بەرپرسێكی پارتی: لە مێژووی كورددا خیانەتی هاوشێوەی 16ی ئۆكتۆبەر نەكراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەرپرسێكی پارتی: لە مێژووی كورددا خیانەتی هاوشێوەی 16ی ئۆكتۆبەر نەكراوە

"بەهۆی ئەو خیانەتەوە %51ی خاكی باشووری كوردستان لەدەست درا"

ماوەی چوار ساڵ بەسەر خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017دا تێپەڕ دەبێت كە بەهۆیەوە %51ی خاكی باشووری كوردستان لەدەست درا و ئەندامێكی سەركردایەتی حزبێكی توركمانی ڕایگەیاند ئەوەی حەشدی شەعبی بەسەر خەڵكیدا هێنا، بەعس و داعش نەیانكرد.

لەم‌بارەوە د. فەرهاد كەركووكی، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو خیانەتەی كە كرا دیارە كە خیانەتێكی گەورەی مێژوویی بوو، هەرچەند لە مێژووی كورددا خیانەتی زۆر كراوە، بەڵام ئەمەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 یەكێكە لە هەرە خیانەتە گەورەكان، ئێمە لە كاتێكدا بەردەوامین لە كاركردن و خەبات بۆ ئازادی و سەربەستی و ریفراندۆمان كرد بۆ ئەوەی ببینە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان، كەچی لەولاوە گرووپێكی خیانەتكاری ناو یەكێتیی كە دیارە كێن و ئێستاش بەشێكیان لەناو سەركردایەتیی یەكێتین و بەشەكەی تریان لە كەركووكن، ئەو خیانەتكارانە دەبێت بە سزای خۆیان بگەیەندرێن، چونكە گەورەتین خیانەتیان كرد و لە 51٪ خاكی كوردستانیان فرۆشت و پێشمەرگەیەكی زۆر شەهید كرا و تەعەدا لە خەڵك كرا، بۆیە پێویستە دادگایی بكرێن بۆ ئەوەی ببنە دەرس و عیبرەت و كەس نەوێریت خیانەتی وا بكات".

پارتی لە هەوڵی ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكاندایە

ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی خستە ڕوو: "لە شۆڕشی ئەیلوولەوە تاكوو ئێستا خیانەت لەسەر خیانەت كراوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە خەڵكی پێ چەواشە كراوە و نازانن چارەنووسیان بۆ كوێ دەبەن و ئەوانەی كە خیانەت دەكەن، دیارە كە بەرژەوەندیی كەسیی خۆیان هەیە و ئیتر گوێ نادەنە بەها نیشتمانی و ئایینی و مرۆییەکان، بۆیە لە یادی چوار ساڵەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەردا دەڵێین ریسوایی بۆ ئەوانەی كە خیانەتیان كرد و دیارە لەم هەڵبژاردنەشدا باجی خیانەتەكەیان لە كەركووك دا و كورسییەكانیان كەمی كرد و دەبوو زیاتر باجەكەیان بدایە، بۆیە وەك پارتی لە هەوڵی ئاساییبکردنەوەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانداین و هەمیشەش لە هەوڵی سەربەخۆیی كوردستاندا دەبین".

حەشدی شەعبی ماڵی خەڵك و بارەگای حزب و رێكخراوەكانی داگیر كردووە

هەر لەم پێوەندییەدا محەمەد عیرفان، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی گەلی توركمانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ماوەی چوار ساڵە كەركووك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر كراوە، ئەو كارەساتانەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا بەسەر خەڵكی كەركووكدا هێنرا، باوەڕ ناكەم بەعس و داعشیش وایان كردبێت، ئەوەی هەندێك لە گرووپە میلیشیاكان كردیان كە لە خورماتوو تەعەدای نامووسیان كرد و ماڵی خەڵكیان سووتاند، تەنانەت بولبولیشیان لەناو قەفەسدا سووتاندووە ئەوەندە ڕقیان لە خەڵك و خاك و ئاوهەوای ناوچەكە بووە، هەروەها لە كەركووك و ماڵی خۆم و ماڵی سەرۆكی حزبمان و بارەگاكەمان كە تاپۆن و موکڵی كەسیی خۆمانن لەلایەن حەشدی شەعبییەوە داگیر كراوە، هەروەها بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و چەند رێكخراوێكی دیكەش داگیر كراون و چۆڵی ناكەن بۆمان.

پێش 16ی ئۆكتۆبەر پێشمەرگە بێ جیاوازی خەڵكی دەپاراست

ڕاشیگەیاند: "ئەوەی بەسەر كەركووكدا هێنرا چاوەڕوانیی ئەوەمان نەدەکرد و هەندێك لەو گرووپە میلیشییایانە رێگە نادەن رێككەوتن دروست بێت بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی كەركووك، بەتایبەت لە بابەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە ئەوە بۆ هەندێ مەرامی سیاسیی خۆیانە و نایانەوێ بارودۆخی كەركووك ئاسایی ببێتەوە، دیارە قازانجی ئەوانیش لەو دۆخە نالەبارەدایە، بۆیە دووپاتی دەكەمەوە ئەوانەی دەیانەوێ ئەو دۆخە نەخواراوە لە كەركووك بەردەوام بێ، ئامانجیان داگیركردنی زەوی و ماڵ و موڵكی خەڵكە، هەروەها پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 پێشمەرگە پێكهاتەكانی كەركووكی بێ جیاوازی دەپاراست و ئەو واقیعە خەڵك دەیزانێ، بەڵام ئێستا هێزە میلیشیاكان ئەوەتا خەڵك بەبێ هۆ دەستگیر دەكەن و تەعەدا لە خەڵك دەكەن ئەو هێزانە نامۆن و دڵیان بە خەڵك ناسووتێت".