ئاڵای کوردستان لەناو چەقی رووباری نیلدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هیوا ئه‌حمه‌دی 13/10/2021

ئاڵای کوردستان لەناو چەقی رووباری نیلدا

ماوەیەک لەمەوبەر من و دوو برای گەورە و بەڕێزم کاک قادر عەزیز بەیگی و کاک ئەنوەر پوویا، بە سەفەر چووینە قاهیرەی پێتەختی وڵاتی میسر.

لەو گەشتەدا، سەردانی زۆر شوێن و شوێنەواری مێژووییمان کرد کە لەمێژ ساڵ بوو تاسەی دیداریان لە دڵمدا بوو، بەڵام لە هەمووی ئەوانە خۆشتر گەشتێکی کەشتیی چەند سەعاتیی شەوانە بوو کە بەسەر رووباری نیل و بە ناوەندی شاری قاهیرەدا ڕادەبورد.

لەناو کەشتییەکەدا، چەندین گەشتیاری تێدا بوون کە هەر کام سەر بە نەتەوەی جیاواز و لە وڵاتی جیاوازەوە هاتبوون.

پیاوێکی بەڕاستی هونەرمەند کە گرتەڤیدیۆیەکی کورتی لە خوارەوە لێ دادەنێم، پاش هونەرنەماییەکی سەرسووڕهێنەر، بۆ ڕێزگرتن لە خەڵکەکە، ئاڵای یەک بە یەکی ئەو وڵاتانەی دێنا کە خەڵکیان لەناو کەشتییەکەدا بوو. ئەوجار دەیبردە لای گەشتیارانی سەر بەو وڵاتە و لەسەر مێزی دانیشتنەکەیان هەڵی دەدا.

لەو کاتەدا من و ئەو دوو هاوڕێیەم، زۆر زگیر و نیگەران بووین کە ئاخۆ بڵێی ئاڵای ئێمەشیان لا هەبێ؟ تۆ بڵێی کورد و ئاڵاکەی بناسن؟
ئەگەر تەنیا لەناو ئەو هەموو خەڵکەدا هەر ئێمە و هەر مێزی ئێمە بێ ئاڵا مایەوە، چی بکەین؟
مێزەکان هەر دەهات و بە ئاڵای وڵاتەکان دەڕازانەوە. وەک ئەوەی وابوو هەر وڵاتەی لەبەردەم سەفارەتخانەکەی خۆی، بەڵام لەناو ئەو کەشتییە بچکۆلانەدا، ئاڵای وڵاتەکەی هەڵدابێ و نوێنەرایەتیی نەتەوەکەی خۆی بکات.

هەر ئەندازە رێژەی ئاڵایان زیاتر دەبوو کە لەسەر مێزەکان هەڵدەدرا و پێکەوە بە چەپڵەڕێزان و هەرا و خۆشی، بە نیشانەی دەستخۆشیکردن لە کابرای هونەرمەند، وێنەیان دەگەڵ دەگرت، بەو ڕادەیەش نیگەرانیی ئێمە زیاتر دەبوو. نەکا ئاڵای کوردستانیان لا نەبێ و لێرە سەرمان بێ کڵاو و مێزەکەمان بێ ئاڵا بمێنێتەوە. نەکا ئاڵای وڵاتی داگیرکەرمان بۆ هەڵدەن و بە عێراقی، ئێرانی یان تورکیاییمان بزانن!

زۆر چوو و کەم چوو، بە هەرحاڵ..
نۆبەکە و کاتە هەستیارەکە گەیشتە ئێمە و دڵەڕاوکێ و دڵەکوتەکەش بەوپەڕی خۆی گەیشت.
کاتێک کابرای هونەرمەند پرسی: ئێوە چ نەتەوە و خەڵکی کام وڵاتن؟ دەگەڵ هەموو نیگەرانی و پەریێشانی کە بە روخساری هەرسێکمانەوە دیار بوو، بە شانازییەوە و بە دەنگی بەرز گوتمان: ئێمە کوردین و کوردستانیین.
کاکی هونەرمەند بە روویەکی گەش و بزەیەکی شیرینی سەرلێوی، لە کاتێکدا دەستی بە نیشانەی تەئید و پەسەندکردن بەرز کردەوە، گەڕایەوە ژووری جامخانەکە و بە ئاڵا جوانەکەی کوردستانەوە هاتەوە لامان.
بە دیتنی ئاڵاکەمان، هەرسێکمان گەشاینەوە و بە چەپڵەڕێزان بەرەو پیری ئاڵاکە چووین و بەسەد دڵ لەباوەشمان گرت.

ئەو کاتە زانیمان ئاڵاکەمان بەر لە ئێمە و شان بە شانی ئاڵای وڵاتانی دنیا، بەسەر رووباری نیلەوە نوێنەرایەتیی ئەو خەبات و تێکۆشانەی خەڵکی تێکۆشەری کورد دەکات کە بە فرمێسک و خوێن، کورد و ئاڵاکەیان بە دنیا ناساندووە و لەناو چەقی رووباری نیل و لە ناوجەرگەی قاهیرەدا، سێ رێبواری سەوداسەری خۆی لەناو خەڵکێکدا بێهیوا ناکا و ئەو شانازییە تایبەتەیان پێ دەبەخشێ کە بڵێن ئەوەتا ئێمەش نەتەوەین و خاوەن ئاڵا و نیشتمانی خۆمانین.
ئێمەش هەین و لە کەس کەمتر نین و وەک باقیی گەلانی دنیا، وڵات و ئاڵای خۆمان هەیە.
سڵاو لە ئاڵای کوردستان و لە خاکی پیرۆزی نیشتمان..