سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانى بۆ دابینكردنی به‌نزین و نه‌وتی سپى ڕاسپارد، گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستانیش هاووڵاتییان دڵنیا ده‌كاته‌وه له‌وه‌ى حكوومه‌ت هه‌موو هه‌ولێك ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كان.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 14/10/2021، د. جووتیار عادل، گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕاگه‌یاندراوێكى بڵاو كرده‌وه و ده‌ڵێت: "حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ماوه‌ی ڕابردوودا به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه به‌نزین بۆ هاووڵاتییان به نرخێكی گونجاو دابین بكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆری به‌نزین له ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمى كوردستان هاورده ده‌كرا، كه ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ست بوو به نرخی نه‌وت، له ڕابردووش‌دا نرخی نه‌وت لەسەر ئاستی جیهاندا به‌رز بووه‌وه كه هاوكات بووه هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزینیش، هەروەها هەناردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان لە هەندێک دەروازە ڕاگیراوە، بۆیه مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی ڕاسپاردووه سه‌ردانی به‌غداد بكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له گرفته‌كان، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه سه‌رۆكی حكوومه‌ت وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كانی ڕاسپاردووه هه‌ماهه‌نگی بكه‌ن له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پلانی گونجاو بۆ هاورده‌كردنی به‌نزین دابنرێت تاوه‌كو له داهاتوودا قه‌یران دروست نه‌بێت".
گوته‌بێژى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌شى خستووه‌ته ڕوو: "سه‌باره‌ت به نه‌وتی سپی، وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان ڕاسپێردراوه بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته له ڕێگه‌ی دابینكردنی نه‌وتی سپی و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هاووڵاتییان له زووترین كاتدا، بۆیە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە حکوومەت هەموو هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە دەدات".