مامەڵەی دەرکردنی كارتی نیشتمانی و پاسپۆرت دەست پێده‌كاته‌وه‌
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مامەڵەی دەرکردنی كارتی نیشتمانی و پاسپۆرت دەست پێده‌كاته‌وه‌

بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان ئاشكرای کرد، دەست کراوەتەوە بە مامەڵەی دەرکردنی كارتی نیشتمانی و پاسپۆرت.

لیوا هێرش ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو كۆمپانیا ئەڵمانییەی ئەرکی کارتی نیشتمانیی پێ سپێردراوە، سێرڤەرەکانی نۆژەن کردەوە، بۆیە مامەڵەی دەرکردنی کارتی نیشتمانی ڕاوەستابوو، کە لە ئەمڕۆوە دەست بە مامەڵەکان کراوەتەوە''.

ئاماژەی بەوە دا: "مامەڵەی دەرکردنی پاسپۆرتیش دەستی پێ کردووەتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی فەرمانگەکانی پاسپۆرت بکەن و هیچ کێشەیەک نییە و مامەڵەکان بە ئاسایی بەڕێوە دەچن''.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا 17 هەزار كارتی نیشتمانیی ئەو كەسانە گەڕایەوە كە لە چەند مانگی ڕابردوودا مامەڵەیان پێشكەش كردبوو، چاوەڕوانی كارتەكانیان بوون.

بەڕێوەبەری گشتیی ڕەگەزنامەی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە ڕوو: "جگە لەو 17 هەزار کارتە، هێشتا کارتێکی زۆری هەرێمی کوردستان ماوە کە لە بەغدا بگەڕێتەوە".

هێرش ئەحمەد گوتیشی: "لێرە ڕاستەوخۆ مامەڵەکان دەنێردرێت و دواكەوتنی هاتنەوەی كارتی نیشتمانی پەیوەندیی بە بەغداوە هەیە، بەهۆی ئەوەی چاپكردنی كارتەكە لە بەغدایە، بۆیە تاوەكوو بەغدا چاپی نەكات، ناگەڕێتەوە".

لە بنكەكانی كارتی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان مامەڵەی هاووڵاتییان وەردەگیرێت و لە ڕێگەی تۆڕێكی كۆمپیوتەری بەستراو بە ئینتەرنێتەوە دەنێردرێت بۆ بەغدا.