بەرپرسێكی پارتی: دەنگی كاندیدەكانمان لە کەرکووک لەوە زیاترە كە كومسیۆن بڵاوی كردووەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەرپرسێكی پارتی: دەنگی كاندیدەكانمان لە کەرکووک لەوە زیاترە كە كومسیۆن بڵاوی كردووەتەوە

"بەهێزبوونی پارتی، بە واتای گەڕانەوەی شكۆی كوردە لە كەركووك"

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند ئەو حەماسەتەی لە خەڵكی كەركووكمان بینی بۆ دەنگدان بە كاندیدەكانی پارتی، ڕەنگە لە شوێنی تر نەبووبێ و ئەوەشی خستە ڕوو، لە كەركووك دەنگی كاندیدەكانمان لەوە زیاترە كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڵاوی كردووەتەوە.

لەمبارەوە ئەمڕۆ سێشەممە 12/10/2021 دیاری حوسێن، جێگیری سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك-گەرمیانی پارتی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سوپاسی خەڵكی كەركووك دەكەین كە دەنگیان بە كاندیدەكانی پارتی دا و ئێمە دەڵین ئەو دەنگانە بە واتای گەڕانەوەی شكۆی كوردە لە كەركووك و جێگەی دڵخۆشییە بە ڕاستی كە دوو كاندیدمان هەبوو هەردووكیان سەركەوتن، ئێمە درەنگ دەستمان پێکرد و دەرفەتیش هەبوو كە ئامادەکاری بكەین بۆ ئەو هەڵبژاردنە و زیاتر ئەركەكە كەوتە سەر كاندیدەكان خۆیان، هەروەها كارگێڕانی لق و بەرپرسانی ناوچەكانمان و جەماوەرەكەمان".

 گوتیشی: "ئەو حەماسەتەی لە خەڵكی كەركووكمان بینی بۆ دەنگدان بۆ پارتی و لە شوێنەكانی تر مومكینە نەبووبێ، هەروەها كاندیدەكەی گەرمیانیشمان بەهەمان شێوە دەرچووە و ئەنجامێكی باشمان بەدەست هێناوە، قورسایی پارتی بە تایبەت لە كەركووك لەوە زیاترە، بەڵام بە حوكمی ئەوەی كە دوور بووین هەر ئەو دوو كاندیدەمان هەبوو، بێگومان ئەوەش بە هەوڵ و پەیامەكانی سەرۆك بارزانی و خەباتی دوور و درێژی پارتییە كە لەپێناوی كەركووكدا داوامانە و سازشمان لەسەر كوردستانییەتی كەركووك نەكردووە".

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش دا: "كاندیدەكانی ئێمە دەنگی زیاتریان بەدەست هێناوە لەوەی كە كۆمیسیۆن بڵاوی كردووەتەوە، بە حوكمی ئەو هێزە عەسکەرتارییەتەی كە لە كەركووك هەیە كێشە و گرفیان دروست دەكرد بۆ چاودێرەكانی ئێمە، دوور بووین لە بابەتی ژماردن و نەقلكردنی سندووق و هەندێك ڕێكاری تر، تێبینیمان هەیە".

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بڵاوی كردووەتەوە شاخەوان عەبدوڵڵا كاندیدی پارتی لە بازنەی یەكی كەركووك 31 هەزار و 548 دەنگی هێناوە كە یەكەم زۆرترین دەنگی لەسەر كاندیدەكانی تر هێناوە، هەروەها نەجوە كاكەیی كاندیدی پارتی لە بازنەی دووی كەركووك 10 هەزار و 18 دەنگ هێناوە، بەڵام بریكاری كیانە سیاسییەكانی پارتی لە كەركووك ئاشكرای دەكەن كە دەنگی كاندیدەكانی پارتی لەوە زیاترە.