كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. شوێنەوارەكانی كفری مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

قەزای كفری، یەكێكە لە دێرینترین قەزاكانی هەرێمی كوردستان كە ئێستا لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ئیدارەی گەرمیانە و دەیان شوێنەواری تێدایە، بەڵام مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.

كفری كە بە شاری وەزیران ناسراوە، پێشتر سەر بە پارێزگای كەركووك بووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی تەعریبەوە خراوەتە سەر پارێزگای دیالە و دواتر لە ڕاپەڕینی ساڵی 1991 لە دەستی بەعس ڕزگار كرا و خرایە سەر پارێزگای سلێمانی و دواتر لەگەڵ پێكهێنانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان خرایە سەر ئەو ئیدارەیە.

لەمبارەوە ئەمڕۆ دووشەممە 18/10/2021 سەنگەر شێخ جامی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شوێنەواری هەرێمی كوردستان، بە (باسیوز)ی ڕاگەیاند: "بابەتی ئەو شوێنەوارانە نەك هەر لە كفری لە شوێنەكانی تریش وایە و لە شوێنەكانی تریش رۆژانە تێك دەدرێن و ئێمە كارمان لەسەر بونیادانەوە و دیزاینی قەیسەریی كفری كردووە كە بە بڕی شەش ملیار دینار نۆژەن بكرێتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە هێشتا ئەو بڕە پارەیە خەرج نەكراوە".

گوتیشی: "كێشەیەكی تر هەیە كە ئەو موڵكانە لە كفری و شوێنەكانی تریش موڵكی خەڵكن، خەڵك قبووڵی نییە بێ قەرەبووكردنەوە بۆیان نۆژەن بكەیتەوە و خۆشی ئامادە نییە دەنا ئێمە هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ كاركردن لەو بابەتە کردووە و ئەم کێشە هەستیارە تەنیا ئەوە نییە بە ڕووكەشی تەماشا بكرێ، ئێمە لە هەرێمی كوردستان ئیدارە و حوكمڕانییەكی تاڕادەیەك نوێین و ئەوەتا قەیران لەدوای قەیران هەیە، بەتایبەت لەڕووی  ئابوورییەوە، ئەگەر تەنیا هەموو شوێنەوارەكانی كفری نۆژەن بكرێتەوە، پێویستی بە 50 ملیار دینار هەیە، ئەی شوێنەكانی تر، ئیتر حكوومەت ئەو پارەیە لە كوێ بێنێت كە خەڵكیش ئامادە نەبێ لانیكەم هاوكارییەكی حكوومەت بكات یان كەرتی تایبەت، بۆیە دۆخەکە بەمشێوەیە، نەك هەر لە كفری لە شوێنەكانی تریش هەر وایە".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان لە كفری، كەلار، چەمچەماڵ و خانەقین زیاتر لە 500 شوێنەوار هەیە كە بەشێكی بەرچاوی ئەو شوێنەوارانە كەوتونەتە سنووری قەزای كفرییەوە.

دیارترین شوێنەوارەكانی قەزای كفری بازاڕی قەیسەری كفری، قەڵای پاشا، سەرای كفری و خانووی مەجید پادشای بابانە.