كاریگەرییە زۆر خراپەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 16/10/2021

كاریگەرییە زۆر خراپەكانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر

ئایا لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 خیانەت لە كوردستان كرا؟ بەڵێ ئەوەی كە تاقمێكی ناو یەكێتی ئەو كاتە كردیان، بە گشت پێوەر و پێناسە و مانای خیانەتكردن، خیانەتی گەورە بوو لە نیشتمانی كوردستان، لای من وەك كوردێك ھەر لە یەكەم ڕۆژی خیانەتەكەوە ئەوە بڕاوەتەوە كە ئەوە خیانەتی گەورە بوو، بەڵام ئایا كاریگەرییە زۆر خراپەكانی ئەو خیانەتە لەسەر كوردستان چی بوو؟

1- وەھای دەبینم كە یەكەمین كاریگەریی خراپی ئەو خیانەتە گەورەیە، بێھێزكردنی كوردستان بوو لە دانوستاندنەكانی خۆی لە بەرامبەر عێراق، چونكە ئەگەر ئەو خیانەتە گەورەیە نەبوایە، لەو كاتەوە ھەتا ئێستا كورد بە دەسەڵاتی خۆیەوە بەسەر ھەموو باشووری كوردستاندا واتە بە ھەموو باشووری كوردستانەوە، دەچووە بەرامبەر عێراق و دانوستاندنی لەگەڵ عێراق دەكرد، نەك وەك ئێستا بە نیوەی باشووری كوردستانەوە گفتوگۆ و دانوستاندن لەگەڵ عێراقدا بكات!

بیھێنە پێش چاوی خۆت كە ئایا ھەڵوێستی كورد لە گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی خۆی لە بەرامبەر عێراقدا چەند بەھێز دەبوو كاتێك تۆ بە كەركووك و خانەقین و خورماتوو و ناوچە داگیركراوەكانی ترەوە بچیت دانوستاندن لەگەڵ عێراق بكەیت، لەگەڵ ئێستا كە بە ھۆی ئەو خیانەتە گەورەیەوە نیوەی باشووری كوردستان لەدەست كورد چووە و بە نیوەی باشووری كوردستانەوە دانوستاندن لەگەڵ عێراق دەكەیت.

2- ئەگەر ئەو خیانەتە گەورەیە نەبوایە و ئێستا گشت باشووری كوردستان لەدەست گەلی كوردستاندا بوایە، ئیتر دانوستاندن لەگەڵ عێراق بۆ ئەوە نەدەبوو كە چۆن پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق لیوای ھاوبەش دروست بكەن و پێشمەرگە چۆن بگەڕێنەوە مەخموور، بەڵكوو ئێستا ئەگەر دانوستاندن لەگەڵ عێراق بەردەوامیش بوایە، دانوستاندنەكە بۆ ئەوە بوو كە ئەگەر پێویست بكات عێراق وەك دراوسێیەكی كوردستان بەشێك لە سوپاكەی بێتە كوردستان، چۆن و كەی و بە چ میكانیزمێك ئەم سوپایە لەگەڵ پێشمەرگەدا بێتە ئەمدیوی حەمرین! جا سەیر كەن ئەو خیانەتە گەورەیە چۆن حەمرینی لێ كردین بە مەخموور؟

3- كاریگەرییەكی زۆر خراپی ئەو خیانەتە گەورەیەی 16 ئۆكتۆبەری 2017 لەوەشدا دەبینم كە پەروەردەی بەشێك لە گەنجانی كوردستانی شێواند، چونكە كاتێك كە بەشێك لە گەنجانی وڵات دەبینن بەشێك لە خۆ بەنیشتیمانپەروەرزانانی ناو حزبێكی دیاری كوردستان، ئا ئەوەھا و بە ئاسانی خۆیان و بەشێك لە خاكی كوردستان ھەرزانفرۆش دەكەن، ڕەنگە ئەوانیش ئەو پرسیارەیان لا دروست ببێت و بڵێن باشە كە ئەوان وا بكەن ئیتر من چی بۆ كوردستان بكەم و داوای چی لە من دەكەن؟

جا بەوەی باشە كە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەی بەشێك لەو گەنجانە، نموونەی داستانەكانی پێشمەرگە لە پردێ و سحێلا و مەحموودییە و تەلسقۆف ھەن كە بەو گەنجانە بگوترێت ئێوە سەیرێكی ئەو پێشمەرگانەی ناو داستانەكانی پردێ و سحێلا و مەحموودییە و تەلسقۆفیش بكەن كە چۆن لووت و لمۆزی خائینان و ئاغاكانیان شكاند، سەیرێكی ئەو خائینانەش بكەن كە ئێستا چۆن لێخراون و لەجیاتی ھەڕەشە و كەشوفش، گفتوگۆی ئەوە دەكەن كە بۆچی لە كوردستان دانەنیشن و بۆچی كوردستان بەجێ بھێڵن!