لە كابینەی نۆیەمدا، حەوت ترلیۆن دینار بۆ خزمەتی كەرتی تەندروستی خەرج كراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە كابینەی نۆیەمدا، حەوت ترلیۆن دینار بۆ خزمەتی كەرتی تەندروستی خەرج كراوە

 وەزیری تەندروستی: لە كابینەی نۆیەمدا سەرۆكی حكوومەت زۆر پشتگیریی كەرتی تەندروستیی كردووە 

لەگەڵ ئەوەی قەیرانی دارایی هەبووە، بەڵام كابینەی نۆیەمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان،  له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا، زیاتر له‌ حەوت ترلیۆن دیناری بۆ خزمه‌تی ته‌ندروستیی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان و پێویستییه‌ پزیشكییەکان و ژێرخانی كه‌رتی ته‌ندروستی خەرج كردووە. وەزیری تەندروستیش رایدەگەیەنێت، لە كابینەی نۆیەمدا، بە پشتیوانی و پاڵپشتیی سەرۆكی حكوومەت، زۆر پشتگیریی كەرتی تەندروستی كراوە.

به‌پێی داتاكانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ 10ی ته‌مووزی 2019 تا كۆتایی مانگی ئایاری 2021، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، 28 ملیار دیناری خه‌رج  كردووە، كه‌ سه‌ره‌تاوە به‌ په‌یڕه‌وی لە ڕێكاری ته‌ندروستی، هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشه‌نگه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه‌ بوو و له‌لایه‌ن جیهانه‌وه‌ ده‌ستخۆشیی لێ كرا.

ئامار و داتاكان دەدوێن

بەپێی ئامار و داتاكانی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ته‌نیا له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا و له‌ كه‌رتی ته‌ندروستیدا، نزیكەی حەوت ترلیۆن دیناری بۆ پێویستییه‌كانی ته‌ندروستی و چەند پڕۆژەیەی تەندروستی خەرج كراوە.

بەپێی ئامارەكان، 40 شوێن له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كۆڕۆنا ئاماده‌ كران، كه‌ ڕۆژانه‌ پێنج هه‌زار تێستی ئه‌و په‌تایه‌یان بێ به‌رامبه‌ر بۆ هاووڵاتییان تێدا ده‌كرێت و تێچووه‌كه‌شیان له‌ ئه‌ستۆی حكوومه‌تە. هەروەها سێ هه‌زار و 400 بوتڵی پلازما بۆ تووشبووانی كۆڕۆنا وه‌رگیراوه‌، كه‌ تێچووی هه‌ریه‌كێكیان لەسەر حكوومه‌ت، زیاتر له‌ 400 هه‌زار دینارە.

به‌پێی ئەو داتایانەی دەست (باسنیوز) كەوتوون، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵی ڕابردوودا، به‌ بڕی 43 ملیۆن دۆلار به‌ردی بناغه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی 100 قه‌ره‌وێڵه‌یی له‌ ئامێدی داندراوه‌ و جێبه‌جێ ده‌كرێت.

له‌ داتاكه‌دا ئاماژە بەوەش كراوه‌، 63 ملیار دینار بۆ دابینكردنی ئامێر و ده‌رمان و پێویستی بۆ نه‌خۆشخانه‌ و نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه‌ خه‌رج كراوه‌. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەكارخستنی ئامێری ستراتیجی (گاما نایف) لە هەولێر، كە یەكێكە لەو سێ ئامێرەی بۆ عێراق، دابین كراوە و تێچووی لە 8 ملیۆن دولار زیاترە. 23 ملیار دیناریش بۆ  ئامێرە گەورە و هەستیارە پزیشكییەكان خەرج كراوە، هەروەها زیاتر لە 8 ملیۆن دۆلاریش بۆ ئامێری دیکەی پزیشكی خەرج كراوە.

 لە ماوەی یەك ساڵی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناشدا، سەرووی 35 ملیۆن دۆلاری خەرج كردووە و ئێستاش بەردەوام مانگانە بودجەی تایبەت بۆ رووبەڕبوونەوەی كۆرۆنا تەرخان دەكرێت. هەر بە بڕیاری حكوومەت، چوار ملیۆن دۆلاریش بۆ بانكەكانی خوێن خەرج كراوە. لە لایەكی ترەوە، بە بەهای دوو ملیۆن دۆلار پاداشتی كارمەندانی تەندروستی کراوە، كە لە رووبەڕبوونەوەی كۆرۆنا رۆڵی گرنگیان هەبوو. جگە لەو خەرجییانە، مانگانە لە بودجەی بەردەوامی تەندروستی، كە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان خەرج دەكرێت، بۆ كڕینی ئامێر و كەلوپەلی تایبەتە.

پشتیوانی و پاڵپشتیی سەرۆكی حكوومەت بۆ كەرتی تەندروستی

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "كابینەی نۆیەم تا ڕادەیەكی زۆر باش و بە پشتیوانی و پاڵپشتیی سەرۆكی حكوومەت زۆر پشتگیریی كەرتی تەندروستی كراوە و لە كاتی قەیران و ناخۆشیشدا بودجەی بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخان كردووە".

ئاماژەی بەوەش دا، حكوومەت كاری بۆ ئەوە كردووە، ژێرخانی تەندروستی بەهێز بكرێت، گوتیشی: "ئێمەش بۆ بەهێزكردن و بنیاتنانی ژێرخانی تەندروستی، چاكسازی و ریفۆرمی تەندروستی دەكەین و لەسەریشی بەردەوامین".

 سامان بەرزنجی جەختی  كردەوە: "كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام هەوڵ بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان دەدات، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین خزمەتگوزاریی تایبەتی پێشكەش بە هاووڵاتییان كردووە و چەندین یاسای تایبەتیشی بۆ باشتركردنی كەرتی تەندروستی داناوە، ئەم هەنگاوانەی كابینەی نۆیەم، بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە ئەوان هەموو خەمێكیان بۆ خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێم كوردستانە".

لای خۆیەوە د. گەلاوێژ عوبێد، ئەندامی لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گرنگییەوە لە كەرتی تەندروستیدا كاری كردووە و هەوڵی بۆ باشتركردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان داوە".

زیاتر گوتیشی: "حكوومەت لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا لە بواری تەندروستیدا كاری زۆر باشی كردووە و بودجەی باشی بۆ تەرخان كردووە و نەیهێشتووە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان پەكیان بكەوێت".