كادیرانی یەكێتی، بۆ گرتنی گەنجانی كورد چاوساغی هێزە سەپێندراوەكانی كەركووكن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كادیرانی یەكێتی، بۆ گرتنی گەنجانی كورد چاوساغی هێزە سەپێندراوەكانی كەركووكن

شەوی ڕابردوو لە گەڕەكی شۆڕیجەی شاری كەركووك، هێزە ئەمنییە سەپێندراوەكان دەستیان بە ڕەشبگیریی گەنجانی كورد كرد و بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەوبارەیەوە ئاشكرای دەكات، ژمارەیەك لە كادیرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جیا لەوە دەستیان لە نانەوەی فیتنە و ئاژاوە كەدا هەبووە، بە فەرمانی حزبەكەیان: ”بە دەمامكەوە“ شوێنی ئەو گەنجانەیان بە هێزە سەپێندراوەكان گوتووە تا دەستگیریان بكەن.

لەمبارەیەوە كاوە ئەحمەد، كارگێڕی لقی كەركووكی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”دیارە خەڵك لە كەركووك بە ئاهەنگێڕان خۆشحاڵیی خۆیان بۆ سەركەوتنی كاندیدانی كورد و لە نێویشیاندا كاندیدانی پارتی دەربڕیوە، بەڵام ئەو حاڵەتی تەقەكردنی نائاساییە، هی ئەوەیە کە كۆمەڵێك خەڵكی غەیرە دەنگدەران و لایەنگرانی پارتی، خۆیان خزاندووەتە نێو ئاهەنگەكانەوە و بابەتەكەیان قۆستووەتەوە و دۆخەكەیان نائارام کردووە و دیاریشە كە کاری چ لایەنێكی سیاسییە و بە ئاشكرا باسمان كردووە کە ئێمە لەگەڵ یاسا و ئارامیداین“.

ڕوونیشی كردەوە: ”ئەو دەستكەوتەی كە كورد لەسەر دەستی پارتی لە كەركووك بەدەستی هێناوە و توانراوە پارێزگاری لە دەنگی كورد بكرێت و ڕێگە نەدرێت ئەو غەدرەی كە هەیە، بەردەوام بێت، تەنیا پارتی بوو كە دەنگیشی بەو یاسایەی هەڵبژاردن نەدا، بەڵام بەو یاسایەشەوە پارتی توانی زیاتر گەشە بكات، چونكە خەڵك لەگەڵ پارتیدایە“.

كارگێڕی لقی كەركووكی پارتی ڕاشیگەیاند: ”گەڕانەوەی نووسینگەیەكی پارتی بە شكۆ و حەماسەوە، نەك گەڕانەوەی بارەگایەكیشی، گوڕوتینێكی باشی بەخشییە خەڵكی كەركووك، بەڵام یەكێتی بەم گەڕانەوەیە و لە گەڕانەوەی ئومێد بۆ خەڵكی كەركووك دەترسێ و هەر بۆیە كارێكی وای كردووە، دەیەوێت بڵێت ئۆباڵی گرتنی خەڵك لە ئەستۆی پارتییە“.

ئەوەشی ئاشكرا كرد كە یەكێتی لە كەركووك شكستی هێناوە و خەڵكی كورد سزایان داوە، لەپای ئەو دۆخەی كە لە ٢٠١٧دا بەسەر كەركووكیاندا هێنا، بۆیە یەكێتی دەیەوێ بەم ئاژاوەیە و تۆمەتباركردنی پارتی لە گرتنی گەنجانی كەركووك، ئابڕووچوونەكەی خۆی كاڵ بكاتەوە.

ئەو بەرپرسەی پارتی لە كەركووك باسیشی لەوە كرد كە هێزە سەپێندراوەكانی شارەكە، ”هاوشێوەی سەردەمی بەعس“ بەبێ فەرمانی دادگا دەستیان بە ڕەشبگیری و هەڵكوتانە سەر ماڵانی كورد كردووە.

كێ گیراوەكانی دەستنیشان كرد؟

كاوە ئەحمەد گوتیشی: ”پرسیارە جددییەكە ئەوەیە كە ئەو گەنجانە چۆن دەستنیشان كراون تاكوو دەستگیر بكرێن؟ كە كوردن و ماڵەكانیان لە گەڕەكە كوردییەكانە و ئەمانە ئەگەر چاوساخ و كەواسووری بەرلەشكریان نەبێت، دەستگیر ناكرێن، چونكە گەنجەكان ناسراو نین و ماڵ بە ماڵ بۆ هێزەكان دەستنیشان كراون، تاكوو دەستگیریان بكەن و ئەوانەش كەسانێكن لە دژەتیرۆر و ئاسایشی یەكێتی کە بە دەمامكەوە ماڵەكان دەستنیشان دەكەن، تاكوو لاوەکان دەستگیر بكرێن، هەڵبەتە ئەوەش بۆ ئەوە دەكەن كە لە قیمەتی ئەو سەركەوتنە كەم بكەنەوە، بەڵام خەیاڵیان خاوە و پارتی لە چەند ئاستێك لەسەر خەتە بۆ چارەسەركردنی ئەو پیشێویانە“.

دەستگیركراوەكان بێتاوانن

هەر لەمبارەیەوە ئەمڕۆ چوارشەممە 13/10/2021، ڕائید سامان ڕەمەزان، ئەفسەری بەشی نەهێشتنی تاوان لە بنكەی پۆلیسی ئازادیی شاری كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: شەوی ڕابردوو، هێزەكانی لیوای 61 لە سنووری گەڕەكی شۆڕیجە 36 گەنجیان دەستگیر كرد و هێنایان بۆ لای ئێمە، گوایە ئەمانە خۆپیشاندانیان كردووە، بەڵام ”ئەو گەنجانە هیچ پەیوەندییەكیان بە خۆپیشاندانەوە نەبووە“.

ڕوونیشی كردەوە: ئەو گەنجانە بەشێكیان سەرقاڵی یاریكردن بوون و بەشێكیشیان لە ماركێت دانیشتوون و تێیاندا هەیە لە چێشتخانە شاگردە، كەچی بە شێوەی هەڕەمەكی ئەو گەنجانەیان دەستگیر كردووە، ئێستا لای ئێمەن و بە مادەی 222 بەند كراون كە موخالەفەیە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دوێنێ سێشەممە ١٢ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢١، شاخەوان عەبدوڵا، كاندیدی سەركەوتووی پارتی لە كەركووك، پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاشكرای كرد: ”سەرکەوتنی پارتی و کورد لە هەڵبژاردنەکانی رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەر، هەندێک لایەنی تووشی شۆک کردووە و لێرە و لەوێ هەوڵی ناشرینکردن و بەربەست دروستکردنن لەبەردەم ئەو سەرکەوتنە، ئەویش لە رێگای خزاندنی هەندێ خەڵکی گێرەشێوێن بۆ نێو ئاهەنگ گێڕان لەسەر شەقامەکان و بوونەتە هۆی دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم هاتوچۆی هاووڵاتیان و تەنانەت پەلاماردانی پۆلیس و موڵكی گشتی و تایبەت“.

هاوكات جەختی كردەوە: ”وێڕای رەتکردنەوەی ئەو جۆرە کردارانە، داوا لە سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان و گەنج و ئاهەنگگێڕان دەکەین، کۆتایی بە ئاهەنگی سەرشەقامەکان و شوێنە گشتییەکان بهێنن“.

ئەو كاندیدە سەركەوتووەی پارتی دووپاتی كردەوە كە ”درێژەدان بەو دۆخە، بە دەستێکی سیاسی دەزانین زیاتر لەوەی رێکارێکی ئەمنی بێت“.

شكستەكەیان پێ قەبوڵ ناكرێ

هەر لەمبارەیەوە دكتۆر كەمال كەركووكی، بەرپرسی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك - گەرمیانی پارتی لە راگەیاندراێكدا ئاشكرای كرد، چه‌ند كه‌سێك لەناو یەکێتی، بەهۆی ئەو شکستەی تووشی بوونە و چەند کورسییەکیان لەدەست دا، بە چەك تەقەیان بەسەر سوپا و ئاھەنگگێڕاندا کردووە، کە بووە ھۆی ئەوەی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی و پۆلیس، بە ناھەق لەگەڵ چەند گەنجێکی دڵسۆز بە دەست و بە قۆناخە تفەنگ ڕووبەرووی یەک ببنەوە، لە ئەنجامدا لە لایەن ژمارەیەکی کەسی کورد وەڵام درانەوە و پاشان سوپا و پۆلیسی ئیتحادی ژمارەیەك کەسی بێتاوانیان لەو گەنجانەیان دەستگیر کرد.

مەسرور بارزانی و مستەفا كازمی قسەی لەبارەوە دەكەن

هەر لەبارەی ئەم بارودۆخە، ئەمڕۆ چوارشەممە 13 ی ئۆکتۆبەری 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی، سەرۆکی حكوومەتی فیدڕاڵ، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا و تێیدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی شاری کەرکووک كرد کە لە دوای سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن، لە لایەن هەندێک کەسەوە، هەوڵی نانەوەی پشێوی درا بە ئامانجی شێواندنی سەرکەوتنی پرۆسەی دەنگدان.

سەرۆکی حکومەت و سەرۆک وەزیران، هاوڕابوون لە سەر ئەوەی نابێت ڕێگە بە هیچ کەس ولایەنێک بدرێت، کە ئاژاوە و پشێوی دروست بكەن و زیان بە دانیشتووان و موڵک و ماڵی گشتی بگات ، بۆیە پێویستە بە زووترین کات، کۆتایی بەو دۆخە ئەمنییە نەخوازراوە بهێنرێت کە لە کەرکووک دروستکراوە.

سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، بڕیاریدا، هەموو دەستگیرکراوەکانی کەرکووک ئازاد بکات.