كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

کۆمیسیۆن: 502 هەزار و 773 کەس لە هەولێر دەنگیان دا

 

ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای ڕێژەی بەشداری دەنگدان لە هەولێر 43% بووە.

ئەحمەد مازن سامەڕائی، گوتەبێژی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕێژەی بەشداری دەنگدان لە پارێزگای هەولێر 43% بووە".

ئاشکراشی کرد: "کۆی ژمارەی دەنگدەران ملیۆنێک و 159 هەزار و 750 کەس بووە و 502 هەزار و 773 کەس دەنگیان داوە".

ئەوەشی خستە روو: "ئەمرۆ هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر بە باشترین شێوە بەرێوەچوو، نە خروقات هەبوو نە هێرشكردنە سەر بنكەی دەنگدان، نە شكاندنی ئامێری دەنگدان و نە كێشەی ئەمنییش، كەشوهەوای هەڵبژاردنیش زۆر زۆر باش بوو".

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا: "كارمەندانی كۆمیسیۆن زۆر هەستیان بە ئاسوودەیی كردووە، چونكە هیچ كێشەیەك نەبووە و هیچ فشارێك لەسەر كۆمسیۆن نەبووە".

گوتەبێژی ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان جەختی كردەوە: "ئەوەی بەیانییش روویدا كە هەندێك لە ئامێرەكانی دەنگدان لەكار كەوتبوون، هەمووی چارەسەر كرا، تەنانەت لە دوای نیوەڕۆوە هیچ ئامێرێك لەكار نەكەوت و دەنگدەران بە ئاسوودەیی دەنگی خۆیان داوە".

پێشتر ئەحمەد مازن سامەڕایی، ئەوەی بە (باسنیوز) ڕاگەیاندبوو کە هیچ سەرپێچییەک نییە و هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە و هیچ سکاڵایەکیش بۆ ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆن نەچووە.