پارتی: بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەكانمان، دەبێ لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پێکەوە بین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پارتی: بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەكانمان، دەبێ لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پێکەوە بین

یەکێتی: گەشبینین بەم یەکڕیزییە و ئەم دەستپێشخەریەی پارتی گرنگە"

ئەمڕۆ، دووشەممە 18/10/2021، پاش کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، گوتەبێژی هەردوولا لە پرێس کۆنفرانسێکدا تیشکیان خستە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە قسەکانیدا جەختی کردەوە کە نایەڵین لەمەودوا حكوومەتی فیدراڵی خەڵكی كوردستان و لایەنەكان تەنیا بە بابەتی ناردنی پارەوە مەشغول بكات، ئەوە مافی خۆمانە.

گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم سەردانە سەردانێکی دۆستانەیە دوای پرۆسەی هەڵبژاردن و دەمانەوێت لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە بچینە بەغدا و لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا پێکەوە بین، بۆ ئەوەی مافە دیاریکراوەکانمان لە دەستووردا بپارێزین و ئەوانەی بەدەستیشمان نەهێناون، بەدەستیان بێنین''.

هەر لەم بارەیەوە، ئەمین بابەشێخ، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش گوتی: ''ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین کە لە بەغدا و هەرێمی کوردستان یەکڕیز بین، پێشوازی لەم دەستپێشخەرییەی ئەمڕۆی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەین و ئێمەش لە بەرنامەماندا بووە کە سەردانی لایەنەکان بکەین و پێشوازی لە هەموو دەستپێشخەرییەکیش بۆ یەکڕیزی دەکەین. گەشبینیشین بەو یەکڕیزییە''.

مەحموود محەمەد گوتیشی: "ماوەی ساڵێک پێش هەڵبژاردن لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومتی عێراقدا لیژنەی هاوبەش پێک هاتووە بۆ ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکان، بەڵام ئاستەنگی هاتووەتە پێش، وەکوو ئەوەی لە شنگال کرا و لە کەرکووکیش ئەگەرچی ئیمزاش نەکرابێت، بەڵام مەبادیئی ڕێککەوتنەکە هەبوو، کەچی تووشی ئاستەنگ بوو.

گوتەبێژی پارتی جەختی لەوەش کردەوە: "ئێمە لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی بڕیارمان دا سەردانی هەموو لایەنە کوردستانییەکان بکەین، بە ئەوانەشەوە کە کورسیی پەرلەمانییان نییە، بۆ ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان و بۆ ئەوەی هیچ درزێک نەبێت کە خەڵکی ناحەز بتوانێت بەکاری بێنێت و کێشە بۆ کوردستان دروست بکات".

مەحموود محەمەد گوتیشی: "لەسەر بابەتی سەرکۆمار هێشتا هیچ گەنگەشەیەکمان نەکردووە، چونکە پێویستە لیژنەیەکی تایبەت ئەو مافانە تاوتوێ بکات کە لە بەغدا هەمانە، ڕاستە سەرکۆمار پشکی کوردە، بەڵام لەوانەیە نەتوانین بڵێین پشکی فڵان لایەنە، چونکە ئەمە بۆ کوردستانە.

گوتەبێژی پارتی ڕاشیگەیاند: ''بەغدا لە یەک شتدا سەر کەوت لە ئەنجامی ئەو پەرتەوازەییەی لە کوردستاندا هەبوو، ئەویش بەوەی کە هەموو ئەو کێشانەی کە چارەسەر نەکراون، لەوانە ماددەی 140 و مەسەلەی پێشمەرگە و مەسەلەی نەوت و گاز و شایستە داراییەکانی لەوەدا چڕ کردەوە کە چۆن ئێمە مەشغووڵ بکات بە مەسەلەی 200 میلیار دینارەوە، بەڵام لەمەودوا نایەڵێن خەڵکی کوردستان بەو بابەتانەوە مەشغووڵ بکات، چونکە ئەوانە مافی خۆمانە و دەمانەوێت لە بودجەدا مافی خۆمان دیار بێت''.

گوتەبێژی یەکێتیش جەختی لەوە کردەوە: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باسی هیچ پۆستێک نەکرا، باسی شەراکەتی ڕاستەقینەمان کرد و جەختێکی زۆریشمان لەسەر بەرژەوەندییەکانی گەلی کوردستان لە بەغدا کرد و ئەوەی کە بە چ شێوەیەک دەتوانین بەرگری لە بەژەوەندییەکان بکەین، ڕاستە پۆستی سەرکۆمار پشکی کوردە و نەریتێکیش هەیە کە بۆ یەکێتی بووە، بەڵام ئەم پۆستە نابێتە هیچ کێشەیەک، چونکە ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە پاراستنی بەرژوەندییەکانە''.