دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان دەكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

دەست بە دابەشكردنی نەوتی ماڵان دەكرێت

 

پارێزگاری سلێمانی ئاشكرای دەكات، ملیۆنێك و 500 هەزار لیتر نەوت لە بەغداوە گەیشتووەتە سلێمانی و بەم نزیكانە بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەكرێت.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە پرێس كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند: " تاوەكوو ئێستا ملیۆنێك و 500 هەزار لیتر نەوتی سپی لە بەغداوە گەیشتووەتە سلێمانی و لەنزیكترین كاتدا بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت".

پارێزگاری سلێمانی هەروەها گوتیشی: "هیوادارین بەغدا پابەند بێت بەو بڕیار و بەڵێنەی کە لەنێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق هەیە، بۆ ئەوەی پێش هاتنی وەرزی سەرما نەوت بگات بە هاووڵاتییان".

بەپێی زانیارییەكانی (باسنیوز)، ئەگەر یەك بەرمیل نەوت بە هەر خانەوادەیەكی هەرێمی كوردستان بدرێت، دەبێ نزیكەی 250 ملیۆن لیتر نەوت دابین بکرێت.

پێشتر، نافیز ناوپردانی، سەرۆكی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای ئەوەی حكوومەت بڕیاریدا نەوت بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكرێت، لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست بە دابەشكردنی نەوت كراوە، پلانی دابەش كردنەكەش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكان دەبێت و ئێمەش چاودێریی پڕۆسەكە دەكەین".

زیاتر گوتیشی: "بڕیارە ئەمساڵ دابەشكردنی نەوت هەموو سنووری پارێزگای هەولێر بگرێتەوە و سەرەتاش لە ناوچە شاخاوییەكان دابەش دەكرێت، بەپێی ئەو ڕێژەیەی كە دێت".