دەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە بە پەکەکەی گوت: ئیدی بوەستە!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

دەرەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە بە پەکەکەی گوت: ئیدی بوەستە!

 

زۆر لەو کاندید و هێزانەی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عێراق بە دژایەتیی هەرێمی کوردستان لە رابردوو دەنگیان کۆ دەکردەوە، لەم هەڵبژاردنەدا شکستی گەورەیان بەنسیب بوو. سیاسەتوانێکی کوردیش ئاماژە بەوە دەکات، خەڵک بەتەواوی لەو گوتارە پڕ ڕق و کینە و دژانە گەیشت، کە ئەو گرووپانە پێشتر دەنگیان پێ کۆ دەکردەوە، پەکەکەش كە لە دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و بەشێك لە حزبە كوردستانیەكان بەردەوام بوو و لێرەو لەوێ پشتیوانی ئەم حزب و ئەو كاندید دەكرد، پێێ گوترا: ”ئیدی بوەستە“.

پەکەکە و هەڵبژاردنی 2018

لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق، بۆ یەکەمین جار لە هەرێمی کوردستان، PKK لەسەر لیستەکەی شاسوار عەبدلواحید، کاندیدێکی ژنی بە کۆتا بە ناوی (یوسرا رەجەب)، بە سوودوەرگرتن لەو گوتارە توندانەی لە دژی هەرێمی کورستان و مافە دەستووریەكانی خەڵكی كوردستان دەیگوتنەوە، 2643 دەنگی هێنا و چووە پەرلەمانی عێراق، ئەوکات پەکەکە 14 کاندیدی لە پەنای تەڤگەری ئازادی بۆ ئەو هەڵبژاردنە کاندید کردبوو.

پەکەکە و هەڵبژاردنی 2021

پەکەکە له‌م هه‌ڵبژاردنە پێشوەختەی عێراق، کە لە 8 و 10ی10ی2021 بەڕێوە چوو، هەمان کاندیدی لەپەنای ناوی سەربەخۆوە کاندید کردەوە، بەڵام بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ته‌نیا 259 دەنگی هێناوه‌.
چەند کاندیدێکی دیکەیشی لە شنگال و سلێمانی شکستی گەورەیان تووش بوو، کە هەر ئەمڕۆ پەکەکە لە بەیانێکدا دانی پیادا ناوە، کە بە هەموو کاندیدەکانی پەکەکە نەیتوانیوە چەند سەت دەنگێک کۆ بکاتەوە.

گوتاری دژ بە هەرێمی کوردستان!

لەمبارەوە، د.دیندار نەجمان دۆسکی، سیاسەتوانی کورد، بۆ (باسنیوز) ڕایگەیاند، هەر پەکەکە بەتەنیا نا، هەموو ئەوانەی گوتاری دژ بە هەرێمی کوردستانیان هەبوو، شکستیان هێنا، گوتی: “پێشتر ئەو هێزانە لە رێگەی ئەو ڕق و کینە و دژایەتییەوە دەنگیان کۆ دەکردەوە، بەڵام ئیتر خەڵک بەتەواوی لەو گوتارە تێگەیشت، ئەوەش وای کرد نەک هەر پەکەکە، ئەگەر سەیر بکەین لەناو هێزە شیعەکان و لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی پێشتر پەرلەمانتار بوون و ناویان لە خۆیان نابوو سەربەخۆ، گەورەترین شکستیان بەنسیب بوو، خەڵکی هەرێمی کوردستانیش بە پەکەکەی گوت: ”ئیتر بەسە و بوەستە“.

ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوە دا، پەکەکە ساڵانێکە بەو کارانەی، کە بەئاشکرا دەڵێت لە دژی هەرێمی کوردستانین، خەڵکی هەرێمی کوردستانی دووچاری نەهامەتی و ماڵوێرانی کردووە، دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراواندا گرتووە و ناهێڵێت دەستی ئاوەدانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بگاتێ، لەولاشەوە بووەتە هۆکاری تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان و هەر بەوەش نەوەستاوە، دژایەتیی حکوومەت و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات، گوتی: ”لەم هەڵبژاردنەدا خەڵکی هەرێمی کوردستان بە پەکەکە و هەموو ئەوانەی بە دژایەتیی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی سیاسیی خۆیان دەکرد، پێیان گوترا بوەستن و بەسە، ئەو شکستە پەیامێکی روونە بۆیان، بۆ هەموو کاندیدە پەرلەمانتارەکان و پەکەکە و ئەو هێزانەی دووچاری ئەو شکستە گەورەیە بوونەتەوە“.

ئەو چاودێرە سیاسییە، جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر کاندیدە دەرچووەکەی کۆمەڵ و ئەوانەی نەوەی نوێش لەسەر هەمان ڕیتمی ئەوانە بڕۆن، هەمان شکست رووبەڕوویان دەبێتەوە و خەڵکی هەرێمی کوردستان چیتر لێیان قبووڵ ناکات، گوتیشی: “”ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا سەر کەوت، ئیرادەی خەڵک و خەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکە بوو، ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە، کە ئیتر ئەو گوتارانە بەسەر چوون، کە بە دژایەتیی هەرێمی کوردستان و حکوومەت و قەوارەکەی، دەنگ کۆ بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە، بوو بە شکستی گەورە بۆیان“.

پێشبینیی ئەو شکستە کرابوو

پێشتر شێخ شامۆ، پەرلەمانتار و نوێنەری پێشووی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بەر لە رۆژی هەڵبژاردن، سەبارەت بە کاندیدەکانی پەکەکە لە شنگال، بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، پەکەکە زۆر کاندیدی خۆی لەناو حزبەکانی گرێدراوی خۆی و شوێنی دیکەش داناوە، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنێکی دوور لە ساختەکاری بکرێ، ئەوا هیچ کام لە کاندیدەکانی پەکەکە چانسی سەرکەوتنیان بۆ پەرلەمانی عێراق نییە، چونکە ئەوانە بە هیچ شێوەیەک نوێنەرایەتیی ئێزدییەکان ناکەن.