كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

دەنگۆی کاندیدبوونی هاوسەری دەمیرتاش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بڵاو دەبێتەوە

ماوەی دوو هەفتەیە میدیاكانی توركیا، باس لە کاندیدبوونی هاوسەری هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بۆ سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، دەکەن.

باشاك دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەیە، دوای دەستگیرکرانی هاوسەرەکەی لە ناوەندە میدیاییەکان.

میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن، کە باشاک دەمیرتاش خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا کاندید دەکات و تا ئێستاش نە هەدەپە و نە خودی باشاک دەمیرتاشیش هیچ لێدوانێکیان لەو بارەوە نەداوە.

موراد سابونجوو، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا، كە زۆر لەسەر كێشەی كورد دەنووسێت و كاری میدیایی دەكات، دیمانەیەکی لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاشدا كردووە و ئەو پرسیارەی ئاڕاستە كردووە، دەمیرتاشیش گوتوویەتی، ”شانازییە“ باشاك بچێتە ناو سیاسەتەوە.

سەڵاحەدین دەمیرتاش گوتویەتی: ”باشاك، خۆی بڕیار دەدات دەچێتە ناو سیاسەتەوە یان ناچێت؟ من شانازی بەوە دەكەم، كە ماوەیەكە گفتوگۆ لەبارەی كاندیدکردنی لە لایەن هەدەپەوە دەكرێت، بەڵام ئەم بابەتە نە لەگەڵ من باس كراوە و نە لەناو هەدەپەش بووەتە رۆژەڤ“.

سەڵاحەدین دەمیرتاش جەختی لە خۆشەویستیی خۆی بۆ هاوسەرەکەی کردووەتەوە و گوتویەتی: ”باشاک لەناو دڵی مندا سەركۆمارێكی هەڵبژێردراوە“.

باشاک دەمیرتاش خۆی وەكوو سیاسییەك دەبینێت، بۆیە لە زۆربەی دیمانەكاندا باس لە داهاتووی توركیا و چارەسەركردنی كێشەكان دەكات و بەردەوامیش ئاماژە بەوە دەکات، ئەو خەبات تەنیا بۆ ئازادبوونی هاوسەرەکەی ناکات، بەڵكوو چالاكوانێكە خەبات ”بۆ مافی هەموو كەسێكی بەشمەینەت“، دەكات.

ئەگەر هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی توركیا باشاک كاندید بكات، دەبێتە یەکەم ئافرەت لە مێژووی تورکیا رکابەری بۆۆ بوون بە سەرکۆماری ئەو وڵاتە، بکات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بەشێكی زۆری میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، هەدەپە نایەوێت بەم زووانە ناوی باشاك بهێنێت وەكوو كاندیدی ئەوان، بەڵام زۆربەی ئەندامانی سەركردایەتی پێیان باشە هەدەپە باشاک کاندید بکات، چونکە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بووەتە ناوێكی بەناوبانگ لە توركیا و دەرەوە.

تا ئێستا هەدەپە هیچ بڕیارێكی لەبارەی هەڵبژاردنی سەركۆماری توركیا نەداوە و دیار نییە کاندیدی دەبێت یان پشتگیریی کاندیدی ئۆپۆزیسیۆن دەکات. بەڵام بەهێزترین كاندید لەناو هەدەپە كە باسی لێوە دەكرێت، باشاك دەمیرتاش، هاوسەری سەڵاحەدین دەمیرتاشە.

زانیارییە کەسییەکان لەبارەی باشاك دەمیرتاش

- لە ساڵی 1977 لە ناوچەی سووری سەر بە ئامەد لە دایک بووە.

- لە ساڵی 2002 ژیانی هاوسەری لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاشدا پێكهێناوە و دوو کچیان هەیە.

- هیچ پۆستێكی لەناو هیچ حزبێکدا نییە.