باوکی ئامانج بابانی: ئێستاش چاوەڕێین لێكۆڵینەوە بكرێ و هۆكاری كوژرانی ئامانج و خێزانەكەی بزانین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

باوکی ئامانج بابانی: ئێستاش چاوەڕێین لێكۆڵینەوە بكرێ و هۆكاری كوژرانی ئامانج و خێزانەكەی بزانین

”ئێمە و خەڵكی كوردستانیش هێشتا بە گومانەوە سەیری ڕووداوەكە دەكەین“

ڕۆژی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٩، لە كاتێكدا خەڵكی كوردستان بە توندی سەركۆنەی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەریان دەكرد كە تاقمێكی یەكێتی كردیان و بوونە هۆی لەدەستدانی زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، لە میدیاكانی سلێمانییەوە دەنگۆی تیرۆركردنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەكەی بڵاوكرایەوە.

هەر پاش بڵاوكردنەوەی هەواڵی كوژرانیان، بەرپرسان و كەسانی جۆراوجۆر، لە نێویشیاندا ڕێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ڕووداوەكەیان بە تیرۆركردن وەسف كرد و سەركۆنەیان كرد. بەڵام دواتر میدیاكانی سەر بە تاقمێك كە ئەوسا لە سلێمانی باڵا دەست بوون، هاوتەریب لەگەڵ پۆلیس و ئاسایش، ڕووداوەكەیان وا وەسف كرد كە ئامانج بابانی هەم خۆی و هەم هاوسەر و منداڵەكەشی كوشتووە.

لەمبارەیەوە ئەمڕۆ یەكشەممە ١٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١، محەمەد نووری، باوکی ئامانج بابانی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ”ئامانجی کوڕم ڕۆژنامەنووسێکی ناسراو بوو، بە منداڵی کەسێکی ھێور و لەسەر خۆ بوو و زیانی بۆ ھیچ کەسێک نەبوو، ھەموو کەسێک ئەو ڕاستییە دەزانێت کە ئامانجی کوڕم ھەرگیز ئامادە نەبووە چۆلەکەیەک بکوژێت، ئیتر چۆن دەستی دەچێتە کوشتنی هاوسەر و منداڵەکەی خۆی؟“.

هاوكات ئەوەی نەشاردەوە كە هەرچەندە تازە كوڕەكەی لەدەست داوە و ناگەڕێتەوە، بەڵام ”ئێستاش چاوەڕێین لێكۆڵینەوە بكرێ“ و هۆكاری كوژرانی ئامانج بابانی و لانە محەمەدی هاوسەری و منداڵەكەی ئاشكرا بكرێت.

جەختیشی كردەوە كە هەرچەندە دادگا و دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی دۆسیەكەیان داخستووە، بەڵام ”هێشتا ئێمە و خەڵكی كوردستان بە گومانەوە سەیری رووداوەكە دەكەین“.

ئەمە لە كاتێكدایە كە رۆژی ٦ی ٢ی ٢٠٢٠، جەبار ئەحمەد شەریف، بەڕێوەبەری بەڵگەی تاوانی هەرێمی كوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای بەدواداچوونێکی تەواو بۆ بەڵگە ماددییەکان و پشکنینەکان، هەستمان کرد کە حەوت قەوانی فیشەک لە جۆری نمرە 9 لە کاتی رووداوەکە هەڵگیراوەتەوە لەلایەن ئەو کەسانەی کە لێدوانیانداوە کە گوللەکان لە یەک دەمانچە تەقیون کە دەگەڕێتەوە بۆ کەسی کوژراو ئامانج بابانی، ”ئێمە لە تاقیگەی بەڵگەکانی سلێمانی پشکنینمان بۆ ئەم حەوت قەوانە کرد و بۆمان دەرکەوت سێ لەو قەوانانە بەڵێ بە دڵنیاییەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دەمانچەیەی کە دەستیبەسەردا گیراوە (دەمانچەکەی ئامانج بابانی)، بەڵام چوار لە قەوانەکان بە دەمانچەیەکی دیکە تەقێنراوە کە ئەم دەمانچەیە دەستی بەسەردا نەگیراوە و دیارنییە". بەڵام دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی هیچ لێكۆڵینەوەیەكیان لەسەر ئەو چوار قەوانە نەكرد.