خەبات و خیانەت!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەگەر گوزەرێک بە مێژووی کوردەواریدا بکەین و چاوێک لەسەر شۆڕشەكانی کورددا بخشێنین، دەبینین هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو شۆڕشانە زیادبوونی فشار بووە لەسەر بەشێک لە میللەتی کورد. پێچەوانەی هەموو گەلانی دنیا، کورد لە کاتی ژیردەستەیی و زیادبوونی فشاردا ترسی نامێنێت و لەناکاو شۆڕشێکی خۆڕسک و پاکی کوردی سەر هەڵدەدات.

لە کتێبی (مێژووی کورد)دا کە بۆ پرۆگرامی خویندنی هەرێمی کوردستان نووسراوە، یەک دوو هوکار لە هەموو شۆڕشەکاندا ئاماژەیان پێ کراوە؛ پشتیوانیی خەڵک لە شۆڕش بووەتە هۆی سەرهەڵدان و سەرکەوتنی شۆڕشەکە و پێچەوانەکەیشی؛ خیانەتی هەندێک کەس و گرووپ بووەتە هۆی پووکانەوە و شکستی شۆڕشەکان. واتا خاڵی سێیەم بەدی ناکرێت. کورد واتەنی ئەخرێتە ژێر لێوانەوە.

کۆماری کوردستان لە مهاباد بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد، توانیی نموونەیەکی زیندووی دەوڵەتی کوردستان نیشان بدات، لە بواری ئیدارەی خۆجێیی و سوپا و کاروباری سیاسی و ئابووری و ئایینی و ...هتددا، کەچی خیانەت و هەڵگەڕانەوەی هەندێک گرووپ و لایەن بووە هۆی شکستی ئەو کۆمارەش و دواجار پێشەوا مەرگی لە ناوجەرگەی کۆماردا بە باشتر زانی لە ڕژانی خوێنی ڕۆڵەی کورد.

دوای کۆماریش بزووتنەوە کوردییەکان هەنگاو بە هەنگاو قۆناغی بەرگری و بەرخودانیان دەست پێکرد. بەڵام بەداخەوە ئەم جاریش دوژمنانی کوردستان دەستەوەستان نەبوون و بە گەلێک پیلان ڕوڵەی کوردیان خستەوە ناو یارییەکی مەترسیدارەوە، ئەویش بە دامەزراندنی حزب و کڕینی خەڵک لەناو بزووتنەوە کوردییەکاندا.

لە باشووری کوردستان بە سەرکردایەتیی مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا و توانیی بەشێکی زۆر لە باشووری کوردستان ڕزگار بکات و چەندین ساڵ بە سەربەستی ژیانیان بەڕێ کرد، بەڵام پیلانی دوژمنانی ناوخۆیی و دەرەکی، ئەو شۆڕشەیان تووشی نسكۆ كرد. دوای ئەوە لە باشوور حزبی تر لەژێر ناونیشانی دیکەدا پەیدا بوون، لە ڕۆژهەڵاتیش حزبی دیکە دامەزران، دواتر پیلانە گەورەکەیان خستە کار کە ئەویش دامەزراندنی حزب بوو بە ناوی چوارپارچەوە، ئەم پیلانەیان لە هەموویان ترسناکتر بوو، چونکە لە یەک کاتدا ڕووبەڕووبوونەوەی چوار دەوڵەت، نەک مەحاڵە، بگرە خزمەتی زیاتر بە دوژمنان دەکات.

لە تورکیاوە کە جەرگەی ناسیۆنالیزم و فاشیزمی تورکە، حزبێک دێتە پێشەوە ئیدعای خەبات لە هەررچوار پارچەی کوردستان دەکات، نەک هەر ناتوانێت هیچ کارێک بکات، بگرە کاری شۆڕشگێڕەکانی تریش تێک دەدات، بۆ نموونە، ڕۆژئاوای کوردستان چەندین حزب و شۆڕشگێری تێدایە و ڕێگە بە چالاکیی هیچ کامیان نادەن، لە باشوور دەبنە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ ئەزموونی هەرێمی کوردستان و چەندین جار هێرشی ڕاستەوخو دەکەنە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

تەنانەت پارتی کە خاوەنی 75 ساڵ خەباتە، وای نیشان دەدەن کە خیانەت بە کورد دەکات! لەملا و لەولاش بەزۆر پارە و سەرانە لە خەڵکی دەستێنن بە بیانووی ئەوەی بۆ ئەوان بوونەتە چەکدار. لەو لاشەوە، باوەڕیان بە هیچ پارتێکی شۆڕشگیری کوردستان نییە، ئیستاشی لەگەڵ بێت هەوڵی تەفرەقە و دووبەرەکی لە هەرێمی کوردستان دەدەن و پشتگیری لە لایەنێکی باشوور دەکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنێکی تر و کەم ڕۆژ هەیە دەستی خیانەتی کۆمەڵێک گرووپ نەگاتە کوردانی پارچەکانی تری کوردستان، بە جۆرێک وا دەزانن هەر کەسێک لەگەڵ ئەوان نەبوو، یان وەک ئەوان بیری نەکردەوە، ئیتر دوژمنی ئەوان و دوژمنی کوردە.

لە باشووریش دوای ڕیفراندۆمە مەزنەکەی سەربەخۆیی، هەمان کاریان بو لەناوبردنی ئەم ئەزموونە گرتە بەر، کە 16ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ی لێ کەوتەوە، دواتریش هەوڵەکانیان بەردەوام بوو تا ئەو کوردانەی پێچەوانەی ئەوان بیر دەکەنەوە هەزاران تومەتیان بۆ هەڵبەستن و گیان لەدەستدان و خنکان و خنکاندنی ڕوڵەی کورد بە دەستکەوت بۆ خۆیان دەزانن و هەمیشە وای دەردەخەن کە ئەوان خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزی کوردن، لە واقعیشدا وا نییە، چونکە مادام کارکردنیان تەنیا بۆ خۆیانە و بە تامی خیانەت لە کاری ئەوانی دیکە تێدەگەن، ئەوە زیان بە کوردەواری و بزاڤە ئازادیخوازەكەی دەگەیەنن.