ژمارەی كورسییەكانی پارتی هێشتا كەمە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
بەرهەم عەلی 16/10/2021

ژمارەی كورسییەكانی پارتی هێشتا كەمە!

ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق، راگەیەندرا. پەیوەندییم بە لایەنە عەرەبیە شیعی و سوننیەكانەوە نیە، بەڵام وەكوو كورد و كوردستانی، زۆربەمان دڵخۆش بووین بەوەی لە كەركووك و نەینەوا و زۆربەی ناوچە داگیركراوەكانی تر، وەكوو كاندیدانی كورد و كوردستان، دەنگی زۆرینە و باشیان هێنا، هاوزەمان هەموو پارتیەكان و هەواداران و لایەنگران و دەنگدەرانی پارتییش، دڵخۆش بوون بەوەی پارتی ئەمجارەش لەسەر ئاستی عێراق و كوردستان، وەك حزب، براوەی یەكەم بوو.

ئەوەی زۆرتر هەردوولای دڵخۆش كرد \مەبەستم لایەنگرانی پارتی و كوردستانیانە بەگشتی\ ئەوە بوو كە لەسەر ئاستی كوردستان، ئەو پەرلەمانتارانەی پێشووی كورد كە ”وەك تەیری گول بەسەر داری ژەقنەبووتەوە نیشتبوونەوە“ و بەردەوام دژایەتیی هەرێمی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانیان دەكرد و هەندێكیان لەنێو هۆڵی پەرلەمانی عێراقدا بە درێژایی سێ ساڵی رابردوو، تەنانەت یەك قسەشیان نەكردووە كەچی نزیكەی رۆژانە یاداشتێكیان لە دژی هەرێمی كوردستان واژۆ دەكرد، ئا ئەو پەرلەمانتارانە كە ئەمجارە خۆیان كاندید كردەوە، هەر بە دەنگی خەڵكی كوردستان خرانە نێو زبڵدانی مێژووەوە و ئاوەوئاو چوون، هەندێكیشان هەر نەیانوێرا خۆیان كاندید بكەنەوە.

لەسەر ئاستی عێراقیش، مەبەستم عەرەبەیلی سوننە و شیعەیە، زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی دژایەتیی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد، ئەوانەی بەشداریی خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەریان كرد، پۆرتیان شكا و ژمارەی كورسیەكانیان بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو، بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كرد، ئەو خاڵەش دیسان مایەی دڵخۆشیی هەم پارتیەكان بوو هەم كورد و كوردستانیان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە.

بەڵام من لێرەدا وەك هاووڵاتیەكی ئاسایی ئەم كوردستانە خۆشەویستە دەپرسم: ئایا بەراورد بە ئەدا و رەوشی ناوخۆیی و ئاوەدانكاریی ناوچەكانی بن دەستیان و پێگە و هەموو هەنگاوەكانی حزبە كوردستانیەكان و حزبە عێراقیەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقیش لە ساڵانی رابردوودا، ئەو ژمارە كورسییەی كە پارتی هێناویەتی، كەم نیە؟ من بە قەناعەتی تەواوەوە دەڵێم: ”بەدەستهێنانی ٣٣ كورسی بۆ پارتی لەم دۆخە سیاسی و ئابوورییەی عێراق و هەرێمی كوردستاندا كەمە“، تكایە جارێ كەس بە لایەنگری بۆ پارتی، یان غروور و لەخۆباییبوون، لێم حاڵی نەبێ، سەرەتا لەم هۆكار و فاكتەرانەی باسیان دەكەم، ورد بنەوە، ئەوجا ئازاد بن لە بڕیاردان.

ئەگەر باس لە مێژوو بێت، پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بەڵگەوە لە هەموو ئەو حزب و رەوت و لیست و هێزە سیاسییانە دێرینترە كە لەم هەڵبژاردنانەدا بەشدارییان كردووە، ئەگەر باس لە خەبات و تێكۆشان و شۆڕش و یاخیبوون و راپەڕین بێت بۆ ئازادی، دیسان پارتی كە میراتگری خەباتی نەتەوەیی و ئازادیخوازیی بێوچانی زیاتر لە سەد ساڵ لەمەوبەری شێخانی بارزانە تا ئێستا، خاوەنی زۆرترین داستان و گیانفیدایی و قوربانیدان و تەنانەت ژمارەی شەهیدیشە، هەم لەسەر ئاستی كوردستان و هەم لەسەر ئاستی عێراقیش.

ئەگەر باس لە سەركردە دلێر و قارەمان و كاریگەر و كاریزمی و خۆنەچمێنەكانە، فەرموون دیسان لە شێخانی گەورەی بارزانەوە تا دەگاتە سەركردەی هەرە درەوشاوە مەلا مستەفا بارزانی و تا سەرۆك مەسعود بارزانییش، لێی ورد بنەوە، پارتی لەم رووەوە هێندە دەوڵەمەندە، كە حزب و لایەنەكانی دیكەی عێراق و كوردستان، ناگەن بە داوێنیشی، ئاخۆ هیچ حزبێك لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا، سەركردەی گەورەی نەتەوەیی و ئازادیخواز و بەهێزی وەك مستەفا بارزانی و ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی شك دەبات، تا لەم رووەوە شانازیی گەورەی پێ ببڕێت؟ بێگومان نەخێر.

ئەگەر باس، لە پێگە و ناو و ناوبانگی كوردستانی و عێراقی و هەرێمی و نێودەڵەتیە، باس لە پەیوەندیی دیبلۆماسیە، فەرموون دیسان لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانیەوە تا سەرۆك مەسعود بارزانی و نیچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، خۆتان لێكی بدەنەوە، بزانن لە چ ساڵێكدا شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەسەر مافی كورد و كوردستان، پەیامی گەیاندووەتە ناوەندە نێودەوڵەتیەكان، ئنجا بە مێژووی سەركردە بارزانیەكان و پارتیدا وەرن تا دەگەنە ئەوەی ئاخۆ تازەترین سەردان و دیداری دیبلۆماسیی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران لە كوێ بوو لەگەڵ كێ بوو، ئەو وەخت بزانن سەركردە باڵاكانی پارتی خەریكی چین و سەرانی حزبەكانی تریش خەریكی چین!

ئەگەر باس لە دەستكەوتە نەتەوەیی و سیاسییەكانە بۆ كوردستانیان، فەرموو مێژووی دوور و نزیك بخوێننەوە، بزانن لە یاخیبوونەوە تا و شۆڕش و راپەڕین، لە شەڕەوە تا دانوستاندن، لە مافی كولتوورییەوە تا ئۆتۆنۆمی و فیدراڵی و ریفراندۆم، ئاخۆ هیچ دەستكەوتێكی كولتووری و سیاسی و دەستووری و یاسایی بۆ كورد كوردستانیان هەبووە، جێدەست و نەخشی پارتیی بەسەرەوە نەبێت.

ئەگەر باس لە خیانەتی نیشتمانیە، فەرموون مێژوو بخوێننەوە، بزانن لە عێراق و لە كوردستانیش، حزب هەیە هێندەی پارتی مەلەفی خاوێن بێت؟ دە بێزەحمەت بەخێرایی سەیرێكی مەلەفی حزبەكانی تریش بكەن، بزانن چۆنە و جا بەراوردێك بكەن.

ئەگەر باس لە شكست و هەستانەوەكانە، دیسان چاوێك بە مێژوو و ئێستادا بخشێنن، بزانن هەر شكست و بێئومێدییەك كە رووی لەم بەشەی كوردستان كردووە، پارتی چ رۆڵێكی كارا و كاریگەری هەبوو لە نەهێشتنی و لە هەستانەوەكانی ئەم نەتەوەیەدا، لە هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشەكاندا، راپەڕین، دۆخە ئابوورییە سەختەكان، گەمارۆ سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكان، هەموو ئەمانە بە هیممەتی پارتی وەدی هات. ئەگەر باس لە هەڵوێستی نەتەوەییە لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستان، بڕۆن میژووی دوور و نزیك بخوێننەوە، بزانن سەركردە هەڵكەوتووەكانی بارزان لە پارچەكانی تری كوردستانی مەزن چیان نەكردووە لەپێناو بەرز راگرتنی شكۆی نەتەوەییمان.

ئەگەر باس لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانە، یان باس لە هەوڵدان بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووریی كوردستانە، فەرموون بەراوردێكی ئەو ناوچانە بكەن كە پارتی توانیویەتی سەدا سەد لەڕێی سەرۆكایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە حوكمڕانییان بكات، لەگەڵ ئەو ناوچانەی كە لەبەر هەر فشار و بارودۆخێك بێت، باش دەستی پارتییان نەگەیشتووەتێ، یاخود شارەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، جا بزانن چ جیاوازییەكی گەورە لەنێوانیاندا هەیە. ئەگەر باس لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵییش دەكرێ، فەرموو تەنیا لەو هەنگاوانەی دوو ساڵی رابردووی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، ورد بنەوە و سەیری ئەنجامەكانی بكەن، بزانن ئاخۆ هیچ حزبێك هەیە بە دروشم و قسەی زل نا، بە كردار، هێندەی پارتی لەڕێی حكوومەت و پەرلەمانەوە هەنگاوی كردەنیی بۆ چاكسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هاویشتبێت؟

ئەگەر باس لە یەك سەركردایەتی و دۆخی نێوخۆیی حزبەكانیشە، دیسان سەیری ئەدای سەرۆك بارزانی بكەن، سەیری حاڵ و دۆخی نێوخۆیی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەن و بەراوردی بكەن لەگەڵ دۆخ و حاڵی نێوخۆیی هەر حزبێكی تری كوردستانی و عێراقی، بزانن پارتی حزبێكی چەندە جێگیر و بەهێز و بەدیسپلینترە لە هەموو حزبەكانی تر.

ئەگەر باس لە بەرچاوڕوونی و ستراتیجە بۆ ئایندەی كورد و كوردستان، ئەوە من پێتان دەڵێم، لە كوردستانی باشووردا سەرۆكێكی لێڤەگەڕ هەیە بە ناوی مەسعود بارزانی و حزبێك هەیە بەناوی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەم سەرۆكە و ئەم حزبە تاكە سەرۆك و حزبن، لە هەموو كوردستانی باشوور، پلان و ستراتیج و دیدی تایبەتیان هەیە بۆ ئایندەی كورد و كوردستان، كۆمەڵێك حزب و كەسایەتی و سیاسەتمەدار و رۆشنبیر و خەڵكی دی غەیرە پارتییش هەن، لەوەدا هاوئامانجی پارتیین، باقیی هەموو حزبەكانی تر، خۆیان نە بەرنامەیان هەیە و نە پلان و نە ستراتیج، بەڵكوو تەنیا ئیشیان ئەوەیە كە ئەنتی پارتی بن.

جا لە روانگەی ئەو خاڵانەی سەرەوە، من وەك هاووڵاتیەكی هەرێمی كوردستان، بە هەموو قەناعەتمەوە دەنووسم: ”هەرگیز ناڵێم و نەشمگوتووە پارتی فریشتەیە و هیچ هەڵە و كەموكوڕییەكی نیە، بەڵام بڕواتان بێت، ئەگەر ئاستی هۆشیاریی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و ناوچە داگیركراوەكان و هەموو عێراقیش لەم ئاستەی ئێستا بەرزتر بێت، ئەگەر هاووڵاتی بە بیركردنەوەیەكی ورد و دوور لە هاشووهووش و سۆزی بێبنەما و ئینتیمای مەزهەبی و ئایینی و نەتەوەیی و عەشیرەتی و بەبێ بڕیاری پێشوەختە و رق و كینەی هەڵڕژاوی نێو فەیسبووك، بە ویژدانەوە دەنگ بدات، ئەوە بێ گومان دەنگ بە پارتی دەدات. بۆیە دەڵێم، گەرچی پارتی براوەی یەكەمە، بەڵام ژمارەی كورسییەكانی هێشتا كەمە.