داقووق.. تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر ژمارەیەك كاسبكار
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

داقووق.. تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر ژمارەیەك كاسبكار

 

ئێوارەی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای كەركووك، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر چەند هاووڵاتییەك و ئۆتۆمبێلێكیان سوتاند.

لەمبارەیەوە، لویس فەندی قائیمقامی داقووق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئیوارەی ئەمڕۆ شەممە 16/10/2021، ژمارەیەك هاووڵاتیی كە پیشەیان دروستكردنی خەڵوزە، چوونەتە سنووری ناوچەی تەلحەمەی سەر بە قەزای داقووق بە مەبەستی هێنانی دار".

گوتیشی: "لەو كاتەدا چەكدارانی داعش هێرشیان كردووەتە سەر ئەو هاووڵاتییانە، بەڵام خۆشبەختانە هاووڵاتییەكان توانیویانە خۆیان رزگار بكەن لە دەست ئەو تیرۆریستانە".

ئاشكراشی كرد کە تیرۆریستانی داعش ئۆتۆمبێلێكی لۆری پڕ داری ئەو هاووڵاتییانەیان بە دارەكانەوە ئاگر تێبەرداوە و سوتاندووە.

هەر لەمبارەیەوە، هیوا ڕەشید، بەرپرسی لیژنەی ناوچەی داقووقی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە سنووری داقووق چەمی رۆخانە هەیە كە چەمێكی پڕ دار و قامیشەڵان و سەختە، ئیتر جاروبار ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت بۆ دروستكردنی خەڵوز بچنە ئەو شوێنە دار بهێنن كە مەترسیداریشە".

گوتیشی: "بۆیە ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو چەند هاووڵاتییە چوونەتە ئەم شوێنە و لەوكاتەدا داعش هێرشی كردووە، بەڵام توانیویانە خۆیان لەدەست چەكدارانی داعش رزگار بكەن و ئێستاش ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە بۆردومان دەكرێت".