سەركەوتنەكانی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆکتۆبەردا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
تەحسین وسو عەبدوڵڵا 16/10/2021

سەركەوتنەكانی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی 10ی ئۆکتۆبەردا

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دوای دوای کێشمەکێش و ناکۆکیی زۆر سەرئەنجام توانرا لە 10ی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدرێت ئەویش بە شێوەیەکی هێمنانە و تا ڕادەیەکی زۆر دوور لە توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێز و لایەنە جۆراوجۆرەکانی نێو پڕۆسەی سیاسی لە عێراق.

هەورەها لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو کە لە دوای ساڵی 2003 لە عێراق ئەنجام دراون، جیاواز بوو، هەم لەڕووی پابەندبوونی لایەنەکان لەمیانەی پڕۆسەی بانگەشە و هەمیش لەڕووی خاوێنیی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، بە جۆرێک لە دوای ساڵی 2003 یەکەم هەڵبژاردنە بەو شێوەیە بەڕێوە بچێت کە کەمترین سکاڵای لەبارەوە تۆمار بکرێت.

سەرەڕایی لایەنە ئیجابییەکانی هەڵبژاردنەکە، بەڵام بابەتی کەمیی بەشداری هاووڵاتییان جێگەی پرسیار و سەرنجە و دەرخەری ئەو واقیعەیە کە هاووڵاتی متمانەی بە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق کاڵ بووەتەوە، لەبەرئەوەی بێهیوا بووە لەوەی هەڵبژاردن بتوانێت ئەو گۆڕانکارییانە بێنێتە کایەوە کە ڕەنگدانەوەی داخوازییەکانی گەڵ بێت. لێرەدا ئەوەی مەبەستمە لە چوارچێوەی ئەم وتارەدا باسی لێوە بکەم، زیاتر ئەو لایەنەیە کە پەیوەستە بە هەرێمی کوردستان لە رووی ئەوەی ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە چۆن شی دەکرێتەوە لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرێمی کوردستان وەک خاڵێکی ئیجابی لێکدانەوەی بۆ بکرێت، بە جۆرێک کە لە چەند هۆکارێک بە سەرکەوتن هەژمار دەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی دەوڵەتی فیدراڵیدا، هۆکارەکانیش ئەمانەن:

یەکەم - سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەم هەڵبژاردنە، پارتی وەک حزبێکی کوردستانی نەک هەر کورسییەکانی کەمی نەکرد بەڵکوو بە پێچەوانەوە ژمارەی کورسییەکانی زیادی کردووە، بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاو کراونەتەوە، کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتوونەتە 33 کورسی، ئەمەش سەرکەوتنێکی بێوێنەیە بۆ پارتی لەپێناو بەرگریکردنی بوێر و دلێرانەتر لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. هەروەها پارتی بە شێوەیەکی تۆکمە و بە‌هێزترەوە وەک نوێنەری سەرەکیی خەڵکی هەرێمی کوردستان، سوورتر دەبێت لە چۆنیەتیی بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتەکانی خۆی لە بەرامبەر حکوومەتی عێراقی فیدراڵ لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و شایشتەکانی هەرێمی کوردستان.

دووەم - یەکێکی تر لە هۆکارەکانی ئەوەی کە دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە وەک سەرکەوتن بۆ هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت، پەیوەستە بە شکستهێنان و سەرنەکەوتنی ئەو دەنگە نەشازانەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە جۆرێک لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوو ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی کە لە ڕێگەی دەنگی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتبوونە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەڵام بە هەموو هێز و توانای خۆیانەوە بەردەوام لە بەرەی دژی هەرێمی کوردستاندا بوون، بە جۆرێک زۆرجار هەڵوێستیان زۆر توندتر و خراپتر بوو لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ پەرلەمانتارە عەرەبەکان.

بەڵام ئەوەی جێگەی تێبینییە لەم هەڵبژاردنە ئەو دەنگە نەشازانە نەیانتوانی بگەنەوە پەرلەمان، لەبەر ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئەوەیان بۆ ڕوون بووەوە کە چ لایەنێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکاندایە و چ لایەنێکیش پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان کار دەکات. بە کورتی هاووڵاتییانی سزای ئەو پەرلەمانتارە کوردانەیان دا کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیان کاریان دەکرد.

سێیەم - یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان پەیوەستە بە دابەزینی ئاستی ئەو لایەنانەی عێراقی کە بەردەوام کێشە و گرفتی گەورەیان بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکرد لە ماوەکانی ڕابردوودا، دیارترین کەسایەتیی سیاسی لەم بارەیەوە دەتوانین سەرۆک وەزیرانی پێشوو حەیدەر عەبادی وەک نموونە وەربگرین بە جۆرێک کە ژمارەی کورسییەکانی تا ڕادەیەکی وا کەم بووەتەوە کە ناتوانێت ببێتەوە کاراکتەرێکی کاریگەر لە داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق.

کەواتە؛ وەک دەرئەنجام دەکرێت بگوترێت ئیدی ئەو سەردەمە بەسەر چوو کە لە ڕێگای دژایەتیکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کەسێک یان لایەنێک بتوانێت دەنگێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە. لە هەمان کاتیشدا رەواجی ئەو پەرلەمانتارە ساختە و بێئیرادانە بەسەر چوو کە هەمیشە کاریان بریتی بووە لە دروستکردنی چەواشەکاری و پیشاندانی وێنە ڕاستەقینەکان بە پێچەوانەوە.