ئەو گیایەی هێنانی بۆ کوردستان ئاستەم بوو، لە كانیاوێكی كوردستاندا بە خۆڕسكی دۆزرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئەو گیایەی هێنانی بۆ کوردستان ئاستەم بوو، لە كانیاوێكی كوردستاندا بە خۆڕسكی دۆزرایەوە

”بۆ پەلەوەر 70%، بۆ ماسی 50%، بۆ ڕەشەوڵاغ و ئاژەڵی دیكە نزیكەی 50% جێی ئالیکی دیکە دەگرێتەوە''

لە کوردستان ڕووەکێک دۆزراوەتەوە کە ئالیكێکی گرنگە و لە جیهاندا بە ئالیکی خۆڕایی ناسراوە و بۆ ئالیكی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی بەكار دێت.

حامید ئیسماعیل، دانیشتووی شاری سلێمانی و خاوەنی كێڵگەیەك لە شاری هەڵەبجە، بۆ یەكەم جار جۆرە ئالیكێك بە ناوی ئازۆلا دەهێنێتە كوردستان و كاری لەسەر دەكات و لەو بارەیەوە بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، سەرەتا چوار ساڵ لەمەوبەر ئەو ئالیكەی هێناوەتە كوردستان بۆ ئەوەی كاری لەسەر بكات، بەڵام بە حوكمی ئەوەی دەبێت ئەو ڕووەكە لەناو ئاودا هەڵبگیرێت، نەتوانراوە بە تەڕی بێت، بۆیە بە وشكی هێناویەتی و ئەگەرچی بەردەوام لەگەڵ چەندین ئەندازیاری میسری لە پەیوەندیدا بووە، کەچی سەركەوتوو نەبووە، بەڵام دوای ماوەیەك لە یەكێك لە كانیاوەكانی كوردستاندا ئەو ڕووەكە دۆزراوەتەوە.

ئەم جووتیارە دوای دۆزینەوەی ئەو ڕووەكە لە كانیاوێكی كوردستاندا، یەكسەر سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی هەڵەبجە و سلێمانی و زانكۆی سلێمانی دەكات و پێیان ڕادەگەیەنێنت كە ئەم ڕووەكە لە جیهاندا زۆر كاری لەسەر دەكرێت و ئێستا بە شێوەی خۆڕسك لە كوردستان هەیە، پێویستە كاری لەسەر بكرێت، لە بەرانبەر ئەو کارەدا ڕێز و پێزانینی وەرگرتووە، بەهۆی ئەوەی یەكەم كەس بووە كاری لەسەر ئەو ڕووەكە كردووە.

ڕووەكی ئازۆلا، گیایەكی خۆڕسكی سەرخەسی ئیسفەنجییە، بۆ ئالیكی ئاژەڵ و پەلەوەر و ماسی بەكار دێت، بە تەڕی زیاتر لە 49%ی پرۆتینە، بە وشكیش زیاتر لە 25%ی پرۆتینە، ئەم ڕێژەی پرۆتینەش لە ڕووەكێكدا زۆرە، بۆیە لە جیهاندا گرنگییەكی زۆر بەو ڕووەكە دەدەن، لە كوردستانیش بە خۆڕسكی لە كانیاوەكاندا هەیە.

ڕووەكی ئازۆلا لەناو ئاودا دەڕوێت و سەرئاو دەكەوێت، یەك جار تۆوەکەی بچێنرێت، 20 ساڵ بەردەوام دەڕوێتەوە و لە ڕووبەری 2.5 مەتر دووجادا ڕۆژانە كیلۆیەك بەرهەم دەدات.

بە قسەی حامید لە جیهاندا بە ئالیكی ئازۆلا دەگوترێت، ئالیكی خۆڕایی و دەشڵێت: ”بۆ قاز و مریشك و پەلەوەرەكانی دیكە بە ڕێژەی 70% و بۆ ماسی 50% جێی ئالیکی دیکە دەگرێتەوە، بۆ ڕەشەوڵاغ و ئاژەڵی دیكەش نزیكەی 50% جێی ئالیکی دیکە دەگرێتەوە، ئەمەش تێچوویەكی زۆر لا دەبات، بۆیە چاوەڕێین وەبەرهینەرەكان كاری لەسەر بكەن''.

ئەو جووتیارە ئەوەشی خستە ڕوو: ئامادەن یارمەتیی هەر كەسێك بدەن كە بیەوێت كار لەسەر ئەم ڕووەکە بكات، چونكە سوودێكی زۆر بە جووتیاران دەگەیەنێت، لە وڵاتێكی وەك میسر ئەوانەی لەسەر بانەكان مریشك بەخێو دەكەن، هەر لەسەر بانەكانیش ئەم گیایە بەرهەم دێنن، تا ئالیكیان خۆڕاییان هەبێت.