پارێزگاری هەولێر چەند ڕێکارێکی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی غاز ئاشکرا دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پارێزگاری هەولێر چەند ڕێکارێکی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی غاز ئاشکرا دەکات

“چەند بریکارێک لەوانەی غازیان گران کردووە دەستگیر کراون”

 پارێزگاری هه‌ولێر ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەو کۆمپانیایەی غازی شل دابین دەکات لەسەر هێڵین. دڵنیاییش دەدات کە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن.  ئاشکراشی دەکات کە، چەند بریکارێکی غازیان دەستگیر کردووە.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 16/10/2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: "ماوەیەکە ڕێژەی پێویستی غاز وەکوو ناوچەکانی دیکەی کوردستان ناگاتە هەولێر، بەڵام لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەو کۆمپانیایەی غازی شل دابین دەکات لەسەر هێڵین و لە هەوڵ داین، بەدڵنیایی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ دەکەین و چارەسەر دەبێت".

پارێزگاری هه‌ولێر ئاشکرای کرد، هەندێک بریکاری غاز دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و غازیان گران کردووە، گوتیشی: "چەند بریکارێکی غاز، غازی ماڵانیان گران کردووە، لەوانە چەند کەسێکیان دەستگیر کراون".

ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستە ڕوو، قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر چەند ڕێکارێک دەگرێتەبەر، گوتیشی: "بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی غاز، لە ئەمڕۆوە هەموو ئەو بريكارانەى غاز بەسەر هاووڵاتیياندا دابەش دەکەن، لەژێر سەرپەرشتیى راستەوخۆی قایمقامیەت دەبن و لەگەڵ هەر ئۆتۆمۆبێلێكى غاز پۆليسێك يان فەرمانبەرێك، لەگەڵ غازفرۆشەکە دەبێ، تاوەكوو دڵنیایی هەبێت، کە بڕی غازی دابینکراو له گەڕەکەکان بە نرخی دیاریکراو بەسەر هاووڵاتيیاندا دابەش دەكرێت".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش دا: "بۆ ئەو مەبەستە هەموو كارگەكانى غاز و هەموو بريكارەكانيش ئاگادار كراونەتەوه، هەر كارگەيەك، يان هەر بريكارێك بەو رێکارانە پابەند نەبێت بەتوندترين شێوه  سزا دەدرێت".

دووپاتیشی کردەوە: "ئەو رێکارانە لە قەزا و ناحیەکانیش جێبەجێ دەکرێن”.

هەولێر رۆژانە پێویستی بە 20 تانکەر غازی شل هەیه، بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەمتر لە 16 تانکەر هاتوون.