كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەنجامە بەراییەکان حەشدی شەعبیی شۆک کردووە

هەڵبژاردن ناکۆکیی توند دەخاتەوە ناو ماڵی عەرەبە شیعەکان

ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، بەهۆی کەمیی دەنگ و کورسییەوە، حەشدی شەعبیی تووشی شۆکێکی گەورە کردووە و ناکۆکیی توندی خستووەتەوە ناو ماڵی عەرەبە شیعەکان. چاودێرێکی سیاسیش کۆمەڵێک هۆکار بۆ ئەو شکستەی حەشدی شەعبی دەهێنێتەوە، کە دیارترینیان پەلاماردانی هەرێمی کوردستان بووە.

فەتح لە 48 کورسییەوە بۆ 14

بەر لە کەمتر لە 24 سەعات، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی بڵاو کردەوە، بەپێی ئەنجامەکان، ژمارەی کورسییەکانی ھاوپەیمانیی فەتح، باڵی سیاسیی حەشدی شەعبی بۆ 14 کورسی دابەزیوە، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی 2018ی رابردوودا ئەو هێزە سیاسییەی پشت حەشدی شەعبی، 48 کورسیی هەبووە.

سەدر لە لوتکە و عەبادی لە دواوە

هاوکات بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کورسییەکانی لایەنە عەرەبە شیعەکانی دیکەی عێراق بەم شێوەیەیە، لیستی موقتەدا سەدر زیاتر لە 73 کورسی، نووری مالیكی 37 کورسی، عەمار حەكیم و عەبادی بەیەکەوە تەنیا چوار کورسی، لەکاتێکدا پێشتر تەنیا حەیدەر عەبادی 42 کورسیی هەبووە. ئەو دەرەنجامەش ناکۆکیی توندی خستووەتەوە ناو ماڵی لایەنە عەرەبە شیعەکان و هەندێ لەو لایەنە شکستخواردووانە دەیانەوێ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، یان یەکتری بە ساختەکاریی هەڵبژاردن تۆمەتبار بکەن.

‎حەشدی شەعبی هەر ئەو شکستەی نەهێناوە

هەر بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکان، لەم هەڵبژاردنەی چەند رۆژی رابردووی پەرلەمانی عێراق، جگە لە لیستی فەتحی حەشدی شەعبی، کە لەلایەن هادی عامری سەرۆکایەتی دەکرێت، هێزەکانی دیکەی حەشدی شەعبی، بە کاندیدەکانی لیستی فەتحەوە، کە زیاتر لە 70 کاندیدی هەبوون، حەشدی شەعبی زیاتر لە 200 كاندیدی دیکەشی لەژێر ناوی 20 گرووپی دیکەی جیاواز هەبووە، بەڵام هیچ کامێک لەو کاندیدانە سەرکەوتوو نەبوون، تەنانەت ئەوانەی لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانی حەشدی شەعبییەوە پشتیوانییان لێ کراوە، تووشی شکستی گەورە هاتوون و دەنگەکانیان بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن.

د.نەوزاد هیتوتی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە گرووپەکانی حەشدی شەعبی، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، ئەو ئەنجامە بەراییانەی لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە راگەیەنراون، برینی ناکۆکییەکانی ناو ماڵی عەرەبە شیعەکانی لە عێراق کولاندووەتەوە، گوتیشی: “ئەنجامەکان ئەوە دەردەخەن، حەشدی شەعبی لەو هەڵبژاردنەدا رووبەڕووی شکستی گەورە بووەتەوە، بەشێوەیەکی گشتیش، هەموو ئەو لایەنانەی خۆیان بۆ بەرەی ئێران یەکلا کردووەتەوە، تووشی شکست هاتوون و کورسییەکانیان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە”.

ئەو چاودێرە گوتیشی: “زۆر هۆکار لەپشت شکستی حەشدی شەعبییەوەن، کە پەیوەندییان بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی 2019 و ئەو دۆخە خراپە ئەمنییەوە هەیە، کە بەهۆی ئەو میلیشیا چەکدارانە لە عێراقدا هەیە، لە پابەندنەبوون بە یاسا، تاوەکو ئەنجامدانی کاری نایاسایی و تۆمەتباربوونیان بە کوشتنی خۆپیشاندەران و بێسەروشوێنکردنیان، هەروەها خراپیی ژیان و بێکاری و نەبوونی ئاو و کارەبا و خۆسەپاندنی ئەو هێزانە لە شارەکانی عێراق”.

ئەو چاودێرە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، هۆکارێکی دیکەش پەیوەندیی بە هێرشی ئەو گرووپانە هەیە لە 16ی ئۆکتۆبەر کردییانە سەر هەرێمی کوردستان، یان پیشاندانی هەرێمی کوردستان بەوەی هۆکاری نەهامەتییەکانی عێراقە، کە ئێستاش دەرکەوتووە بەپێچەوانەیە، ئەوە وایکرد ئەو لایەنانەی حەشدی شەعبی رووبەڕووی سزادانی توندی خەڵکی عێراق ببنەوە، هەروەکو لە هەرێمی کوردستانیش ئەوە دەبینرێ، ئەو کەسانەی خۆیان دابووە پاڵ حەشدی شەعبی و دژایەتیی هەرێمی کوردستانیان دەکرد، تووشی شکستی گەورە هاتوون.

رۆژی 8ی ئەم مانگە دەنگدانی تایبەت و رۆژی 10ی مانگیش دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی پێنجەمین خولی پەرلەمانی عێراق، لە سەعات حەوتی بەیانی دەستی پێکرد و تا شەشی ئێوارە بەردەوام بوو‪.‬

دوای تەواوبوونی هەردوو دەنگدانی (گشتی و تایبەت)، رۆژی سێشەممە 12ی 10ی 2021، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کە پرۆسەکە بەسەرکەوتوویی بەڕێوەچووە و ئەنجامی بەراوردکاریی ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنیی دەنگەکانیش هاوتا بووە.