كەركووك... هێزە ئەمنییەكان دەیان گەنجی كوردیان دەستگیر كرد
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كەركووك... هێزە ئەمنییەكان دەیان گەنجی كوردیان دەستگیر كرد

"هەر گەنجێك وێنەی ئاڵای پارتی لەناو مۆبایلەكەی هەبێت دەستگیری دەكەن"

ماوەی دوو شەوە دۆخی چەند گەڕەكێكی كوردنشینی كەركووك ئاڵۆزە و ئەمشەو هێزە ئەمنییەكان بازگەی كاتییان لە گەڕەكی شۆریجە داناوە و دەیان گەنجیان دەستگیر كردووە، وەك بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ "لەناو مۆبایلی هەر گەنجێك وێنەی ئاڵای پارتی تێدا بێت، دەستگیری دەكەن یاخود ئەشكەنجەی دەدەن".

موقەدەم فەرهاد دوشیوانی بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی ڕەحیمئاوای شاری كەركووك، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، ئەمشەو سێشەممە دۆخی گەڕەكی رەحیمئاوا باشە، بەڵام لە سنووری گەڕەكی شۆریجە هەندیك گەنج كێشە دروست دەكەن بۆیە دۆخەكە ئێستا لەوێ ئاڵۆزە.

گوتیشی ئەو ئاڵۆزییە نە دەستی پارتی و نەش یەكێتیی و نەش هیچ لایەنێكی تری تێدا نییە، بەڵكو كۆمەلێك گەنج دۆخەكەیان ناخۆش كردووە بۆ ئەوەی دۆخی ناوچە كوردییەكان تێك بدەن.

ئاشكراشی كرد "ئەو گەنجانەی كە دوێنێ شەو لە گەڕەكی رەحیمئاوا لەلایەن سوپاوە دەستگیر كران پاشان ڕادەستی ئێمە كران، هێزەكەی سوپا مۆبایلی ئەو گەنجانەیان دزیبوو و پاشان ئەمڕۆ هەموویانم ئازاد كرد و ئێستاش مەجلس تەحقیقم لەسەر كراوەتەوە".

هاوكات، مەریوان جەلال، كارگێڕی لقی سێ كەركووكی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، هێشتا كۆمەڵێك لەو گەنجانەی كە شەوی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە رەحیمئاوا دەستگیركران ئازاد نەكراون و ئێستا لە گەڕەكەكانی شۆریجە و رەحیمئاوا هێزەكان بازگەی كاتییان داناوە هەر گەنجێك لەناو مۆبایلەكەی ئاڵای كوردستان و پارتی و ئاهەنگەكانی پارتی تێدابێ دەستگیریان دەكەن یان ئازاریان دەدەن.

گوتیشی، ئەو ڕووداوەی كە دوێنێ شەویش لە رەحیمئاوا ڕووی دا، هەندێك گێرەشێوەن لەناو ئاهەنگەكە بوونە و بۆ ئەوەی دۆخەكە بە ئاقارێكی تر ببەن پشێویان دروست كردووە، بۆیە ژووری ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك گەیشتنە شوێنەكە و بڵاوەیان بە خەڵك كرد، بەڵام ئەمەی ئەمشەو جیاوازە.