كەركووك.. هێزە عێراقییەكان بەنیازن بنكە و بارەگا لەناو گەورەترین گوندی كوردنشین دروست بكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كەركووك.. هێزە عێراقییەكان بەنیازن بنكە و بارەگا لەناو گەورەترین گوندی كوردنشین دروست بكەن

"دانیشتووانی گوندەكە ناڕازین"

هێزە عێراقییەكان، دەیانەوێت بنكە و بارەگا لە ناوەندی گوندێكی كوردنشینی سەر بە كەركووك دروست بكەن و هاووڵاتییەكی گوندەكەش زانیاری لەو بارەوە دەخاتە ڕوو.

عیماد تۆپزاوەیی، خەڵكی گوندی تۆپزاوای كەركووكە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "گوندی (تۆپزاوا) نزیك شاری كەركووكە و بەدیاریكراوی دەكەوێتە نزیك فولكەی حەویجە و زیاتر لە 1500 خێزانی كوردی تێدایە كە گەورەترین گوندە لە سنووری پارێزگای كەركووك لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە، گوندەكەمان لە ساڵی 2003ەوە كێشەی نەبووە و بەشێكی بەرچاوی گەنجانی گوندەكە پێشمەرگە و ئاسایشن، ئێستاش هێزێكی سوپا هاتونە و هەروەها بلۆكیشیان هێناوە دەیانەوێت لە ناوڕاستی گوندەكە بارەگا دروست بكەن كە ئەوەش لای خەڵكی گوندەكە پەسەند نییە و بەشێك لە دانیشتووانی گوندەكە ئەمڕۆ شەممە 16/10/2021، گردبونەوە".

گوتیشی: "هیچ یاسایەك ڕێگە نادات سوپا و سەرباز لە ناو ماڵان و كۆڵاندا بێ و كەسێك بەناوی عمید محەمەدە كە عەمیدی سوپای عێراقە و ئێستا دانیشتووی گەڕەكی واستی شاری كەركووكە ئەو بلۆكانەی هێناوە بۆ دروستكردنی بارەگا و باسی لەوە كردووە كە 20 سەربازی تێدا دەبێت و خەڵكیش ناڕازین".

هاوكات ئەو هاووڵاتییە، ئەوەشی خستە ڕوو: "خەڵكی گوندەكە خاوەنی ئەنفالێكی زۆرن و گۆڕەكانیشیان هەر لە مەزارگایەكی گوندەكەیە و ساڵانەش یاد دەكرێنەوە و ئێستاش خەڵكەكە لەو كردەوەیەی سوپا نیگەرانن و داوا دەكەن چارەسەری ئەو كێشەیەیان بۆ بكەن".