بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سۆران جێبەجێ‌ دەكرێن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینار چەند پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سۆران جێبەجێ‌ دەكرێن

"بوونی سۆران بە ئیدارەی سەربەخۆ کاریگەریی لەسەر بووژانەوەی ئابووریی سنوورەکە دەبێت"

 قایمقامی قەزای سۆران بە وەكالەت، ڕایگەیاند كردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دیارییەكی گرنگ و پڕ بایەخ بوو و كاریگەریی زۆری لەسەر بووژانەوەی ئابووری و رەخساندنی هەلیكار و چەندین خزمەتگوزاری دیكەی پەیویست بە هاووڵاتییانی سنوورەکە دەبێت.

 مەغدید عەریف ئەحمەد، قایمقامی قەزای سۆران بە وەكالەت، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوای دەستبەکاربوونی هەڵگورد شێخ نەجیب، بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئێستا من بەوەكالەت دەستنیشان كراوم و كاروبارەكانی قایمقامیەتی قەزای سۆران بەڕێوە دەبەم، كە سەنتەری قەزا و هەرسێ‌ شارەدێكانی (دیانا، خەلیفان و سیدەكان) و گوندەكانی سنوورەكە لەخۆ دەگرێت، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە بە هاووڵاتییانی سنوورەكەمان، وەك دیاریشە لە ساڵی 2014 لەگەڵ دروستبوونی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش، بەشێكی زۆری پڕۆژەكان وەستابوون، ئەمەش كاریگەریی لەسەر پێشوەچوونی بواری خزمەتگوزاری لە ناوچەكەماندا هەبوو، بەڵام لە كابینەی نۆیەم و باشتربوونی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان، ئێستا بەشێكی زۆری پڕۆژەكان كاركردنیان دەستی پێكردووەتەوە و چەندین پڕۆژەی نوێی خزمەتگوزاریش لە بواری جێبەجێكردندان".

 ئاشكراشی کرد: "ئەمساڵ لە بودجەی پەرپێدانی پارێزگاری هەولێر، زیاتر لە سێ ملیار دینارمان بۆ تەرخان كراوە و ژمارەیەك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری قەزای سۆران و شارەدێی دیانا و خەلیفان و سیدەكان جێبەجێ‌ دەكرێن، لەوانە بەشێكیان كارەكانیان کۆتاییان پێهاتووە، بۆ نموونە لە شارەدێی خەلیفان كاركردن لە پڕۆژەكانی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر تەواو كراون، لە سەنتەری قەزای سۆران و شارەدێی دیانا و سیدەكان، پڕۆژەكان كەوتوونەتە واری جێبەجێكردنەوە و كاركردنیان تێیاندا بەردەوامە، لە ئایندەیەكی نزیكدا بەپێی ئەو ماوەیەی بۆ ئەم پڕۆژانە تەرخان كراون، كاریان لەسەر دەكرێت و تەواو دەكرێن و دەكەونە خزمەت هاووڵاتییان، جگە لەمانەش چەندین پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە پلان و بەرنامەی حكوومەتدان".

مەغدید عەریف ئەحمەد گوتیشی: "كردنەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەلایەن رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دیارییەكی گرنگ و پڕ بایەخ بوو بۆ هاووڵاتییانی دەڤەری سۆران، چونكە كاریگەریی زۆری بۆ بووژانەوەی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار و چەندین خزمەتگوزاریی دیكەی پەیویست بە خەڵكی ئەم سنوورانە، هەروەها نەمانی رۆتینیات و ئاسانكارییەكی زۆریش بۆ خەڵكی ناوچەكە دروست دەبێت، لەمەودووا بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان روو لە سەنتەری پارێزگای هەولێر نەكەن و لە سۆران كارەكانیان بۆ جێبەجێ‌ بكرێت".

قایمقامی سۆران بە وەکالەت ڕاشیگەیاند: "لەڕێگەی لیژنە پەیوەندیدارەكان و شارەوانییەوە توانراوە تا رادەیەكی باش رێگری لە دیاردەی زێدەڕۆیی بكرێت، هەر كەسێكیش زێدەڕۆیی بكات، كاردانەوەی یاسایی لەگەڵ دەكرێت، جیاوازیش لە نێوان كەسێك ناكرێت و رێگە بە هیچ كەسێك نادرێت زێدەڕۆیی بكات، بەتایبەت لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا رێگری لەو كەسانە كراوە كە پێگەی خۆیان بەكار دەهێنن بۆ زێدەڕۆییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەوڵی رێگە چارەیەكداین، بۆ ئەوەی كێشەی نیشتەجێ‌بوون چارەسەر بكرێت، تا خەڵكانێك پەنا نەبەنە بەر زێدەڕۆییكردن".