گوتەبێژی فەرمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وەڵامی هاوپەیمانیی نه‌سڕ دەداتەوە و ئاماژەی بەوەداوە: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تاكڕه‌ویی و سیاسه‌تی مل پێ کەچکردن ڕه‌ت ده‌كاته‌وه".
ئەمڕۆ شەممە 16/10/2021، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە: "هاوپەیمانیی نه‌سڕ له راگه‌یانراوێكدا ئەو بڕیارانە بەبیردەهێنێتەوە کە سەرۆکی هاوپەیمانییەکە بە لووتبەرزییەوە دژ بە چه‌مكه‌كانی دیموكراتی و هاوبه‌شی دەریکردبوون، ئەمەش بۆ شاردنه‌وه و داپۆشینی شكسته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانیه‌تی كه دواهه‌مینیان ئه‌و شكسته‌ی بوو کە له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا تووشی ھات".
دەشڵێت: "گه‌لی عێراق ڕاستییەکانی بۆ ڕوون بووەوە و هه‌ڵبژارده‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی پێكا و ئەوەی سەلماند کە ئەو سیاسه‌تە سه‌ركه‌شانه‌یە زۆر ناخایەنێت. هەروەها هه‌وڵ و خواسته سه‌ركوتكارانه‌كه‌ی شكست پێهێنا و ره‌واندییه‌وه. مێژوو به درێژاییی سه‌رده‌مه‌كان، ڕاستیی شكستهێنانی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی سه‌لماندووه كه بۆ تێکدانی یه‌كڕیزیی عێراق و لە پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و هه‌نووکەیی گیراونه‌ته به‌ر".
ئەوەشی خستووەتە روو: "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خواستی بونیاتنانی ئایینده‌یه‌كی ڕۆشن و سه‌قامگیری هەیە كه هه‌موو پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و مەزهەبییەکان به ئاسووده‌یی له خۆی بگرێت. هه‌روه‌ها حکومەتی هەرێم، تاكڕه‌وی و دەستبەسەرداگرتن و سیاسه‌تی مل پێ کەچکردن لە ژێر ناوونیشانی زه‌ق و بریقەداردا - كه تەنانەت خاوەن بەیانەکەش باوه‌ڕی پێ نییه- ڕه‌ت ده‌كاته‌وه".
هەروەها ئاماژەشی بەوەداوە: "عێراقی ئه‌مڕۆ له هه‌موو كات زیاتر پێویستیی به سیاسه‌تێكی عه‌قڵانی و حەکیمانەیە كه له خۆسه‌پاندن و لایه‌نگیری و زێده‌ڕۆیی لە بەکارهێنانی هێز بە دوور بێت و ڕێگریی لە دەرکەوتنی خواستی دەمارگیرانە بکات".