ساڵانە دوو بەشەخۆراكی زیاتر بە هەزاران خێزان دەدرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ساڵانە دوو بەشەخۆراكی زیاتر بە هەزاران خێزان دەدرێت

لیستی ناوەكان ئامادە كراوه

بەرپرسێكی وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی ئاشكرای دەكات، خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان، لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە، دوو بەشەخۆراکی زیاتری ساڵانەیان بۆ دابین بکرێت. بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیش چەند زانیارییەك لەسەر ئەو بابەتە ئاشكرا دەكات.

لە هەولێر 55 هەزار خێزان تۆمار كراون

یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەسەر ئەوە رێك كەتوون، كە بەشەخۆراكی ساڵانەی خێزانە هەژارەكان زیاتر بكرێت و بەراورد بە خێزانەكانی دیکە، دوو بەشەخۆراكی زیاتریان پێ بدرێت".

زیاتر گوتیشی: "وەزارەتی بازرگانی داوای لە ئێمە كرد ئەو لیستەیان بۆ ئامادە بكەین، دوای دوو مانگ لە كاركردن، ناوی 55 هەزار خێزانی كەمدەرامەتمان لە هەولێر ئامادە كردووە و ئەوانە ساڵانە دوو بەشەخۆراكی زیاتریان پێ دەدرێت".

داهاتی تاكەكەسی بنەمای تۆماركردنی ناوەکانیانە

لەبارەی ئەو مەرج و پێوەرانەی بۆ تۆمارکردنەكە پشتیان پێ بەستراوە، یوسف چاوشین ئاشکرای کرد، خێزانەکان لەسەر بنەمای هێڵی هەژاری ناویان دەنووسرێ، گوتیشی: "هەر خێزانێک داهاتی کەم بێت، بەشێوەیەک بۆ هەر ئەندامێکی خێزان کەمتر لە 100 هەزار دینار بێت، بە هەژار لە قەڵەم دەدرێت و ناوی خێزانەکە تۆمار دەکرێت، بۆ نموونە، ئەگەر خێزانێک لە دوو کەس پێکبێت و داهاتی لە 200 هەزار کەمتر بێت، ئەوا بە هەژار ئەژمار دەکرێت، ئەگەر خێزانێک سێ کەس بێ و داهاتی لە 300 هەزار کەمتر بێت، ئەوا بە هەژار دادەنرێت و بە هەمان شێوە ئەگەر خێزانێک چوار کەس بێت و داهاتەکەی کەمتر بێت لە 400 هەزار دینار و بەم شێوەیە تادوایی، واتا ئێمە داهاتی تاكەكەسمان كردووەتە بنەمای كارەكە".

ئاشكراشی كرد، لە پارێزگاكانی دیکەی هەرێمی كوردستانیش ناوی خێزانە كەمدەرامەتەكان تۆمار كراوە و دراوەتەوە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان.

یوسف چاوشین، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو 55 هەزار خێزانە هەموو زانیاریی تەواویان لێ وەرگیراوە و لە كۆمپیوتەریش تۆمار كراوە و دەتوانرێت بۆ زۆر بواری دیکەی هاوكاری و خزمەتكردن، سوود لەو لیستانە وەربگیرێت، ئاستی هەژاریی ئەو كەسانەش دەتواندرێت پۆڵێنبەندی بكرێت".

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر ڕاشیگەیاند، لە تۆمارکردنی ناوەکاندا رەچاوی باری کرێچی و ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن كراوە.

وەزارەتی بازرگانی: ناوەكان پشتڕاست دەكرێنەوە و دەنێردرێنە بەغدا

لای خۆیەوە، نەوزاد شێخ كامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "چاوەڕوانین وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، ناوی هەموو پارێزگاكانمان بۆ رەوانە بكات، دواتر ئێمە ناوی خێزانەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی پسوولەی خۆراك پشتڕاست دەكەینەوە و پاشان بۆ وەزارەتی بازرگانیی عێراقی رەوانە دەكەین".

ئاماژەی بەوەش دا، ئێستا لە بەغدا و پارێزگاكانی دیکەی عێراق مانگانە دوو بەشە ئاردی زیاتر دەدرێتە خێزانە هەژار و كەمدرامەتەكان، گوتیشی: "ئەو بابەتە تەنیا لە هەرێمی كوردستان نییە، ئێمە دوامان كرد هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە، ئەوانیش رەزامەند بوون و داوای لیستی ناوەكانیان كردووە".

ناوی 77 هەزار كەمئەندام لە بەغدایە

ئاشكراشی كرد، لە ماوەی رابردوودا ناوی 77 هەزار كەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەتیان رەوانەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق كردووە، بۆ ئەوەی بەشەخۆراكی زیاتر بەو كەسانە بدرێت

لە ساڵی 2020 دا بەهۆی كۆڕۆنا و كەرەنتینەوه حكوومەتى هەرێمی كوردستان هاوكاری دارایی و چەند بەشەخۆراكێكی بەسەر 150 هەزار خێزان دابەش كرد.