چەند سیناریۆیەک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق لە ئارادایە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

چەند سیناریۆیەک بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق لە ئارادایە

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی رۆژی 10ی ئۆكتۆبەری عێراق، لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە ئاشکرا کران و لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامانە، چاودێران پێیانوایە پێکهێنانی حکوومەتی عێراق ئاسان نابێت. هاوکات دوو سیناریۆش بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دەرکەوتوون.

نەخشەی هێزەکان لە عێراق

چاودێران پێیان وایە، بەپێی هەڵبژاردنی 10/10/2021 تا ڕادەیەک بەپێی ریزبەندیی کورسییەکان، گۆڕانکاری بەسەر نەخشەی سیاسیی هێزەکان لە عێراقدا هاتووە، کە بەپێی دوایین داتا و ئەنجامی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لەسەر بنەمای ژمارەی کورسییەکان، هێزەکان بەم شێوەیە دابەش بوون: (موقتەدا سەدر: 71 کورسی، حەلبووسی: 37 کورسی، مالیکی: 36 کورسی، پارتی دیموکراتی کورستان: 33 کورسی، ھادی عامری: 18 کورسی، سەربەخۆکان: 17 کورسی، یەکێتی: 16 کورسی، خەمیس خەنجەر: 12 کورسی، ئیمتداد: 9 کورسی، نەوەی نوێ: 9 کورسی، ئەشراقە كانوون: 6 کورسی، فالح فەیاز: 5 کورسی، ریان کلدانی: 5 کورسی، عەمار حەکیم + حەیدەر عەبادی: 5 کورسی، تەسميم: 4 کورسی، یەکگرتوو 3 کورسی، حقووق: 1 کورسی، کۆمەڵ: 1 کورسی، ئەقدار وەتەن: 1 کورسی و ئەلنەهج ئەلوەتەنی فەزیلە: 1 کورسی)، تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەش، ئەنجامی كۆتایی بە شێوەی فەرمی لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە رانەگەیەنراوە.

پێکهێنانی حکوومەت ئاڵۆزتر دەبێت

بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق هەروەکوو ئەوانی پێش خۆی ئاسان نابێت، هاوشێوەی حکوومەتەکانی رابردوو، گفتوگۆکان وادەی زۆریان پێویستە، چونکە ئەگەر سەیری پێکهێنانی حکوومەتەکانی رابردوو بکەین، ئەوا له‌ ئایارى 2018 هه‌ڵبژاردنى چواره‌مى په‌رله‌مانى عێراق كرا، بەڵام حكوومه‌تەکەی عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ 24ى تشرینى یه‌كه‌م راگەیەندرا، کە‌ زیاتر له‌ چوار مانگى پێ چوو. سه‌باره‌ت به‌ حكوومه‌تى (مستەفا كازمی)ش به ‌هه‌مان شێوه‌، دواى پێنج مانگ له‌ مشتومڕ و ركاربه‌ریى لایه‌نه‌كان، دروست بوو.

پێشتر رۆژنامه‌ى (شه‌رقولئه‌وسه‌ت) له‌ راپۆرتێكدا به‌راوردی له‌نێوان پرۆسه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌ته‌كان کردووە و ئاماژەی بەوە داوە، کە‌ هه‌ڵبژاردن دواى هه‌ڵبژاردن پرۆسه‌كه‌ زه‌حمه‌تتر ده‌بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌مجاره‌ به‌و ئاسته‌ ئاڵۆزه‌ گه‌یشتووه كه‌ ناتوانرێت پێشبینیشى بۆ بكرێت.

ڕۆژنامەکە پێكهێنانى یه‌كه‌م كابینه‌ى حكوومه‌تى عێراق به‌ ئاسانترین پرۆسه‌ وه‌سف ده‌كات، چونكه‌ ئه‌وكات سه‌ركرده‌ى یه‌كه‌مى حزبه‌كان راسته‌وخۆ له‌ناو پرۆسه‌ى سیاسیدا بوون، بۆیه‌ ده‌كرا پێشبینى بكرێت كه‌ كێ ده‌بێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران. وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له‌نێوان لایه‌نه‌كان، باس له‌وه‌ ده‌كات، حزبى ده‌عوه‌ ته‌نیا 12 كورسیى هێنابوو، ئه‌نجوومه‌نى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى لە عێراق 30 كورسیى هێنابوو، كه‌چى سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌ت به‌ ده‌عوه‌ درا.

به‌پێی راپۆرتى رۆژنامه‌كه‌، له‌ دوو هه‌ڵبژاردنى دواتردا لە 2010 و 2014 ده‌زانرا ركابه‌ریى توند له‌نێوان ئه‌یاد عه‌لاوى و نوورى مالیكى بوو، به‌ڵام له‌ هه‌ڵبژاردنى چواره‌م لە 2018 پرۆسه‌كه‌ ئاڵۆز بوو، ئه‌و كاته‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى دوور له‌ پێشبینییه‌كان بوو به‌ سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراق و دواتریش له‌ كانوونى یه‌كه‌مى 2019 له‌ژێر فشارى خۆپیشانده‌ران ده‌ستى له‌ كار كێشایه‌وه‌.

رکابەریی ئەمجارە

زۆر لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، رکابەریی ئەمجارەی نێوان لایەنە عەرەبە شیعەکان زیاتر و ئاڵۆزترە، چونکە رکابەرییەکە لەنێوان لایەنەکانی نزیک لە ئێران و موقتەدا سەدرە، بە شێوەیەک، زۆرینە وای دەبینن کێشەی گەورەی بەردەم ئەو حکوومەتە ئەوەیە، کە ئایا فراکسیۆنی زۆرینە (کورسی) کە موقتەدا سەدرە، دەتوانێ حکوومەت پێک بهێنێ، یان هاوپەیمانییەکی زۆرینە کە ژمارەی کورسییەکانی لە فراکسیۆنی براوەی هەڵبژاردن زیاتر بێت، کە ئەگەری هەیە هەموو لایەنە عەرەبە شیعەکانی نزیک لە ئێران، خۆیان لەناو یەک بەرەدا کۆ بکەنەوە.

سیناریۆکانی پێکهێنانی حکوومەت

چاودێران پێیان وایە، دوو سیناریۆی سەرەکی لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا هەن، کە ئەگەری زیاتر بۆ سیناریۆی دووەمە.

سیناریۆی یەکەم ئەوەیە، لیستەکەی موقتەدا سەدر لەگەڵ براوەی یەکەمی پێکهاتەی عەرەبی سوننە و لیست و لایەنەکانی کورد کە حەلبووسی و پارتی دیموکراتی کوردستانە، حکوومەتی زۆرینە پێک بهێنن.

لێرە پۆستی سەرۆک وەزیران بۆ براوەی یەکەمی عەرەبی شیعەکان، موقتەدا سەدر و سەرکۆمار بۆ کورد و براوەی یەکەم پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان بۆ عەرەبە سوننەکان و لیستەکەی حەلبووسی بێت.

سیناریۆی دووەم ئەوەیە، حکوومەتێکی تەوافوقی بەبێ ئۆپۆزسیۆن، هەروەکوو پێشتر لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی (لیست و لایەنەکانی کورد، عەرەبی سوننە و شیعەکان) پێکبهێنرێ، هەر بە عورفی پێشووش پۆستە سیادییەکان لە نێوان پێکهاتەکاندا دابەش بکرێت، سەرۆک وەزیران بۆ لایەنە عەرەبە شیعەکان و رێککەوتنی لەسەر بکرێ، سەرکۆمار بۆ کورد و رێککەوتنی لەسەر بکرێ، سەرۆکی پەرلەمان بۆ عەرەبە سوننەکان و رێککەوتنی لەسەر بکرێت.

ئێران و شکستهێنانی سیناریۆی یەکەم

لەمبارەوە بورهان فەرەج، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووتری کورد لە بەغدا، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند ھەنگاوەکانی پێکھێنانی حکوومەت دەستیان پێکردووە، گوتیشی: "هەر سێ کوتلەی سەدر و حەلبووسی و کورد دەتوانن حکوومەت پێک بھێنن، کە ژمارەی کورسییەکانی سەدر 71 و حەلبووسی نزیکەی 40 کورسی و کوردیش زیاتر لە 60 کورسیی هەیە، کە بە هەموان دەگەن بە پەنجا کۆ یەکی پەرلەمانی عێراق".

راشیگەیاندئەوان وای دەبینن، کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەوەیان پێ باش بێت، گوتی: "ھەر بەو هۆیەشەوەیە کە ئێران بەهۆی کەمیی کورسیی کوتلەکانی نزیک لە خۆی کەوتووەتە خۆی بۆ کۆکردنەوەی ماڵی عەرەبە شیعەکان، تاکوو بەو سیناریۆیەیان حکوومەت پێک نەهێنرێت".

ئەوەشی خستە ڕوو، عەرەبە شیعەکانی عێراق سزای عەبادی و حەشدی شەعبییان داوە، بەگشتی عەرەبە شیعەکان ئەوەی لەگەڵ کورد و عەرەبی سوننە خراپ بووە، بە گوتار، یان کردار سزا دراون و گوتیشی: "ئەوەی دەبینرێ، عەرەبی شیعەی عێراق و مەرجەعیەت، بەراورد بە حکوومەتەکانی پێشووتر، دەیانەوێت خۆیان لە باوەشی ئێران دوور بگرن".

جیا لە سەدر، پێکهێنانی هاوپەیمانی

هەر لەم بارەوە عالیە نوسەیف، سەرکردە لە دەوڵەتی یاسا بە (شەفەق نیوز)ی راگەیاندووە، هاوپەیمانییە نوێیەکە لە دەوڵەتی یاسا، هاوپەیمانیی فەتح و ژمارەیەک کوتلەی دیکە پێک دێت و دەبێتە لایەنێکی دانوستاندنکاری پێکهێنانی حکوومەت.

عالیە نوسەیف هەروەها رایگەیاندووە، هاوپەیمانییە نوێیەکەیان دەبێتە خاوەنی 85 کورسیی پەرلەمان، کە دەبێتە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی!

ئەو هاوپەیمانییەی دەوڵەتی یاسا، کە نووری مالیکی سەرۆکایەتیی دەکات، دەبێتە رکابەری کوتلەی سەدر، بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر. بەپێی دەستووری عێراق، گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت رادەسپێردرێت و پێشتر و چەند جارێک موقتەدا سەدر رایگەیاندووە، کوتلەکەی ئەو زۆرینەیە و گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە و حکوومەتی نوێی عێراق پێک دەهێنێت.