بۆچی پارتی لەم هەڵبژاردنەشدا براوەی یەكەم بوو؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بۆچی پارتی لەم هەڵبژاردنەشدا براوەی یەكەم بوو؟

ئه‌حمه‌د كانی: چاکسازی و چالاکییەکانی حکوومەت هۆکاری سەرەکیی سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ن

دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق، زۆرترین باس و خواسی ئەنجامەكان، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە و میدیاكان، جارێكی تر سەرکەوتن و زیادبوونێکی بەرچاوی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بە جۆرێک کە بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی كۆنسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رایگەیاند، ژمارەی کورسیی سەرجەم پارتە سیاسییەکانی کوردستان، هەموویان پێكەوە، ناگاتە ژمارەی کورسییەکانی ئەمجارەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، کە تاوەکوو ئێستا نزیک بووەتەوە لە ٣٣ کورسی. چاودێرانی سیاسییش باس لە هۆكارگەلێك دەكەن كە لەپشت ئەم سەركەوتنانەی پارتیەوەیە. 

جەماوەری پارتی

لە سنووری پارێزگای هەولێردا، پارتی ژمارەیەكی بەرچاو كورسیی بەدەست هێناوە و بەرپرسانی حزبەكە پێیان وایە تا ئاستێكی زۆر باش تەكنیك و تەكتیكی هەڵبژاردنەكە، جێبەجێ كراوە. ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، پێوەند بە سەركەوتنی پارتی بۆ (باسنیوز) دەڵێت: "پارتی خاوەنی مێژوویەکی پڕ سەروەرییە، هەروەها بوونی سەرۆک بارزانی، کە ڕێبەری کوردە و كاراترین سەركردەیە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و ناوچەكەش، هەروەها ئەو خزمەتانەی پارتی لەڕێی سەركردایەتیكردنی حكوومەتی هەرێمەوە پێشكە بە خەڵكی كردووە، وێڕای دڵسۆزیی خەڵکیش بۆ پارتی و هەنگاوەكانی، هۆکارە بۆ سەرکەوتنەکانی پارتی بەتایبەت لەم هەڵبژاردنە، جەماوەری پارتی، جەماوەرێکی پڕهیوا و خۆڕاگرە، پارتی بۆ ئەم هەڵبژاردنەش بەرنامە و پلانێکی رێکوپێکی هەبوو و جەماوەری پارتیش پابەندی رێنوێنی و دابەشکاریی دەنگدان بوون کە حزب دایڕشتبوو، بەتایبەت لە سنووری لقی دوو لە هەولێر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کە سەرجەم بەربژێرەکان دەنگی پێویست بەدەست بهێنن".

پارتی بەدیسپلینترینە

ئاری مامەشەیی، چاودێری سیاسی و توێژەر و خاوه‌نی بڕوانامه‌ی دکتۆرا لە بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئۆسلۆ لە نەرویج، سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی عێراق زیادبوونی کورسییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "پارتی دیموکراتی کوردستان رێکخراوترین و بە دیسیپلینترین پارتی سیاسییە کە دەتوانێت کاریگەرانە دەنگدەر و لایەنگرانی کۆ بکاتەوە، کورسییەکانی پارتی بەرز بوونەتەوە بە بردنەوەی ٥١٪ دەنگی کۆی گشتیی کوردستان، سەرباری نەبوونی لە ناوچە دابڕاوەکان، پارتی بە دەنگێکی بەهێزەوە لەو ناوچەیە دەرکەوتەوە، تەنانەت زۆرینەی کاندیدەکانی حەشدی شەعبی لە نەینەوا لە بەرامبەر کاندیدەکانی پارتی دۆڕان. بۆیە لە دوای ئەم دەنگ و گەڕانەوەیە دەبێت چاوەڕێی گفتوگۆ بین لەبارەی دۆخ و ئیدارەی ئەو ناوچانە". 

چاکسازی و کار و پڕۆژەکانی حکوومەت

لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٨ ئەنجام درا پارتی دیموکراتی کوردستان ٢٥ کورسیی بەدەست هێنا بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەمجارە و بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق نزیک دەبێتەوە لە ٣٣ کورسی.

سەبارەت بە هۆکارەکانی زیادبوونی ژمارەی کورسییەکانی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەمجارە ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی دووی پارتی لە هەولێر رایگەیاند: "چاکسازییەکان و پڕۆژە و چالاکییەکانی حکوومەت كە پێكهێنەری سەرەكی و سەرۆك وەزیرانەكەی پارتییە، هۆکارێکی دیكەی سەرەکین بۆ ئەو سەرکەوتنە و دەستکەوتی ئەمجارەی هەڵبژاردن، هەر پارت و لایەنێکی تێگەیشتوو لە پرەنسیپەكانی دیموكراسی، لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا باس لە کارە باشەکانی خۆی دەکات، ئێمەش بە شانازییەوە باسمان کردووە و کاریگەرییەکی زۆری هەبووە".

كانی پێشیوایە کە زیادبوونی کورسییەکانی پارتی لە پەرلەمانی عێراق کاریگەریی زۆری دەبێت لەسەر بەهێزتربوونی کورد لە پەرلەمان، ناشیشارێتەوە کە یەکڕیزیی لایەنەکان لە داهاتوودا، ڕۆڵی خۆی لەم نێوەندەدا دەبێت.

ژمارەی کورسییەکانی کورد زیاد بوو

پێوەند بە رێژەی بەشداریکردنی خەڵک و ژمارەی کورسییەکانی کورد، ئاری مامەشیی لە درێژەی لیدوانەکەیدا رایگەیاند: "بەرزترین رێژەی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق لە دهۆکە، سلێمانییش رێژەی دەنگدانی لە هەرێمی کوردستان، كەمترینە، ژمارەی کورسییەکانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەرز بووەتەوە بۆ نزیكەی ٦٣ كورسی، کە رەنگە ئەنجامەکانی کۆتایی یەک دانەی دیکەی بخاتە سەر، ئەمەش بەروارد بە هەڵبژاردنی پێشوو پێگە و دەنگێکی بەهێزترە بۆ کورد، ئەم دەنگ زیادبوونە لە ناوچە دابڕاوەکانەوەیە، بێجگە لەوە ژمارەیەک کورسیی کۆتای پێكهاتەكانی هەرێمی کوردستانیش هەن، کە کوتلەی کوردستان بەهێزتر دەکات". 

داواکەی سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی بەبۆنەی سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سەركەوتنی پارتییەوە، پەیامێكی بڵاو كردەوە و رایگەیاند كە پێویستە ئەو سەركەوتنەی پارتی ببێتە هۆی ئەوەی بەرپرس و كادیر و ئەندامانی پارتی زیاتر خزمەتی خەڵك بكەن.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی دەڵی: "سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن سەركەوتنی ئیرادەی گەل و سەركەوتنی دیموكراسییە. هەر بۆیەش هیوادارم لە دوای ئەم هەڵبژاردنە گرنگە لایەنە كوردستانییەكان یەكڕیز و تەواوكاری یەكتری بن. هیوادارم هەموو لایەنەكان بەیەكەوە و بۆ یەك ئامانجی هاوبەش و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی كوردستان و بەرگریكردن لە ماف و دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان كار بكەن، لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ بنیات بنێنەوە. جارێكی تر سوپاس بۆ گەلی كوردستان و سوپاسی تایبەتیش بۆ خوشك و برایانی خۆڕاگر و خاوەن بیروباوەڕ لە كەركووكی دڵی كوردستان".