بەرپرسێكی پارتی: ئەو دۆخەی یەکێتی لە كەركووک خولقاندی، بۆ لەبیربردنەوەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەرپرسێكی پارتی: ئەو دۆخەی یەکێتی لە كەركووک خولقاندی، بۆ لەبیربردنەوەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بوو

 "پێویستە كورد لە قۆناغی داهاتوودا بە یەكڕیزی بچێتەوە بەغدا" 

ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ڕایدەگەیەنێت، خولقاندنی ئەو دۆخەی چەند ڕۆژی ڕابردووی كەركووك، بۆ ئەوە بوو، خەڵك خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان بیر بچێتەوە. دەشڵێت: "پارتی لە كەركووك دەیتوانی كاندیدێكی دیکەیش بۆ پەرلەمان سەر بخات".

لەوبارەیەوە، دیاری حوسێن، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك ـ گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی (باسنیوز)دا: “ئەو هێزانەی لە كەركووكن هێزی میلیشیایی خۆسەپێنن و لە چوارچێوەی یاساكانی عێراق كار ناكەن و ڕەنگە بە ئەجێندای دەرەوەش جموجۆڵ بكەن، خەڵكێكیش هەیە چاویان بەوە هەڵنایەت پارتی لەدوای چوار ساڵ لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، بەبێ ئەوەی بارەگای هەبێ و لەناو خەڵكەكەیدا بووبێ، لە هەڵبژاردندا سەركەوتنێكی لەم چەشنە بەدەست بهێنێت، ئێستاش كار دەكرێ بۆ ئەوەی بابەتێك دروست بكەن، یاخود شتێك بخولقێنن، بۆ ئەوەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر بەشێوەیەك لە شێوەكان لەبیر خەڵک بەرنەوە و چەواشەیات بكەن و خەڵك سەرقاڵی بابەتێكی تر بكەن”.

دیاری حوسێن، ڕاشیگەیاند: “ئەو دۆخەی كەركووك بۆیە خولقێنرا، كە كەركووك ئارامی بەخۆیەوە نەبینێ و كێشە هەبێ و خەڵك سەرقاڵ بكەن، بەڵام كەركووكییەكان دەزانن، كە ئەوانەی خیانەتی لێ كردوون كێن و تووشی ئێش و ئازاری كردوون، ئێستا كەركووك کەرکووکی سەردەمی رەحمەتی دكتۆر نەجمەدین نەماوە، بەڵکوو سەردەمی عەرەبێكی شۆڤێنیی وەك ڕاكان جبوورییە، كە براكانی داعش بوون، بۆیە پێویستە كەركووكییەكان هەرگیز ئەم شتانەیان بیر نەچێتەوە”.

سەبارەت بە هاتنەسەر خەتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی بۆ كۆتاییهێنان بەو رەشبگیرییەی چەند رۆژی رابردووی گەنجانی كورد لەلایەن هێزە سەپێندراوەكانەوە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیانی پارتی، گوتی: “هەردوو بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، لەسەر ئەو دۆخە نەخوازراوەی كەركووك  پەیوەندییان بە سەرۆكی حكوومەتی عێراقەوە كرد، بۆ ئەوەی ژیان لەو چەند گەڕەكە ئاسایی بكرێتەوە”.

سەبارەت دەرچوونی دوو کاندیدی پارتی لە هەڵبژاردن لە کەرکووک، دیاری حوسێن، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “ئێمە ئەگەر لە بازنەی یەكی هەڵبژاردنی كەركووك كاندیدێكی دیكەشمان هەبوایە دەردەچوو، بەڵام ئێمە لە واقیعدا خوێندنەوەمان وابوو، بەو حوكمەی چوار ساڵە لە كەركووك نیین، ناتوانین وەكوو پێویست بانگەشەی هەڵبژاردن زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، بەڵام دەرکەوت خەڵکی کەرکووک بە رادەیەکی بەرز پەرۆشی سەرکەوتنی پارتیین”.

بۆ دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی و چوونی پارتی بۆ بەعدا، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی ئەوەی خستە ڕوو: “كورد هەر كاتێك یەكڕیز و یەكدەنگ بێت، سەركەوتنی باش بەدەست دەهێنێت، كاتێك مەجلیسی حوكم لە بەغدا بوو، هەم جەنابی سەرۆك بارزانی و هەمیش خوالێخۆشبوو مام جەلال و ئەوانی تریش كە لەگەڵیان بوون، ڕۆڵی باشیان هەبوو سەبارەت بە نووسینەوەی دەستوور، ئەگەر ئەوان لەوێ نەبوونایە و یەكدەنگ نەبوونایە، ناتوانرا ئەو مادانەی ناو دەستوور، كە لە بەرژەوەندیی كورددان، جێگیر بكرێن و كاتێك كە مام جەلالیش سەرۆك كۆمار بوو، پرس و ڕا و گفتوگۆی لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەکرد، بەمەش توانرا یەكڕیزی بپارێزن”.

گوتیشی: “بەڵام ئەگەر كورد وەك جاری پێشوو یەكدەنگ نەبێت و پەرت بێت و پیلانگێڕی بكرێ و بۆ بەرژەوەندیی خەڵكی دیکە هەنگاو بهاوێژرێ، ئەوا زیان دەكات، ناشبێ شێوازی جاری پێشوو بۆ دانانی سەرۆك كۆمار دووبارە بێتەوە، دەبێت بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و بەپێی رێككەوتن كارەكان بكەین، عەرەبەكان بە رێككەوتن نەبێ دەنگ دەدەنە كەسێك، كە لە بەرژەوەندیی ئەوان بێ، كەسێك دەكەنە سەرۆك كۆمار بە گوێی ئەوان بكات، نەك بە گوێی كورد و سەرۆك بارزانی، بۆیە قۆناغی داهاتوو بۆ كورد گرنگە و دەبێت بۆ بەرژەوەندیی مافەكانی گەلی كوردستان ژیرانە لە بەغدا مامەڵە بكرێت”.