بۆچی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش دەترسێن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بۆچی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش دەترسێن؟

"لە هەر سێ حاڵەتی ژیانی هاوبەش، یەکیان جیا دەبنەوە"

کوڕ و کچێکی گەنج کە هەردوویان بەناو بازاڕی کەلوپەلی ناوماڵی شاری مەهاباددا بەردەوام لە نرخەکان دەپرسن و بە حەسرەتەوە لە قەنەقە و فەڕش و مۆکێت و کەلوپەلەکانی دیکە دەڕوانن، دەڵێن دوو ساڵە مارەبڕوای یەکترین، بەڵام لەبەر نەبوونی خانوو و گرانیی کەلوپەلی ناوماڵ هێشتا نەمانتوانیوە زەماوەند بکەین و ئەم دۆخە خەریکە نائومێدمان دەکات.

کچان و کوڕان سەڵتی هەڵدەبژێرن

بە ڕوانینێک بە گۆڕانکاری بەسەر جۆر شێوازی ژیان لەم سەردەمە لە جیهان، بێگومان ئەو گۆڕانکارییانە ئێران و کوردستانیشی گرتووەتەوە، ئەگەر چاوێک بە میدیاکاندا بگێڕین بە دەیان ڕاپۆرت و هەواڵی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە گرفت و لەمپەرەکانی بەردەم ژیانی هاوبەشی گەنجانمان بەرچاو دەکەوێت. ئەو گرفتانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە تەمەنی دیاریکراوی ژیانی هاوبەش چووەتە سەرەوە و بەشێکی زۆر لە کچان و کوڕان ئیتر بیر لە ژیانی هاوبەش و زەماوەند ناکەنەوە و سەڵتی و ژیانی تەنیایی و دوور لە قەرەباڵغیی بنەماڵە بە باشتر دەزانن.

هەرکام لە کچان و کوڕانی کورد بۆ هەڵبژاردنی ژیانی سەڵتی، هۆکار و پاساوی جۆراوجۆر دەهێننەوە، هەر لە بێکاری و دۆخی شپرز و ناسەقامگیریی ئابوورییەوە بگرە تاکوو سەرقاڵبوون بە خوێندن و گرانی و نەبوونی خانوبەرە.

ئەم پرسە دەکرێ وەک خەسارێکی جدیی کۆمەڵایەتی لێک بدرێتەوە و ئەگەر ڕێگەچارەی گونجاوی بۆ دەستنیشان نەکرێت لە داهاتوودا کاریگەریی نەرێنیی زۆری لەسەر کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت، چونکە دیارە سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە جۆرێک لە لاساییکردنەوەی کۆمەڵگە و شارەکانی دیکەی ئێرانە، ئێستا لە تاران و ئیسفەهان و شیراز و تەورێز ژیانی سەڵتیی کچان و کوڕان بووەتە باو و جۆرێک لە ژیان و کاتێک لە گەنجانی کورد و ئێرانی دەپرسن بۆچی زەماوەند ناکەن، تەنیا وەڵامیان ئەوەیە لە دۆخە شپرز و ناجێگیرە ئابوورییەدا کە هیچ هیوایە نییە کی دەتوانێ ژیان پێکەوە بنێت؟

کۆمەڵناسێک: هەندێ کولتوور و دابونەریت بەربەستن

کچ و کوڕێکی گەنج دەست لەناو دەست بەناو بازاڕی مەهاباددا دەسووڕێنەوە، ئەم کچ و کوڕە گەنجە کە سەرەتای ژیانیانە و دەبوا بزە و پێکەنین لەسەر لێویان بێت و بۆ بە هیواوە لە داهاتوو بڕوانن، کەچی خەمبار و دڵپڕ لە خەمن، لەبەر گرانیی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان، ناتوانن بڕیار بدەن و بەردەوام لە نرخەکان دەپرسن و بە حەسرەتەوە لە قەنەقە و فەڕش و مۆکێت و کەلوپەلەکانی دیکە دەڕوانن، دەڵێن دوو ساڵە مارەبڕوای یەکترین، بەڵام لەبەر نەبوونی خانوو و گرانیی کەلوپەلی ناوماڵ هێشتا نەمانتوانیوە زەماوەند بکەین و ئەم دۆخە خەریکە نائومێدمان دەکات.

لەم بارەوە غەفوور شێخی، کۆمەڵناس، توێژەری کۆمەڵایەتی و مامۆستای زانکۆی ئازادی مەهاباد بە پێگەی میدیایی (پەیامنێرانی گەنج)ی ڕاگەیاندووە: "دۆخی ناسەقامگیری ئابووری کاریگەریی زۆری بەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی ژیانی هاوبەش داناوە، کێشەی فەرهەنگی، نەبوونی هیچ ئومێد و هیوایەک بۆ ژیانی هاوبەش، پرسی خزمەتی سەربازی، گرانیی کەلوپەلی ناوماڵ و درێژەدان بە خوێندن و زۆر گرفتی دیکەی هاوشێوە بەشێکن لە بەربەستەکانی ژیانی هاوبەشی گەنجانی ئێرانی کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پرسە دەستێنێت، بوونی هەندێ کولتووری وەک دابینکردنی کەلوپەلی ناوماڵ (جهیزیە) لەلایەن بنەماڵەی بووکەوە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ زۆر بنەماڵە بووەتە گرفتێکی چارەسەرنەکراو".

ئامارەکان ڕاستییەکان دەخەنە ڕوو

بەپێی زانیاری و داتای ناوەندی ئاماری ئێران، 25 ساڵ پێش، ژیانی سەڵتی لە ئێران بۆ پیاوان نزیکەی 1.1٪ و بۆ ژنانیش 1.2 بووە، حەزکردن بە ژیانی سەڵتی لەناو ژنانی ئێرانی زۆر زیاترە لە پیاوان، بە جۆرێک لە ساڵی 1996وە تا ساڵی 2016 ئەو ئامارە لەناو پیاوان دوو بەرانبەر زیادی کردووە، بەڵام ژمارەی ئەو ژنانەی بە سەڵتی ژیاون سێ بەرانبەر زیادی کردووە و لەڕاستیدا ئامارەکە لەناو ژنان گەیشتووەتە 1.6٪.

دەبێ ئەوەش لە بەرچاو بگرین کە زانستی حەشیمەتناسی، تەمەنی 40 ساڵ بۆ ژیانی سەڵەتی بۆ ژنان بە ڕەوا دەزانێت. بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئێران ئێستا 10٪ی ژنانی تەمەن 35 تا 39 ساڵی ئێرانی بە سەڵتی دەژین و ئەمە لە کاتێکدایە کە ژنانی تەمەن 40 تا 44 ساڵ ئەو ڕێژەیە 6/8٪ە و لەناو ژنانی تەمەن 50 تا 54 ساڵێس ڕێژەکە گەیشتووەتە 1.3٪ کە بە سەڵتی دەژین.

لە هەر چوار حاڵەتی ژیانی هاوبەش، یەکیان جیا دەبنەوە

ماڵپەڕی تەسنیم-ی ئێرانی بە پشتبەستن بە بە نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی ڕەگەزنامە لەبارەی جیابوونەوە لە ئێران ئاشکرای کردووە، ئێستا بارودۆخی ژیانی هاوبەشی لە ئێران زۆر خراپە و بەهۆی قەیران و خەسارە کۆمەڵیەتییەکانەوە بەرەو هەڵدێر دەڕوات و بەپێی داتاکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2020دا لە ئێران، 127 هەزار و 318 حاڵەتی ژیانی هاوبەش تۆمار کراوە و تەنیا لە وەرزی بەهاری پاردا 34 هەزار و 659 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە و بەو پێیە دەردەکەوێت لە هەر سێ حاڵەتی ژیانی هاوبەش یەکیان لێک جیا دەبنەوە و ئامار و داتاکان دەری دەخەن زۆربەی ئەو حاڵەتانەی لێک جیا دەبنەوە ماوەی ژیانی هاوبەشیان زۆر کەمە و زۆربەیان کەمتر لە دوو ساڵ پێکەوە ژیاون.

داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران دەریان خستووە کە ڕێژەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە بە بەراوەری ساڵی پێشوو 39٪ زیادی کردووە و حاڵەتەکانی ژیانی هاوبەشیش لە هەمان ساڵدا 2٪ کەمی کردووە.

زەماوەندی سپی

سەعید پێوەندی یەکێک لە کۆمەڵناسانی ناسراوی ئێرانی لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی بی‌بی‌سی ڕایگەیاندووە: "کە گۆڕانکاری بەسەر شێوازی ژیان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووە و جۆرێک لە زەماوەند بەناوی "زەماوەندی سپی" لەو وڵاتە جێگەی گرتووە کە کچان و کوڕان بە رێککەوتن و بەبێ لە بەرچاوگرتنی هیچ یاسا و ڕێوشوێنە شەرعی و کۆمەڵایەتییەکان پێکەوە دەژین و ئامانجیان تەنیا ژیانە پێکەوە و هیچ بەڵێنی و دەروەستییەکیان لە هەمبەر یەکتردا نییە. "

جیاوازیی نەوەکان

ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەتا دێت جیاوازیی بیروبۆچوون لە نیوان نەوە یەک لە دوای یەکەکانی کۆمەڵگە دروست دەبێت و لێک تێنەگەیشتن و خەونی جیاواز و ڕوانینی جیاواز بۆ پرسی ژیان و ئایین و خێزان و ژیانی هاوبەش، بوونەتە هۆی لێکدابڕانی نەوەکان لە یەکتر و کچ و کوڕ پاش تەمەنی 18 ساڵی هیچ مەیلیان بە ژیانی هاوبەش نییە و بە دوای کاری سەربەخۆدا دەگەڕێن و نایانەوێ وەک نەریتی باوی کۆمەڵگە و باب و باپیرانیان بژین، یان سەڵتی هەڵدەبژێرن، یان لەگەڵ کچ، یان وکڕی دڵخوازی خۆی ڕێک دەکەون بە جیا لە بنەماڵە و بە شێوەی ژیانی سەردەمیانە کە ئێستا باوە بژین کە ئەمەش بەپێی یاساکانی ئێران قەدەغەیە و نایاساییە".

ماڵپەڕی میهر-ی ئێرانی بڵاوی کردووەتەوە بەپێی ئامار و داتایەک کە بڵاو کراوەتەوە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە 13 هەزار حاڵەتی ژیانی هاوبەش لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە و نزیکەی سێ هەزار حاڵەتی جیابوونەوەش تۆمار کراوە، بەو پێیە لە ەهر چوار حاڵەتی زەماوەند، یەکیان جیا بوونەتەوە.

لە ورمێ و سنە و کرماشان دۆخەکە چۆنە؟

بەپێی ئامار و داتاکانی دامەزراوەی تۆماری رەگەزنامەی ئێران کە تایبەت بە سێ پارێزگای ورمێ، سنە و کرماشان بڵاو کراوەتەوە لە ماوەی حەوت ساڵدا ڕێژەی حاڵەتەکانی زەماوەند و جیابوونەوە خراوەتە روو کە بەم چەشنەی خوارەوەیە.

کرماشان

لە ساڵی 2004 لە پارێزگای کرماشان، لە بەرانبەر هەر 89 حاڵەتی ژیانی هاوبەشدا حەوت حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، کەچی ساڵی 2011 لە بەرانبەر هەر 25 حاڵەتی ژیانی هاوبەشدا پێنج حاڵەتیان جیا بوونەتەوە.

پارێزگای سنە

لە ساڵی 2004 لە پارێزگای سنە، لە بەرانبەر هەر 40 حاڵەتی ژیانی هاوبەشدا هەشت حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، کەچی ساڵی 2011 لە بەرانبەر هەر 97 حاڵەتی ژیانی هاوبەشدا پێنج حاڵەتیان جیا بوونەتەوە.

پارێزگای ورمێ

لە ساڵی 2004 لە پارێزگای ورمێ، لە بەرانبەر هەر 47 حاڵەتی ژیانی هاوبەشدا 12 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە، کەچی ساڵی 2011 لە بەرانبەر هەر 20 حاڵەتی ژیانی هاوبەشدا هەشت حاڵەتیان جیا بوونەتەوە کە لە پارێزگای ورمێ ڕێژەی حاڵەتەکانی ژیانی هاوبەش بە ەبراورد لەەگڵ سەرتاسەری ئێران نەختێک لێک نزیکن، بەڵام ڕێژەی حاڵەتەکانی جیابووەنەوە لە ماوەی حەوت ساڵدا زەنگ و ئاگادارکردنەوەیەکی پڕ مەترسییە بۆ لێکهەڵوەشانی بنەماڵە لەو پارێزگایە.

دۆخی بێکاری و بوونی دیارەی کۆڵبەری لە شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵات و نەبوونی دەرفەتی کار و کارگەی وەبەرهێنان لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵات و لەسەرەوەبوونی ڕێژەی هەژاری، هەروەها لێک تێنەگەیشتن، جیاوازیی فەرهەنگی و ئایینی، جیاوازی بیروبۆچوون لە پەروەردە و بارهێنانی منداڵان و پابەندبوون بە بیروباوەڕە نەریتییەکان، هەروەها تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان و نەخۆشیی دەروونی و خەمۆکی بەشێکن لە هۆکارەکانی جیابوونەوە، هەر بۆیە گەنجان کەمتر مەیلیان لە ژیانی هابەشە و لێی دەترسێن و ئەزموونی کەسانی دەوروبەر و خراپیی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەمبارەوە زۆر هۆکارە.