بۆ ڕێگری لە تەزویر داوا لە کەرکووکییەکان دەکرێت بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بۆ ڕێگری لە تەزویر داوا لە کەرکووکییەکان دەکرێت بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان

د. کەمال کەرکووکی لە پەیامێکی دەنگیدا کە بۆ (باسنیوز)ی ناردووە، بە ناوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە داوا لە کەرکووکییەکان دەکات بڕۆنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەگەرنا مەترسی هەیە خەڵکانی عەقڵ شۆڤێنی سوود لە فۆڕمەکانی دەنگدان بۆ قازانجی خۆیان وەربگرن.

د. کەمال کەرکووکی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەو تۆمارە دەنگییەدا کە لە ڕێگەی (باسنیوز)ەوە ئاراستەی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، دەڵێت: ”بەشداربوونتان لەم هەڵبژاردنەدا پیرۆزە و مافی خۆتانە بە ئارەزووی خۆتان و ئازادانە دەنگی خۆتان بدەن بەو کەسەی کە باوەڕتان پێیەتی و لە پەرلەمانی عێراق کار بۆ پاراستنی شکۆی کوردستان و نەهێشتی تەعریب و ستەم دەکات''.

د.کەمال کەرکووکی دەشڵێت: "ئەگەر ئێوە نەچن، ئەوە ئەگەر زۆرە کە لە شوێنی ئێوە کەسانی نەشیاو، شۆڤێنی و خاکفرۆش بڕۆن و بەسوودی خۆیان دەنگەکانتان ببەن، بۆیە بە ناوی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانەوە داوا لە ئێوەی دڵسۆز و شار داگیرکراو و تەعریبکراو و جینۆسایدکراو دەکەین، بچن و لەو ماوەیەدا کە ماوە بەشدار بن و دەنگی خۆتان بدەن، بۆ ئەوەی بەو دەنگە پیرۆزەتان هێڵی بەرگری بۆ مافەکانی گەل و نیشتمانەکەمان، کوردستانی خۆشەویست، بەهێزتر بکەن و ڕێگە لە کاری نایاساییش بگرن''.