پێشمەرگەكانی ناوچەی سەرگەڕان بە ھانای خەڵكی گوندێكی كوردییەوە دەچن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

پێشمەرگەكانی ناوچەی سەرگەڕان بە ھانای خەڵكی گوندێكی كوردییەوە دەچن

شەوی ڕابردوو ژمارەیەك چەكداری داعش ھەڵدەكوتنە سەر گوندێكی كوردی سنووری ناحیەی سەرگەڕان سەر بە قەزای دووبز لە سنووری پارێزگای كەركووك، دواتر ژمارەیەك پێشمەرگەی ناوچەی سەرگەڕان تەقە لە چەكدارەكان دەكەن و ئەوانیش ھەڵدێن.

ئه‌مڕۆ، پێنجشه‌ممه‌ 14/10/2021، پەیامنێری (باسنیوز) ڕایدەگەیاند: شەوی ڕابردوو ژمارەیەك چەكداری داعش، كە ژمارەیان زیاتر لە 10 چەكدار بووە و جلوبەرگی سەربازیان لەبەر بووە ھەڵدەكوتنە سەر گوندی لھێبانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان و بە شوێن چەند ھاووڵاتییەكدا دەگەڕێن كە لە كۆمپانیایەكی نەوت كار دەكەن، بەڵام كەس ناونیشانی ئەو كەسانە بە چەكدارەكان نادات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: خەڵكی گوندەكە بە ھاوكاریی ژمارەیەك لە پێشمەرگەکانی ناوچەی سەرگەڕانی پارتی دیموكراتی كوردستان، تەقە لە  چەكدارەكان ده‌كه‌ن و دوای ئەوە تروریستەکان ھەڵدێن.

گوتیشی: ئەو چەكدارانە ژمارەیەك مۆبایلیان لە خەڵكەكە وەرگرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

لەم باریەوە، جەواد محەمەد، بەرپرسی ناوچەی دووبزی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، دوای هێرشەكەی داعش بۆ سەر گوندی لهێبانی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان، ئێستا دانیشتوانی گوندەكە دەیانەوێت گوندەكەیان چۆڵ بكەن، یان ئەوەتا هێزیان بۆ دابین بكرێت، چونكە گوندەكەیان كەوتووەتە بۆشایی ئەمنیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.