گەنجێكی سۆران وەك دیارترین گەنجی سەركردە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیاری كرا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

گەنجێكی سۆران وەك دیارترین گەنجی سەركردە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دیاری كرا

گـۆڤاری نێودەڵەتیی (LMA) كوڕە گەنجێكی دانیشتووی سۆرانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەك دیارترین گەنجی سەركردە بۆ ساڵی 2021 دەستنیشان كرد.

محەمەد مەسیح، كوڕە گەنجێكی دانیشتووی شاری سۆران و دەرچووی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی سۆران بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، لەلایەن گۆڤاری نێودەوڵەتیی (LMA) ـوە لەنێو چەندین گەنجی سەركردەی بیانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا وەك دیارترین گەنجی سەركردەی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 دیاری كراوە.

محەمەد مەسیح گوتیشی: ''وەك باسی لێوە دەكرێت، ئەمە یەكەمین جارە گەنجێكی كورد و هاووڵاتیی عێراقی هەڵدەبژێردرێت و لەم گۆڤارەدا بڵاو دەكرێتەوە كە لە چەندین وڵاتی ئەورووپایی و ئەفریقایی و ئەمریكایی كەوتووەتە بەر دیدی خوێنەران، ئەمەش بۆ من شانازییەكی گەورەیە''.

ڕوونیشی کردەوە: ئەو گـۆڤارە لە مانگی 10ی هەموو ساڵێكدا گەنجە دیار و چالاكەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچە جیاوازەكان خەڵات دەكات و بۆ هەر وڵاتێك كەسایەتییەك هەڵدەبژێرن، بـۆ ئەمسـاڵیش لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان لەنێو چەندین گەنجی سەركردە و دیاردا من وەك گەنجێکی سەركردە و هەرە چالاكی ساڵ هەڵبژێردرام''.

محەمەد مەسیح ئاشكراشی کرد: ''هەڵبژاردنم دوای چالاكییە نێودەوڵەتییەكانم دێت كە بە هەردوو شێوازی ئـۆنلاین و ئـۆفلاین چالاكیی بەردەوامم هەیە و لەگەڵ گەنجانی چالاك و كەسایەتی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان پەیوەندی و چالاکیم هەیە''.