بۆچی كتێبی (الدولة العقيمة) نانێرن بۆ عەبادی؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 18/10/2021

بۆچی كتێبی (الدولة العقيمة) نانێرن بۆ عەبادی؟

حەیدەر عەبادیی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عێراق، لە چوارەمین ساڵوەگەڕی خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەردا، ھاتووە كورت و پوخت دەڵێت ئەو بۆ لەناوبردنی گەندەڵی و چەسپاندنی یاسا لە كەركووك، شەڕی لەگەڵ كورد كردووە.

ھەرچەندە لەسەر ئەو فەرماییشتانەی كە دژی كوردستان فەرمووی، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و ھەندێك كەسی تریش وەڵامی عەبادییان دایەوە، بەڵام وەك ڕای شەخسیی خۆم و ھەر لەپەنا سەری خۆیدا بە كتێب! وەڵام بۆ عەبادی ھەیە، ئەویش كتێبێكی 368 لاپەڕەیی حەسەن جەنابیە كە ھەر ئەمساڵ (2021) چاپ كراوە و حەسەن جەنابی خۆیشی ھەر لە كابینەكەی حەیدەر عەبادیدا وەزیری سەرچاوەكانی ئاو بووە و باسی تەجروبەی خۆی لە كابینەكەی عەبادی و گەندەڵییەكانی ئەو كابینەیە دەكات.

جارێ ئێوە تەنیا سەرنج لە ناونیشانی كتێبەكە (الدولة العقيمة) بدەن، واتە بە دەوڵەتی عێراق دەڵێت (دەوڵەتی نەزۆك یان دەوڵەتی بێبەر) دەوڵەتی ھیچ لێ پەیدا نەبوو، دەوڵەتی سفر بەرھەم.

ھەرچەندە مەفرووزە حەسەن جەنابی خاوەنی ئەم كتێبە، نوسخەیەكی لەم كتێبە بە دیاری! ناردبێت بۆ حەیدەر عەبادی، یان حەیدەر عەبادی خۆی نوسخەی لێ كڕیبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی عەبادی ئەو فەرماییشتانەی دژی كورد فەرمووە، بە باشی دەزانم كوردێك نوسخەیەكی تر لەو كتێبە و ھەر بە دیاری بۆ حەیدەر عەبادی بنێرێت، چونكە خۆ ماڵی زیادە سەر ناشكێنێت، بەتایبەتییش كتێب نەك ھەر سەر ناشكێنێت بگرە سەر دەحەسێنێتەوە و باشتر مێشك دەكاتەوە!

لە سبەینێ 19 – 10ەوە، ھەوڵ دەدەم بە زنجیرە وتارێك ھەندێك لە زانیارییەكانی ناو ئەو كتێبەی وەزیرەكەی سەردەمی كابینەكەی عەبادی بخەمە ڕوو، بەڵام پێش ئەمە و ھەر وەك پێشەكییەكی خۆم:

1- حەق بوو حەیدەر عەبادی كە وەك پیاوی دەوڵەتمەدار خۆی ناساندووە، پێش ئەوەی ڕوو بكاتە كورد و عەنتەرییات بەسەر كورددا بكات، وەڵامی خەڵكی عێراق بداتەوە ئەو كە خۆی بڕوانامەی دكتۆرای لە ئەندازیاریی كارەبادا ھەیە، ئەو كاتەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، بارودۆخی كارەبا لە عێراق چۆن بوو؟ ئەی بڕی چەند پارە بە گەندەڵیی تەنیا لە بواری كارەبادا دزراوە و خوراوە و بۆ ئەمەیان چیی كرد؟

2- عادل عەبدولمەھدی كە لە كابینەكەی عەبادیدا وەزیری نەوتی عێراق بوو، لە مانگی 8ی ساڵی 2015دا گوتی: ”لە دوای ساڵی 2003وە ھەتا ئێستا \واتە ھەتا ئەو كاتەی كە لێدوانەكەی داوە و خۆی وەزیری نەوت بووە و عەبادییش سەرۆك وەزیران بووە\ بڕی بودجەی عێراق 850 ملیار دۆلار بووە، لەم 850 ملیار دۆلارە 450 دۆلاریان بە گەندەڵی دزراوە و خوراوە و بەفیڕۆ چووە“.

جا حەق بوو حەیدەر عەبادی پێش ئەوەی ھێرش بكاتە سەر كورد و باسی نەوتی كەركووك بكات، باسی ئەو 450 ملیار دۆلارە دزراو و بەفیڕۆچووەی بودجەی عێراق بكات كە بەشی ھەرە زۆری ھی نەوتی عێراقە. لە سبەینێوە و بە زنجیرە وتارێك باشتر حەسەن جەنابی و (الدولة العقيمة) وەبیر حەیدەر عەبادی دەھێنمەوە!