێکی لەگەڵ ناکەین، چونکە جەماوەرەکەمان پێی خۆش نییە و تەنانەت بەو ھاوپەیمانییەی ئەم جارە لەگەڵ یەکێتی کردمان، نیگەران بوون.

(باسنیوز): لایەنگرانی یەکێتی و بەشێک لە بەرپرسەکانی ئەو حزبە بە تەنزەوە باسی شکستەکەی گۆڕان دەکەن، ئایا گۆڕان دەتوانێت خۆی بەھێز بکاتەوە و گۆڕەپان بۆ یەکێتی چۆڵ نەکات؟

شێخ یوسف باخ: بزووتنەوەی گۆڕان خاوەنی جەماوەری خۆیەتی، ئێمە ھەمیشە داکۆکیمان لە مافی خەڵک کردووە و ھیچ کات پشت لە جەماوەری خۆمان ناکەین، بۆیە ساحەکە بۆ یەکێتی و ھیچ لایەنێکی دیکە چۆڵ ناکەین و بڕیارمان داوە گۆڕانکاری بکەین بۆ ئەوەی بتوانین وەکوو جاران خزمەتی خەڵکی بکەین، ھەروەھا ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە گۆڕان دەکەینەوە بە حزبەکەی جاران و ئەوەی لە ڕابردوودا بۆ داکۆکی لە مافی خەڵک کردوومانە، لەسەری بەردەوام دەبین.